18 کەسی دیکە لە دۆسیەی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵدا زیندانی کران

ليست هناك تعليقات


لە شەپۆلی دووەمی دەستگیرکردن و دادگەییکردنی تۆمەتبارانی دۆسیەی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵدا 18 تۆمەتباری دیکە زیندانی کران؛ چواری دیکە لەناو ماڵەکانیان دەستبەسەرن و 8 کەسیش بە مەرجی دادوەری ئازاد کران.

دەستگیرکردن و لێپرسینەوە لە تۆمەتبارانی دۆسیەی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ بەردەوامە و بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 30-04-2025 دادگەی سێی ئیستەنبووڵ 18 بەرپرس و کارمەندی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵی خستە زیندان.

دادگە داوای کرد 4 کەسی دیکە لە ماڵەوە بمێننەوە و 8 تۆمەتباری دیکەشی بە مەرجی دادوەری ئازاد کرد.

یەکێک لەو کەسانەی ئازادکراون عارف گورکان ئاڵپای، یاریدەدەری سکرتێری گشتیی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵە.

ئەو 30 تۆمەتبارە لە شەپۆلی دووەمی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی کەیسی تۆمەتبارانی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ دەستگیر کران.

بەرەبەیانی رۆژی 19ی ئاداری 2025، لەسەر راسپاردەی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی ئەوکاتی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ئیستەنبووڵەوە دەستگیر کرا.

ئیمامئۆغڵو لەلایەن پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)وە بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا دەستنیشان کراوە.

حکومەتی تورکیا ئەکرەم ئیمامئۆغڵو و بەرپرسانی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ بە گەندەڵی تۆماتبار دەکات. بەڵام جەهەپە ئەوە رەتدەکاتەوە و بڕیارەکە بە سیاسی ناودەبات.

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif