بەرپرسانی پاکستان دەڵێن، "زانیاریی باوەڕپێکراو"یان هەیە کە هیندستان پلانی داناوە لە ماوەیەکی نزیکدا هێرشیان بکاتەسەر. هەروەها بەرپرسانی ئەو وڵاتە بەڵێن دەدەن، ئەگەر هێرشیان بکرێتە سەر، "وەڵامێکی یەکلاکەرەوە" دەدەنەوە.
رۆژی چوارشەممە، 30ـی نیسانی 2025، عەتائوڵڵا تارار، وەزیری راگەیاندنی هیندستان رایگەیاند، "پاکستان زانیاریی باوەڕپێکراوی هەیە کە هیندستان دەیەوێت رووداوەکەی پەگلهام وەکو بیانوویەکی ناڕاست بەکاربهێنێت و لە ماوەی 24 بۆ 36 کاژێری داهاتوودا هێرشێکی سەربازی بکات."
پەهلگام نێوەندێکی گەشتیارییە لە کشمیر و لەلایەن هیندستانەوە بەڕێوەدەبرێت، رۆژی 22ـی نیسان لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداریدا بۆ سەر ئەو ناوچەیە 26 کەس کوژران؛ هیندستان دەستی تۆمەتی بۆ پاکستان درێژکرد.
لێدوانەکەی عەتائوڵڵا تارار دوای ئەوە هات کە نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان رۆژی پێشتر کۆبوونەوەیەکی داخراوی لەگەڵ بەرپرسانی سوپا ئەنجامدا و سوپای سەرپشک کرد لەوەی لە کشمیر ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بکەن.
وەزیری راگەیاندنی پاکستان دەڵێت، "وەڵامی هەر دەستدرێژییەک دەدرێتەوە. هیندستان بەرپرسیارێتی هەر ئەنجامێکی لە ناوچەکە دەکەوێتە سەر شان."
رۆژی سێشەممە، سوپای هیندستان رایگەیاند، لە ناوچە سنوورییەکانی کشمیر لەگەڵ سوپای پاکستان تەقەیان لە یەکدی کردووە.
سوپای پاکستان تەقەکردنەکەی پشتڕاست نەکردەوە، بەڵام رادیۆی ئیسلامئاباد کە سەر حکومەتی پاکستانە رایگەیاند، درۆنێکی هیندستانیان خستووەتە خوارەوە کە ئاسمانی پاکستانی بەزاندبوو.
دروستبوونی ئەو دۆخە لە کاتێکدایە، وڵاتانی جیهان، لە چینی دراوسێوە تاوەکو ئەمریکا، نیگەرانیی خۆیان دەردەبڕن و داوا لە دوو دراوسێ خاوەن چەکی ئەتۆمییەکە دەکەن دان بەخۆیاندا بگرن.
کشمیر لە ساڵی 1947وە لەنێوان هیندستان و پاکستانەوە دابەشکراوە. لەو کاتەوە کشمیرییەکانی هیندستان تێدەکۆشن بۆ جیابوونەوە لە هیندستان و یەکگرتنەوە لەگەڵ کشمیرییەکانی پاکستان. هیندستان نزیکەی 500 هەزار سەربازی بە هەمیشەیی لە کشمیر جێگیرکردووە.
کشمیر، هەرێمێکی دەوڵەمەند بە کانزا و دیمەنی جوانی سرووشت، لە ساڵی 1947ـەوە لەنێوان هیندستان و پاکستان دابەشکراوە. هیندستان 55٪ـی ئەو هەرێمەی لەژێر دەستە، هەرچی پاکستانە 30٪ی کۆنترۆڵ کردووە.
پاکستان داوای کردووە چارەنووسی کشمیر لە رێگەی گشتپرسییەکی تایبەت لە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە چارەسەر بکرێت و رێگە بە خەڵکی هەرێمەکە بدرێت دەنگ بدەن.
کاردانەوەی هیندستان بەرامبەر بەو هێرشە تووند بوو، داخستنی دەروازەی سەرەکیی نێوان هەردوو وڵات، راگرتنی پێدانی ڤیزە بە پاکستانییەکان، دەرکردنی نوێنەری سەربازیی پاکستان، لەگەڵ راگرتنی رێککەوتنامەی سەرچاوە ئاوییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق