دۆخی خانووبەرە لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەرەو کوێ؟

ليست هناك تعليقات


دۆخی بازاڕی خانووبەرە بەگوێرەی پارێزگاکان جیاوازە. رووداو بەدواداچوونی وردی بۆ ئەو بابەتە کردووە و خاڵی بەهێز و لاوازی بازاڕەکە لە هەولێر، دهۆک، سلێمانی، هەڵەبجە، موسڵ و بەغدا دەخاتەڕوو.

هەولێر لە لووتکەدایە و دهۆک لەوپەڕی لاوازیدایە؛ کێرڤی بازاڕی کەرکووکیش لە بەرزبوونەوەی بەردەوامدایە.

خاوەن نووسینگەکانی خانووبەرە لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەش پێشبینیی داهاتوویەکی باش بۆ بازاڕەکەیان دەکەن.

هەرچی بازاڕی بەغدا و موسڵیشە بوونەتە قوربانیی بڕیارێکی بانکی ناوەندی. بەپێی بڕیارەکە، هەر کەسێک خانوو یان زەوی بە سەرووی 100 ملیۆن دینار بکڕێت، دەبێت رێکارەکانی پێدانی ئەو پارەیە لە رێگەی بانکەکانەوە بێت.

لە هەولێر بازاڕی خانووبەرە پڕ جموجووڵە و لە دهۆک لاوازبووە

بازاڕی زەوی و خانوو لە دهۆک لاواز بووە. خاوەن نووسینگەکان دەڵێن، لە هەندێک گەڕەکدا مانگانە یەک گرێبەستیش ناکرێت.

سەگڤان مستەفا، خاوەن نوسینگەی خانووبەرەیە لە دهۆک،بە میدیاکانی گوتوە، "سوپاس بۆ خوا ئێمە کرێی دووکانەکەمان دەردێنینەوە، لە ئاستی رەزامەندیی ئێمە نییە، چونکە پێش ئێستا لە هەر مانگێکدا، سێ تاوەکو چوار گرێبەستمان دەکرد، بەڵام ئێستا یەک دوو مانگی دەوێت تاوەکو گرێبەستێکمان دەست دەکەوێت."

مەجید تاهیر، ئەویش خاوەن نووسینگەی خانووبەرەیە، بە میدیاکانی گوتوە "دوای ئەوەی رەوشی موسڵ باشبوو و خەڵکی گەڕانەوە شارەکەیان، بازاڕی موسڵ گران بوو و دهۆک هەرزان بوو، ئەمە هۆکارێکی سەرەکییە، پێش ئێستا زۆر بەڵێندەر هەبوون لە دهۆک کاریان دەکرد و قازانجیان دەکرد و پارەیان دەهێنایە بازاڕەوە، بەڵام ئێستا ئەوانەش نەماون."

حکومەت بڕیاریداوە، باجی سەر زەوی و خانوو لە 3٪ـەوە بۆ 1٪ کەم بکاتەوە، بەڵام خاوەن نووسینگەکان دەڵێن، حکومەت لە جیاتی ئەوەدا رسوماتی تاپۆکردنی زەوی بەرز کردووەتەوە.

عەبدولعەزیز سەعدوون، سەرۆکی کۆمەڵەی خانووبەرەیە لە دهۆک بە میدیاکانی گوتوە "باج و رسوماتی زەوی لەسەر خەمڵاندنی پارچەزەوی وەردەگیرێت، کاتێک خەمڵاندن زیاد بێت باج و رسوماتیش زیاد دەبێت، ئێمە کێشەیەکمان هەیە کە باج لە دوای تاپۆکردن وەردەگیرێت، واتا لە چ ساڵێک تاپۆی کردووە، ئەگەر کەسێک پارچە زەوییەکی 200 مەتری هەبێت هەر ساڵی ملیۆنێکی وەک باج دەچێتەسەر."

بەڵام لە هەولێر بە پێچەوانەی دهۆکە، لە هەولێر بازاڕ گەرموگوڕترە و نرخیشی گرانتر بووە.

محەممەد شوکر، خاوەن نووسینگەی خانووبەرەیە لە هەولێر و دەڵێت، "لە دوای ساڵی نوێی 2025، کێرڤی زەوی لە هەولێر لە بەرزبوونەوە بوو، ئەگەر کەسێک لە 8ـی حەسارۆک بە 250 وەرەقە زەوی کڕیبێت، ئێستا 300 بۆ 350 وەرەقە دەکات."

رێمان رەشۆ، ئەویش خاوەن نووسینگەی خانووبەرەیە، گوتی، "پێشتر خواست لەسەر ئەو زەوییانە بوو کە خزمەتگوزارییان هەبوو، بەڵام ئێستا کە ئەو پڕۆژە فریاگوزارییەی ئاوی هەولێر دەستپێکراوە، لە هەموو شوێنێک خواست هەیە، تەنانەت ئەگەر خزمەتگوزاریشی نەبێت."

لە دهۆک نرخی پارچەزەوی لەنێوان 4000 دۆلار بۆ 200 مەتر تاوەکو 10 هەزار دۆلارە بۆ یەک مەتر، نرخی خانووش لە نێوان 30 هەزار دۆلار بۆ یەک ملیۆن دۆلاردایە.

بازاڕی خانووبەرەی سلێمانی و هەڵەبجە چاوەڕێی داهاتووی گەشن

ساڵ بە ساڵ باڵەخانە و شوقەی نوێ لە سلێمانی بەرزدەبنەوە، نزیکەی 100 پڕۆژەی نیشتەجێبوون لە سلێمانی هەن، هەندێکیان هێشتا کارکردن تێیاندا بەردەوامە و نزیکەی 90 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون پێکدێنن.

کۆمپانیا و نووسینگەکانی کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە، پێیانوایە داهاتوویەکی گەش چاوەڕێیە و فرۆش زیاد دەکات.

دابین رزگار، خاوەن کۆمپانیای کڕین و فرۆشتنی خانووبەرەیە لە سلێمانی،بە میدیاکانی گوتوە "دۆخی کەرتی خانووبەرە بەراورد بە ساڵی رابردوو، هەندێک لە نرخەکان دابەزیون بەتایبەت ئەو پڕۆژانەی تەواونەبوون، ساڵی رابردوو خەڵک کڕیویەتی و ئەم ساڵ کە تەواونەبووە نرخەکانی دابەزیوە، لە هەمانکاتدا پڕۆژەش هەیە نرخی بەرزبووەتەوە، چونکە کارکردن تێیدا خێرایە."

دابین رزگار گوتیشی، "بە گشتی بازاڕی ئێستا بەراورد بە چەند مانگی رابردوو زیاترە و چاوەڕێین جوڵە زیاتر ببێت لە مانگەکانی داهاتوودا، بەهۆی پێکهێنانی حکومەت و خانەنشینبوونی مووچەخۆران و وەرگرتنی چەند مووچەیەک بەسەریەکەوە."

بەپێی دوایین راپۆرتی سەرژمێریی گشتی لە ساڵی 2024، 94٪ـی دانیشتووانی سلێمانی و هەڵەبجە لەنێو خانوودا نیشتەجێن، کە 72٪ـیان خاوەن موڵکن یان لەلایەن خێزانەوە بێبەرامبەر پێیاندراوە و تێیدا دەژین.

هەڵەبجە پارێزگا نوێیەکەی عێراق، پێچەوانەی سلێمانی هێشتا ئاسۆییە، زیابوونی خزمەتگوزارییەکان و بەپارێزگابوون کاریگەری لەسەر نرخ و فرۆشی خانوو و زەوی نێو گەڕەکەکان بووە.

وەرزێر عەبدولڕەحمان، خاوەنی نووسینگەی خانووبەرەیە لە هەڵەبجە و بە میدیاکانی گوتوە "گەشبینین نرخی خانووبەرە بەرزببێتەوە، بەهۆی دروستکردنی پڕۆژەی تووەقوت و تەنگی سەیدمحەممەد و چەند پڕۆژەیەکی دیکە، هەروەها بە پارێزگابوونی هەڵەبجە."

سەقامگیریی ئابووری، سیاسی، ئەمنی و خزمەتگوزارییەکان کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر نرخ و فرۆشی یەکە نیشتەجێبوونەکان لەنێو پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و گەڕەکەکانیش دەبێت.

کەرکووک؛ نرخی خانوو و زەوی بەردەوام بەرز دەبێتەوە

نرخی زەوی و خانوو لە کەرکووک تادێت بەرز دەبێتەوە، ئەگەر شوێنەکەی بازرگانی بێت نرخەکەی زۆر بەرزترە، شەقامی قودس خواستی زۆری بازرگانی لەسەرە، تەنانەت خانووە کۆنەکانیشی نرخیان بەرز بووەتەوە.

لە رووی کڕین و فرۆشتنی زەوی و خانوو کەرکووک دابەشی سەر سێ زۆن بووە.

یەکەم؛ رێگەی بەغدا گرانترینە، دووەم؛ گەڕەکەکانی شۆرجە، تەپە و ئەڵماس نرخەکەیان مام ناوەندە. سێیەم؛ شۆراو نرخی کەمە، بەڵام کڕین و فرۆشتنی زۆری تێدایە و نرخی بەردەوام روو لەبەرزبوونەوەیە، لە ماوەی ساڵێکدا نرخەکەی دوو هێندەی چووەتە سەر.

شیڤان میران، خاوەن نووسینگەی خانووبەرەیە لە کەرکووک و دەڵێت، "پێش ساڵێک گەڕەکی شۆراو وەک بیابان بوو، لە ماوەی ساڵێکدا ئاوەدانییەکی زۆری بەخۆیەوە بینی، بۆنموونە زەوییەک بە 24 ملیۆن دەفرۆشرا، لە ماوەی یەک ساڵدا گەیشتە 50 ملیۆن، کەمێک لەولاتریەوە 40 ملیۆن، واتا 25 بۆ 30 ملیۆنی هاتووەتەسەر."

زیادبوونی جموجۆڵی کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە، لە پڕۆژە و یەکەکانی نیشتەجێبوونیش لە کەرکووک بەدی دەکرێت.

هەرچەندە نرخی یەکە کۆنەکان لای کۆمپانیاکان وەک پێشترە، بەڵام لەدەستی دوو نزیکەی لە 40% زیادی کردووە. ئەمەش وایکردووە کۆمپانیاکانی ئەو بوارە داوای مۆڵەتی دروستکردنی یەکەی زیاتر بکەن.

خواستەکە زیاتر لەسەر خانوو ڤێلایە، پێچەوانەی شارەکانی دیکەی باشووری کوردستان، لە کەرکووک کەمترین خواست لەسەر یەکەی باڵەخانەیە.

ئەرشەد جەلال، بەرپرسی بەشی فرۆشتن لە یەکەی نیشتەجێبوونی سۆما سیتی بە میدیاکانی گوتوە "لە هەولێر و کوردستان بەگشتی خەڵکی زیاتر ئارەزووی رووبەری بچووک دەکات، بەڵام تاوەکو بەرەو باشوور بێین خەڵک حەزی لە رووبەری گەورەیە، ئەوە رۆڵێکی گەورەی هەیە کە باڵەخانە خواستی لەسەر نییە، خواست زۆر زۆربووە و نرخیش بەرز دەبێتەوە، خستنەڕوو چەند زیادبێت نرخ کەم دەبێتەوە، بەراورد بە کوردستان خستنەڕوو زۆرە، باشوور خستنەڕووی کەمە."

سەقامگیریی ئەمنی و سیاسی لەلایەک و گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوە لەلایەکی دیکە، هۆکارن بۆ جموجۆڵی باشی کڕین و فرۆشتنی خانوو زەوی.

بانکی ناوەندیی عێراق، بازاڕی کڕین و فرۆشتنی زەوی و خانووی لە پایتەخت لاوازکردووە

بڕیارێکی بانکی ناوەندیی عێراق، بازاری کڕین و فرۆشتنی زەوی و خانوو لەبەغدا لاواز دەکات. بەپێی بڕیارەکە هەر کەسێک خانوو یان زەوی بە نرخی سەرووی 100 ملیۆن دینار بکڕێت، دەبێت رێکارەکانی پێدانی ئەو پارەیە لە رێگەی بانکەکانەوە بێت، ئەمە خەڵکی لە کڕین و فرۆشتن بە زەوی و خانووەکانیان ساردکردووەتەوە و لە فەوتانی پارەکانیان دەترسن.

عەلی جبووری، خاوەنی نوسینگەی خانووبەرەیە کە لە بەغدا بە میدیاکانی گوتوە "کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە بەتەواوی وەستاوە، ئەویش بەهۆی ئەو رێوشوێنە نوێیانەیە کە لەبانکی ناوەندیی عێراقەوە دەرچوون، زۆربەی خەڵک ترسیان هەیە نازانن کە پارەکانیان چی بەسەردێت، ئاساییە تۆ دوای رۆژێک یان دوو رۆژ پارەکەت لە بانک وەرگری، بەڵام دوای چوار بۆ پێخ مانگ ئینجا دەتوانی پارەکەت وەرگریتەوە، لەوانەیە پارەکەت هەر وەرنەگریت بۆیە خەڵک زۆر دەترسن، وای لێهاتووە خەڵک زۆربەیان نە خانوو زەوی بکڕن نە بیفرۆشن."

لەلایەکی دیکەوە لە بەغدا بازاری شوقە گەرم بووە، زیاتر لە 70 پرۆژەی نیشتەجێبوون کە سەرجەمیان شوقەن ئێستا کاریان تێدا دەکرێت، ئەو پرۆژانەی لەلایەن وەبەرهێنەرانی کوردەوە دەکرێن زۆرترین خواست و چاویان لەسەرە."

مونتەزر مەهدی، بەڕێوبەری فرۆشتنە لە پرۆژەی گاردن ستی بەغدابە میدیاکانی گوتوە "ئێستا دۆخەکە زۆر لەبار و گونجاوە، ئەمە وایکردووە زۆرێک لە وەبەرهێنەران و سەرمایەداران لە هەرێمی کوردستانەوە رابکێشێت بۆ کارکردن لە بەغدا."

مونتەزر مەهدی دەشڵێت، "وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان خاوەنی ئەزموونێکی زۆرباشن لەبواری دروستکردنی باڵەخانە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی هەرێمی کوردستان خاوەنی گەورترین ئەزموونە لە عێراق، بەتایبەتی پرۆژەی باڵەخانە و ستوونی و نیشتەجێبوون سەرەتا لە هەرێمی کوردستانەوە دەستیانپێکرد."

نرخى خانووبەرە لە بەغدا لە نرخى خانووبەرەى ئەو وڵاتانەش بەرزترە کە سەرجەم هۆکارەکانى ژیان و خۆشگوزەرانیان تێدا فەراهەمەکراوە، بەجۆرێک خەونى کڕینى خانوو بۆ چینە هەژار و ناوەندەکان بووەتە کارێکى مەحاڵ، بەتایبەت گەڕەکەکانی مەنسوڕ، یەرمووک و قادسیە گرانترین نرخیان هەن، زەوی بازرگانیش بەجۆرێک نرخیان بەرز بووەتەوە، لەهەندێک شوێن یەک مەتر بە سەرووی 10 هەزار دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.

خانووبەرەی موسڵیش قوربانییەکی دیکەی بڕیارەکەی بانکی ناوەندییە

کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە لە 100 ملیۆن دینار زیاتر تەنیا لە رێگەی هەژماری بانکییەوە دەکرێت، پارەدان بە کاش تەنیا بۆ ئەو خانووبەرانەیە کە نرخیان لە خوار 100 ملیۆن دینارە.

ئەو بڕیارە بانکی ناوەندیی عێراق دەریکردووە، بۆ دیاریکردنی سەرچاوەی پارەکە بە ئامانجی رێگریکردن لە سپیکردنەوەی پارە لە بواری خانووبەرەدا، ئەمەش کاریگەری کردووەتە سەر بازاڕی خانووبەرە لە موسڵ و 90٪ـی خانووبەرەی شارەکە لە سەروو 100 ملیۆندان،

خەلدوون موعتەسەم، خاوەن نووسینگەیەکی خانووبەرەیە لە موسڵ، ئەو بە میدیاکانی گوتوە "ئەمە رۆتینێکی خراپە و سەرئێشەی بۆ کڕیار دروست کردووە، ناچاری دەکات کە سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی باج، تاپۆ و بانک."

پێشتر هەر خانوویەک بەهاکەی بگەیشتبایە بە 500 ملیۆن دیناریش، پێویستی بە رێکاری بانکی نەبوو، بەڵام ئێستا بانکی ناوەندی ئەو نرخەی کردووەتە 100 ملیۆن دینار.


رائید عەبدولوەهاب، پارێزەرە و لەوبارەیەوە بە میدیاکانی گوتوە، "خەڵک دەترسێت ئەگەر ئەو پارەیە لە بانک دابنێت، دەبێت چەندین رۆژ تێپەڕێت تاوەکو رەزامەندی ئەوە وەردەگرن کە ئەو پارەیەی لە کوێ هێناوە، ئەمەش هێندە ئاسان نییە بۆ راکێشانەوەی پارەکە، ئەمەش بووەتە هۆکاری وەستانی بازاڕی خانووبەرە."

 


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif