گوتەبێژی کۆشکی سپی رایدەگەیێنێت، سەرۆکی ئەمریکا مانگی داهاتوو سەردانی سێ وڵاتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات.
کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە واشنتن گوتی، "لە رۆژی 13 تاوەکو 16ـی ئایار، ئەو [ترەمپ] سەردانی سعودیە، قەتەر و ئیماراتی عەرەبی دەکات."
گوتەبێژەکەی کۆشکی سپی گوتی، "سەرۆک هەوڵدەدات پەیوەندیی لەگەڵ ئەو وڵاتانەی سەردانییان دەکات، بەهێز بکات." ئاماژەی بەوەش کرد، ترەمپ "ژمارەیەک کۆبوونەوە و گفتوگۆی دووقۆڵی ئەنجام دەدات."
سەردانەکە دەبێتە یەکەمین سەردانی ترەمپ لە خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەدا بۆ ناوچەکە. هەرچەندە لە خشتەی سەردانەکەیدا ئاماژە بە هیچ وڵاتێکی دیکە نەکراوە، بەڵام کۆشکی سپی دەڵێت، دەکرێت سەردانی وڵاتانی دیکەش بکات.
بڕیاربوو سعودیە یەکەم وڵات بێت ترەمپ دوای دەستبەکاربوونی سەردانی بکات، بەڵام دوێنێ رایگەیاند کۆتایی ئەم هەفتەیە بۆ بەشداریکردن لە پرسەی پاپا فرانسیس، سەردانی رۆما دەکات.
ترەمپ لە ئاداری ئەمساڵدا رایگەیاند، لە سەردانەکەیدا بۆ سعودیە رێککەوتنێک واژۆ دەکات بۆ ئەوەی سعودیە بەبڕی یەک تریلیۆن دۆلار وەبەرهێنان لە ئەمریکادا بکات. ئاماژەی بەوەش کرد، دەکرێت رێککەوتنی هاوشێوە لەگەڵ قەتەر و ئیماراتیش واژۆ بکات.
چاوەڕوان دەکرێت ترەمپ لە سەردانەکەیدا گفتوگۆ لەبارەی پێناسە گومرگییەکان بکات و جەنگی نێوان غەززە و ئیسرائیلیش تاوتوێ بکرێن.
ترەمپ لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بەڵێنیدا ئاشتی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست فەراهەم بکات و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ چالاکانە سەرقاڵی گفتوگۆکانی ئاگربەستە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق