ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق رایگەیاند، جێبەجێکردنى یاسای لێبووردنى گشتى، زیاتر لە پێنج ملیار دینار و نیو ملیۆن دۆلارى گەڕاندووەتەوە. بە گوتەى ئەندامێکى پەرلەمان، ئەو پارانە لە دۆسیەکانى گەندەڵی بۆ ئازادکردنى سزادراوان گەڕێندراونەتەوە.
ئەو ئەنجوومەنە لە راگەیێندراوێکدا وردەکاریى ئەو پارانەى بڵاوکردەوە کە بەهۆى جێبەجێکردنى یاساى لێبووردنى گشتى تاوەکو ئەمڕۆ یەکشەممە 20ـى نیسانى 2025، گەڕێندراونەتەوە.
بڕی ئەو پارەیەى بە دینار گەڕێندراوەتەوە، پێنج ملیار و 888 ملیۆن و 363 هەزار و 608 دینار بووە، بڕى ئەو پارەیەش بە دۆلار گەڕێندراوەتەوە 619 هەزار و 470 دۆلار (910,665,000 دینار) بووە کە پێکەوە زیاتر لە شەش ملیار و 799 ملیۆن دینار دەکات.
سۆران عومەر، ئەندامى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند: "ئەو بڕە پارەیەى باس کراوە ئەوانەن کە لە سزادراوانى گەندەڵى وەرگیراون، بۆ ئەوەى لێبووردنى گشتى بیانگرێتەوە و ئەوانەن کە موڵک و ماڵى دەوڵەتیان بردووە.
بە گوێرەى یاسای لێبووردنى گشتى کە لە 17ـى شوباتى 2025ـەوە چووە وارى جێبەجێکردنەوە، ئەو کەسانەى بەتۆمەتى گەندەڵى و بردن و بەفیڕۆدانى ماڵى گشتى سزا دراون، دواى پاکتاوکردنى ئەوەى لە ئەستۆیانە، یاساکە دەیانگرێتەوە و ئازاد دەکرێن.
سۆران عومەر گوتى: "لە یاساکەدا باس لە پاکتاوکردن کراوە نەک گەڕانەوە، ئەوە دەرفەتى داوە بەوەى کە سزادراوەکە سەرجەم ئەو پارەیە نەگەڕێنێتەوە کە بردوویەتى بۆ ئەوەى ئازاد بکرێت، بەناوى پاکتاوەوە تەنیا بەشێکى لێ وەردەگیرێتەوە نەک هەموو پارەکە".
ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق رایگەیاندووە کە جگە لە دۆلار و دینار، 770 ملیۆن بە دراوى دیکە گەڕێنراونەتەوە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق