حکومەتی عێراق لە بارەی گەنمی جوتیارانەوە بڕیاریدا

ليست هناك تعليقات




ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیاریدا هەموو گەنمی جووتیاران وەربگرێت. ئەندامێکی لیژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، بڕیارەکە گرفتی جووتیارانی چارەسەر کرد.

بە گوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە، 22ی نیسانی 2025، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا، هەموو گەنمی جووتیاران وەربگرێت، زەوییەکانی دەرەوەی پلانی کشتوکاڵ بە هەمان شێوەی زەوییەکانی نێو پلانی کشتوکاڵی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت لە رووی ماف و شایستەکانەوە.

لە چەند رۆژی رابردوودا لە ژمارەیەک پارێزگای ناوەڕاست و باشووری عێراق جووتیاران خۆپێشانیان کرد، داوایان کرد گەنمی دەرەوەی پلانی کشتوکاڵ وەربگیرێت.

سائیر عەبدولکەریم جبووری، ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری و زۆنگاوەکان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "پێشوازی لەو بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەکەین، کە بەشێوەیەکی زانستی و ئابوورییانە بڕیارەکەیان داوە، گرفتی جووتیارانی چارەسەرکرد".

ئەندامەکەی لیژنەی کشتوکاڵ گوتی، چەند رۆژێک لەمەوبەر جووتیارانی ژمارەیەک پارێزگا خۆپێشاندانیان کرد، دوای ئەوەی گوێبیستی ئەوەبوون کە هەموو گەنمەکانیان بە نرخی فەرمی وەرناگیرێت.

سائیر جبووری جەختی لەوە کردەوە، بڕیارەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران، هەموو پارێزگاکان دەگرێتەوە بەبێ جیاوازی، نەک ئەو پارێزگایانەی کە خۆپێشاندانیان کردبوو.

خۆپێشاندانی جووتیاران دوای ئەوەهات، کە هەواڵی ئەوە بڵاوبووەوە، تۆنێک گەنمی دەرەوەی پلانی کشتوکاڵ بە 450 هەزار دینار وەردەگیرێت، لەکاتێکدا نرخی فەرمی ئەوانەی لەنێو پلانی کشتوکاڵی دان، بە 850 هەزار دینار وەردەگیرێت.

لە خۆپێشاندانی دوێنێ پارێزگای واست گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان جووتیاران و هێزە ئەمنییەکان دروست بوو.

بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، کە لە تشرینی یەکەمی 2024 دای سەبارەت بە نرخی وەرگرتنی گەنم لە جووتیاران، جیاوازی دەکات لە نێوان ئەو گەنمەی کە بەپێی پلانی حکومەت چێنراوە و ئەوەی کە لە دەرەوەی پلان چێنراوە، هەروەها جیاوازی دەکات بەپێی شێوازی ئاودان:

یەکەم: گەنمێک کە لە چوارچێوەی پلانی کشتوکاڵی حکومەتدایە (واتە حکومەت هانی داوە و پاڵپشتی دەکات):

- ئەگەر بە شێوازی ئاودانی نوێ (وەکو ئاودانی دڵۆپاندن، یان پرژاندن) بەرهەم هاتبێت: حکومەت هەر تۆنێکی بە 850 هەزار دینار لێ دەکڕێتەوە. (ئەمە بەرزترین نرخە، چونکە هانی شێوازی نوێی ئاودان دەدات کە ئاو کەمتر بەکاردەهێنێت).

- ئەگەر بە شێوازی ئاودانی کلاسیک (کۆن) بەرهەم هاتبێت: حکومەت هەر تۆنێکی بە 800 هەزار دینار لێ دەکڕێتەوە. (ئەمەش نرخی پاڵپشتیکراوە، بەڵام کەمێک کەمترە لە هی شێوازی نوێ).

دووەم: گەنمێک کە لە دەرەوەی پلانی کشتوکاڵی حکومەت چێنراوە (واتە جووتیارەکە خۆی بڕیاری داوە بیڕوێنێت بەبێ ئەوەی لە پلانی وەزارەت دا بێت)"

- حکومەت هێشتا ئەم گەنمەش لە جووتیاران وەردەگرێت، بەڵام بە نرخی بازاڕی جیهانی، نەک بەو نرخە بەرزەی کە پاڵپشتی دارایی حکومەتی لەسەرە.

 

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif