وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ ئەمریکا دەڵێت، "جیاوازی لەنێوان هەردوو لایەن لەسەر پرسەکان و وردەکارییەکان هەن، بەڵام ئەم کۆبوونەوە زۆر جیدی تر بوو."
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی کارنامەی کۆبوونەوەکانی نێوانیان باسی لەوە کرد، "بە هیچ شێوەیەک کارنامەی کۆبوونەوەکان ناگۆڕدرێن، تەنیا باسی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران دەکرێ و هیچ بابەتێکی دیکە قبووڵ ناکەین."
عێراقچی لەبارەی کاتی کۆبوونەوەی داهاتوویان لەگەڵ ئەمریکا ئاشکرای کرد، رەنگە رۆژی شەممەی داهاتوو جارێکی دیکە لەگەڵ شاندی دانوستاندنکاری ئەمریکا کۆببنەوە.
لەبارەی شوێنی کۆبوونەوەی داهاتووش، وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی، عومان شوێنەکە دیاری دەکات.
سەعید بەدر، وەزیری دەرەوەی عومان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، هەفتەی داهاتوو گەڕی چوارەمی گفتوگۆی نێوان دوو وڵاتەکە بەڕێوەدەچن.
وەزیری دەرەوەی عومان لەبارەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ گوتی، "بنەما و ئامانجە سەرەکییەکان، کێشە تەکنیکییە سەرەکییەکان باس کران."
ئەمڕۆ شەممە، سێیەم گەڕی گفتوگۆی نێوان ئێران و ئەمریکا لە مەسقەتی پایتەختی عومان ئەنجامدرا. بەگوێرەی میدیای ئێرانی گفتوگۆکە "ناراستەوخۆ" بووە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق