کورد وەک کارتی فشاری دەست زلهێزەکان

ليست هناك تعليقات

کانی عومەر
-
لە مێژووی مۆدێرنی کورددا، گرتنی کۆنگرە و بەستنی کۆنفرانسەکان بەشێوەیەکی بەردەوام و وابەستە بەڕووداوە سیاسی و نەتەوەییەکانی شوێنکاتی ژیانی سیاسی کورددەوە بوونی هەبووە، جا چ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی وهەرێمایەتی بووبێت یاخود نێوخۆیی، ئەگەر وەک پێویستییەکی سەردەمەکانیش لێی بڕوانین، دەشێت ئامڕازێکی گرنگی داڕشتنی بناغەیەکی کرداریی بۆ پرسە ڕۆژەڤەکان و دروستکردنی ڕای گشتی و میدیایی بێت.

هەرچەندە بەگوێرەی مێژوو، ڕاسپاردە و دەرئەنجامی زۆربەی کۆنگرە و کۆنفرانسەکان کەمتر کردارەکی و پابەندکەر بوون، بەڵکە زیاتر ڕۆڵیان لەدیاریکردن و کێشانی هێڵە گشتییەکانی ئامانجی بزووتنەوە کوردییەکاندا هەبووە، ئەمەش بەهۆی سەختی میکانیزمەکانی جێبەجێکردن لە هەر قۆناغێکی مێژوویی کورددا، چونکە بەردەوام کارتی فشاری دەست زلهێزەکان بووە نەک یاریکەر.

ئەمەش هەم بەهۆی پێگەی جیۆستراتیژی کوردستان کە شیانی هاوسەنگکردنی هێزە باڵادەستەکانی هەبووە، هەمیش بەهۆی ئارەزووی لەمێژینەی کورد لە دەستەگەری، لاوازی لە دیبلۆماسییەت و چوونەپاڵی هێزە یاریکەرەکان وەک بوون بە یاریزان لە گۆڕەپانەکەدا.

ئەو ڕاستییەی شایەنی زۆر لەسەر وەستان نییە، ڕۆڵ و هەژموونی بەردەوامی وڵاتانی زلهێز بووە لە یەکلاکردنەوەی ڕەوتی ڕووداوەکان، بەتایبەتیش سیاسەتەکانی ڕۆژئاوا لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناویین کە ڕیشەکەی بۆ سەردەمی ئیمپراتۆریەتەکانی ئێرانی و عوسمانی دەگەرێتەوە، هەرگیزیش دەستبەرداری بەدیهێنانی ئامانجە سیاسییەکانی لەپێناو تەحقیقبوونی دەستکەوتە ئابوورییەکانی لە هەرێمەکەدا نەبووە.

هەرچەندە سەرجەم دەوڵەت-نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناویین نیۆ-کۆلۆنیالن، هیچ کامیشییان لەڕێگەی شۆڕشەوە دروست نەبوون، بەڵکە کردەی هێزە سەرکەوتووەکانی یەکەم جەنگی جیهانیین، بەڵام نەفرەتە لە مێژینەییەکەی کورد ئەوە بووە هەردەم دوگمەی فشاری بەردەم زلهێزەکان بووە، تا هێزە ئیقلیمیییەکان چوارچێوەی سیاسەتەکانی وڵاتانی ئیمپریالیست نەشکێنن. زلهێزەکان هەرکاتێک درکییان بە ویستی ئەم هێزانە بۆ چوونەدەرەوەیان لە چوارچێوەکە کردبێت، پەنجەیان بە دوگمەی فشارەکەیاندا ناوە کە (کورد)-ە.

بەنموونە لەکۆنگرەی قاهیرە، ساڵی 1920، سیاسەتی سەد ساڵی داهاتووی ئینگلیزی سەبارەت بە کورد داڕشت، "بەهیچ جۆرێک لە هەرێمەکەدا دەوڵەتێک بەناوی کوردستان دانامەزرێت". سیاسەتی نوێی ئەمریکاش پاش ئەو سەد ساڵە، هەر پاراستنی یەکپارچەی ئەو وڵاتانەیە کە کوردی بەسەردا دابەش کراوە، واتە دیسان "دانەمەزراندنی هیچ قەوارەیەکی کوردی".

دوێنێ، 26-ی نیسان، کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی کورد لە قامیشلۆ بەڕێوەچوو، دەقی ڕێککەوتنی نێوان هێز و پارتە کوردییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا تاوتوێ کرا، بڕیارە ئەنجامنامەیەک بڵاوبکرێتەوە، لە کۆنگرەکەدا کۆمەڵێک خاڵ باس کرا کە گرنگترینییان: حوکمڕانییەکی ناناوەندی، زمانی کوردی دووەم زمانی فەرمی وڵات بێت، کورد لە دامودەزگاکانی دەوڵەت نوێنەرایەتی هەبێت و کۆمەڵێکی دیکەش...

سەرجەم ئەمانە بەهێزکردنی کۆماری سوریایی عەرەبییە، کە لەم دواییانەدا لە دەستووری سووریادا ناوی کۆمارەکە بەو جۆرە جێگیرکرا، واتە بۆ ئەم قۆناغەش خەونی بوونی کیانێکی کوردی شیمانە ناکرێت، کورد لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەرییەوە وەک ئەزموونی باشوور کۆمەڵێک مافی چنگ دەکەوێت. ڕەنگی ڕاستییەکیش تۆختر دەبێتەوە، کە ئەوە ئەمریکایە ڕێگەی بە دروستبوونی دوو هەرێمی کوردی لە ناوچەکەدا داوە بۆ گێڕانی ڕۆڵە لەمێژینەییەکەی کە دروستکردنی فشارە بۆ وڵاتە ئیقلیمییەکان لە ئەگەری لەڕێدەرچوونییان لە سیاسەتی هێزی تاکجەمسەرخواز.

ئەوەی لەسەر ئەرزی واقیع گرنگە، ئەمڕۆ شۆڕشگێڕان و فەرماندەکانی کورد لە هاوکێشەکان باش تێدەگەن، کاتێک هەمان ڕۆڵیش دەگێڕن بە ئاگاییەوەیە وەک پێویستی قۆناغەکە و ستراتیجییانە مامەڵەی لەگەڵ دەکەن، وەک یاریکەر لە گۆڕەپانەکەدا دەردەکەون.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif