ملیۆنێک دەنگدەر زانیارییان نوێکردووەتەوە و زیاتر لە 70 پارت خۆیان تۆمارکردووە

ليست هناك تعليقات



کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، وەک بەشێک لە ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، نزیکەی یەک ملیۆن دەنگدەر زانیارییەکانیان نوێکردووەتەوە؛ زیاتر لە 70 پارتیش خۆیان بۆ بەشداریکردن تۆمار کردووە.

عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق،رایگەیاند: "ژمارەی ئەو دەنگدەرانەی مافی دەنگدانیان لە هەڵبژاردنی داهاتوودا هەیە، نزیکەی 29 ملیۆن و 119 هەزار کەسە". ئاماژەی بەوەشکرد: "پرۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران تاوەکو ئێستا گەیشتووەتە نزیکەی یەک ملیۆن دەنگدەر."

بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بکرێت.

عیماد جەمیل هۆکاری درێژکردنەوەی کاتی نوێکردنەوەی زانیارییەکانی بۆ 23ـی ئایار گەڕاندەوە بۆ "قەرەباڵخی زۆری بنکەکان" و جەختی کردەوە کە "1079 بنکەی تۆمارکردن لە سەرتاسەری عێراق، تەنانەت لە رۆژانی پشووی فەرمیشدا (هەینی و شەممە و پشووەکانی دیکە) بەردەوامن لە پێشوازیکردن لە دەنگدەران."

عیماد جەمیل گوتی، دەوامی فەرمیی بنکەکان لە کاژێر هەشتی بەیانییەوە بۆ پێنجی ئێوارە درێژکراوەتەوە "بۆ ئەوەی دەرفەت بۆ فەرمانبەران و کارمەندانی کەرتی تایبەت بڕەخسێت سەردانی بنکەکان بکەن و زانیارییەکانیان نوێ بکەنەوە."

سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمیسیۆن ئەوەشی خستەڕوو: "کۆمیسیۆن تیمە گەڕۆکەکانی ناردووەتە هەموو دامودەزگاکانی دەوڵەت و زانکۆکان بۆ تۆمارکردنی ئەو هاووڵاتیانەی هێشتا تۆمارنەکراون". گوتیشی: "ئامانجمان بەرزکردنەوەی نوێکردنەوەیە بۆ ئەوەی رێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بەرز بێتەوە."

سەبارەت بە لایەنە سیاسییەکان، عیماد جەمیل روونیکردەوە: "کۆمیسیۆن نزیکەی 60 هاوپەیمانی پێشتر تۆمارکراوی هەیە، هەروەها زیاتر لە 70 پارت ئارەزووی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنی داهاتوو نیشانداوە و خۆیان تۆمار کردووە، کۆمسیۆنیش بەردەوامە لە وەرگرتنی داواکاری زیاتر."

جەختیشی کردەوە کە "کۆمیسیۆن لە ئامادەکارییەکانی لە بوارەکانی دیکەی وەک لۆجستی، کارگێڕی و تەکنیکیدا بەردەوامە تاوەکو دەگاتە رۆژی دەنگدان."

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif