ترەمپ رەخنە لە هەنگاوەکانی پووتین دەگرێت

ليست هناك تعليقات


دوای ئەوەی لە پرسەی پاپای ڤاتیکاندا قسەی لەگەڵ سەرۆکی ئۆکراینادا کرد، ترەمپ گومان لە هەنگاوەکانی سەرۆکی رووسیا دەکات و هەڕەشە دەکات کە "بە شێوەیەکی دیکە" مامەڵەی لەگەڵ دەکات.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، دڵنیا نییە ئایا ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە رێککەوتنی ئاشتی جیدییە یان نا.

رۆژی شەممە، ترەمپ لە کەنیسەی سان پیتەر لە ڤاتیکان کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵی لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا کرد.

زیلینسکی گوتی، لەگەڵ ترەمپ باسیان لە هەوڵی بەدەستهێنانی ئاگربەستێکی بێ مەرج لەگەڵ رووسیا کردووە و هیواخوازە ئەم کۆبوونەوە "زۆر گرنگە" ببێتە "کۆبوونەوەیەکی مێژوویی" و ئەنجامی هەبێت.

ئەوە یەکەمین کۆبوونەوە بوو لەنێوان ترەمپ و زیلینسکی دوای ئەوەی لە کۆشکی سپی دەنگەدەنگ لە نێوانیاندا دروست بوو.

دوای گەڕانەوەی لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، تێگەیشتنێکی نوێی بۆ پووتین هەیە.

ترەمپ لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، "هیچ پێویستی نەدەکرد پووتین مووشەک لەنێو ناوچەی سڤیلنشینەکان بدات."

ترەمپ دەشڵێت، "ئەوە وام لێدەکات بڵێم رەنگە ئەو نەیەوێت جەنگ بوەستێنێت، دەیەوێت فریوم بدات، بۆیە پێویستە بە شێوەیەکی دیکە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت لە رێگەی سزای لاوەکی یان سزای بانکی. ژمارەیەکی زۆری خەڵک گیان لەدەستدەدەن."

سێبەری جەنگەکە باڵی بەسەر پرسەی پاپا فرانسیسدا کێشابوو. هێشتا پاپا بەخاک نەسپێردرابوو، رووسیا رایگەیاند، هەرێمی کورسکی "بە تەواوی ئازادکردووە."

لە بەرامبەردا ئۆکراینا جەختی کردەوە کە هێشتا سوپاکەی لە کورسک شەڕ دەکات؛ ئەو هەرێمە رووسییەی کە کیێڤ هیوای دەخواست وەک کارتێکی گوشار لە دانوستاندندا بەکاری بێنێت.
 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif