ئۆکراینییەکان 'باوەڕمان بە پووتین نییە'

ليست هناك تعليقات



زۆرینەی هاووڵاتییانی ئۆکراینا سەرەڕای بێ متمانەییان بەرامبەر بە دانوستاندن و کشانەوەی رووسیا، بەڵام داوای ئاشتی دەکەن و دەیانەوێت ئەمریکا گەرەنتی ئاسایش و ئارامیان بکات.

ئالیڤا ئۆلێکساندرا 12 ساڵ پێش ئێستا زێدی خۆی لە هەرێمی دۆنباس بەجێهێشت و لەگەڵ ماڵباتەکەی رووی کردە کیێڤ ـی پایتەخت. بەڵام نەیدەزانی ئاڵۆزی و شەڕ ساڵی 2014 جارێکی دیکە بەرۆکیان دەگرێت و سێ ساڵی دیکە دەخایێنێت.

وەکو لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت ئالیڤا وێنەی فەرماندە و هاوڕێیانی هاوژینەکەی پێشانی کوڕەکەیان دەدات کە لە ماوەی ساڵانی شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا گیانیان لەدەستداوە. هەروەها نیگەرانە و هیواخوازە دانوستاندنەکان سەربگرن و هاوژینەکەی بە سەلامەت لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕ بگەڕێتەوە.

ئالیڤا ئۆلێکساندرا لەبارەی دۆخیان لەگەڵ شەڕ و داواکانیان بۆ ئاشتی قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی: "ئێمە ئۆکراینامان دەوێت. پێش هەموو شتێک ئاشتیمان دەوێت، بەڵام باوەڕمان بە دانوستاندنە بەردەوامەکان نییە. ئێمە باوەڕمان بەوە نییە کە ئەو [پووتین] پاشەکشە بکات. مەبەستی ئەو لە ئاگربەست کۆکردنەوەی سەرباز و دروستکردنی مووشەک و داگیرکردنی تەواومانە. من لە ژێر دەسەڵاتی رووسیا دا ناژیم. ئەم خاکە هی منە، هەروەها هی دایک و باوکمە."

لەگەڵ دەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێی ئەمریکا، دەسپێشخەرییەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆتایی هاتن بە شەڕی چەند ساڵەی ئۆکراینا و رووسیا دەستیپێکردووە، بەڵام هەرجارە و لایەنێکی رووسی یان ئۆکراینی بە مەرجەکانی دانوستاندن و ئاگربەست رازی نابن.

کاترینا، هاووڵاتییەکی دیکەی ئۆکراینییە و دەڵێت: "سەرەتا هیوای ئارامی بۆ هەموومان دەخوازم. ئێمە زۆر بێزار بووین لەم شەڕە و بە دڵنیاییەوە گەرەنتی ئەمنیمان پێویستە، بە تایبەت لە لایەن ئەمریکاوە. من زۆر نیگەرام."

کۆنستانتین، هاووڵاتییەکی دیکە باس لەوە دەکات کە ئەو حەزی لە ژیانێکی سەقامگیرە و "تەنیا ئارامییم دەوێت، بەڵام شتێک لە دڵمدا پێم دەڵێت کە ئەم دانوستاندنانە بەوە کۆتایی نایەت. بەداخەوە، رەنگە جۆرێک لە ئاگربەستی کاتی هەبێت، بەڵام نابێتە هۆی هیچ، ئەوە بۆچوونی منە."

دوای گفتوگۆیەکی زۆر، لایەنی ئۆکراینی پێشنیازی ئاگربەستێکی 30 رۆژەی قبووڵ کرد، بەڵام رووسیا تاوەکو ئێستا رازی نەبووە و هیچ لایەنێک متمانەی بە پابەندبوونی بەرامبەرەکەی بە مەرجەکانی ئاشتی نییە.

ئۆلێکساندەر فیدیانکۆ، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پارلەمانی ئۆکراینا بە رووداوی راگەیاند: "پێم وایە کە بە دڵنیاییەوە هیچ شتێک لە رۆژانی داهاتوودا ناگۆڕێت. دەنگۆی ئەوە هەبوو کە رەنگە ئاگربەست بۆ ماوەی 30 رۆژ ئەگەری هەبێت سەربگرێت. دەمەوێت جەخت لەسەر شتێک بکەمەوە، باشە دەتوانین لەسەر ئاگربەست رێکبکەوین، بۆ نموونە لە رووی تۆپبارانکردنی شارە مەدەنییەکان. بەڵام ئەی چی لە هێرشی مووشەک، هێرشی هاوەن، درۆنی شاهید و هێرشکردنە سەر ئەو بەندەرانەی کە بەرهەمە کشتوکاڵییە پەیوەندیدارەکان لێیەوە دەنێردرێت، چی لەوانە بکەین. بۆیە ئەگەر هێڵی بەرکەوتنی شەڕ لەبەرچاو بگرین، بەڕای من لە داهاتوویەکی نزیکدا هیچ شتێک ناگۆڕێت."

بە گوێرەی ئامارەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دەستپێکی شەڕ لە ساڵی 2022 تاوەکو ئێستا زیاتر لە 12 هەزار خەڵکی سڤیل و لە نێوان 60 بۆ 100 هەزار سەربازی ئۆکراینی کوژراون و رووسیا لە 20٪ خاکی ئۆکراینای کۆنترۆڵکردووە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif