دادگەی لێکۆڵینەوەی سلێمانی1، تایبەت کرا بە بینینی کەیسی رۆژنامەڤانانی سنوورەکە. بەرپرسانی سەندیکای رۆژنامەنووسان و سەنتەری میترۆ وێڕای پێشوازی لە بڕیارەکە، داوا دەکەن هەمان رێکار لە شارەکانی دیکەش بگیرێتەبەر.
سەرۆکایەتیی دادگەی تێهەڵچوونەی ناوچەی سلێمانی لە نووسراوێکدا بە ژمارە (2722) کە رێککەوتی 13-03-2025 و واژۆی دادوەر عومەر ئەحمەد، سەرۆکی دادگەکەی لەسەرە بڕیاری دا دادگەی لێکۆڵینەوەی سلێمانی1 تایبەت بکرێت بە بینینی کەیسەکانی تایبەت بە رۆژنامەڤانان.
کاروان ئەنوەر، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، گوتی: "بڕیارەکە لەسەر داوای ئێمە بووە لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستاندا، داواکارین هەمان کار لە پارێزگاکانی دیکەش بکرێت".
کاروان ئەنوەر بڕیارەکەی بە هەنگاوێکی "زۆرباش" بۆ رۆژنامەڤانان پێناسە کرد و گوتیشی: "لەمەودوا رۆژنامەنووسان بە یاسای تایبەت بە رۆژنامەگەری دادگەیی دەکرێن، کە زیندانیکردنی تێدانییە جگە لە راگرتنی کاتی، بەڵام ئەوە تەنیا بۆ کەیسەکانی رۆژنامەڤانییە".
هەر ئەمڕۆ سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەڤانان و ئازادی رادەربڕین لە راگەیێندراوێکدا پێشوازی لە بڕیارەکە کرد و رایگەیاند "داوا دەكەین، لە هەموو دادگەكانی دیکەی هەرێمی كوردستان پەنا بۆ ئەو رێوشوێنانە ببرێت كە دەبنە فاكتەری جێبەجێكردنی یاسای رۆژنامەگەری".
رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ گوتی: "یەکشەممەی رابردوو ئێمە و سەندیکا و چەند دەزگایەکی راگەیاندن لەگەڵ کاک قوباد تاڵەبانی کۆبووینەوە، بڕیارەکەی ئەمڕۆ ئەنجامی گفتوگۆی ئەر رۆژەیە، کە جێگری سەرۆکوەزیران رۆڵی کارای هەبووە تێیدا".
بە گوتەی رێکخەری سەنتەری میترۆ، بڕیارەکە بۆ هەموو پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کورستان "رێگە راستەکەیە" بۆ پاراستنی مافی رۆژنامەڤانان؛ دەشڵێت: "با بۆ جارێکیش بێت لە کارە جوانەکاندا لاسایی یەک بکەینەوە و لە شارەکانی دیکەش هەمان بڕیار جێبەجێ بکرێت".
سەنتەری میترۆ دەڵێ، "كەیسەكانی تایبەت بە بڵاوكردنەوە سروشتی تایبەتی خۆی هەیە، بۆیە یاسای تایبەتی خۆی بۆ دەرچووە، بەڵام سەرباری یاساكە جارێ هێشتا كار بە یاسای سزادانی عێراقی و یاسای دیکە لە دادگەكانی هەرێمی کوردستان لێكۆڵینەوە لەگەڵ رۆژنامەنووس دەكرێت".
بە گوێرەی نووسراوەکەی دادگەی تێهڵەچوونەوەی سلێمانی، دادگەی لێکۆڵینەوەی سلێمانی/1 "تایبەتمەند دەبێت بە بینینی ئەو سكاڵایانەی كە پەیوەندیدارن بە رۆژنامەنووسان لەناو شاری سلێمانی و یاسای ژمارە 35ـی ساڵی 2007 یاسای رۆژنامەگەری لە كوردستان بەسەریدا پیادە دەبێت".
لە بڕگەی دووەمی بڕیارەکەی دادگەی تێهەڵچوونەوەدا هاتووە: "سەرجەم داواکانی سەرەوە لەدوای کۆتایی هاتنی قۆناخەکانی لێکۆڵینەوە، هەواڵەی دادگەی کەتنی سلێمانی6 دەکرێن بۆ یەکلاکردنەوەیان".
لە شاری سلێمانی زیاتر لە دوو هەفتەیە رۆژنامەڤان بەشدار بازیانی زیندانیکراوە، لەو بارەیەوە کاروان ئەنوەر، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسان گوتی: "هیچ رۆژنامەڤانێک بەهۆی پیشەکەیەوە ئێستا لە سلێمانی زیندانی نەکراوە، کەیسی بەشدار جیایە و سکاڵاکانی دژی زۆرن؛ ئەوەی بووە بە هۆکاری مانەوەی لە زیندان چەند کەیسێکن پەیوەندییان بە رۆژنامەڤانییەوە نییە".
بە گوێرەی نووسراوەکەی دادگەی تێهەڵچوونەوەی سلێمانی، بڕیارەکە لە ئەمڕۆ 13ـی ئادارەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق