عێراق و BP رێککەوتنی پەرەپێدانی چوار کێڵگەی نەوتی کەرکووک واژۆ دەکەن

ليست هناك تعليقات


بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی محەممەد شیاع سودانی، عێراق و کۆمپانیای بریتش پەترۆلیەمBP- رێککەوتننامەی چاککردنەوە و پەرەپێدانی چوار کێڵگەی کەرکووکیان واژۆکرد.


رێککەوتننەکە ئەمڕۆ سێشەممە، 25ـی شوباتی 2025، لەنێوان کۆمپانیای نەوتی باکوور-ی سەر بە وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای بریتش پەترۆلیەم واژۆ کرا، کە کۆمپانیایەکی بەریتانییە.

بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەم واژۆکردنە دوای رێککەوتن دێت لەگەڵ کۆمپانیاکە سەبارەت بە پرسە تەکنیکییەکان و مەرجی گرێبەستەکان، ئەوەش بە پشتبەستن بە یاداشتەکانی لێکتێگەیشتن کە لە لەندەن واژۆ کران لە سەردانەکەی ئەمدواییەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ بەریتانیا.

رێککەوتنەکە پەرەپێدانی چوار کێڵگە سەرەکییەکەی کەرکووک دەگرێتەوە (بای حەسەن، باوەگوڕگوڕ و ئاڤانا، جەمبور و خەبازە)، بە شێوەیەک کە گەرەنتیی وەبەرهێنانی گازی هاوەڵ بکات، هەروەها چاککردنەوە و فراوانکردنی دامەزراوەکانی گاز لە کۆمپانیای گازی باکوور و دروستکردنی وێستگەی کارەبا بە توانای 400 مێگاوات بۆ بەدیهێنانی ئامانجە چاوەڕوانکراوەکانی ئەم پڕۆژە ستراتیژییە تەواوە.

كێڵگە نەوتییەكانی كەركووک (بای حەسەن، ئاڤانا، بابەگوڕگوڕ، جەمبوور و خەبازە)، ئێستا لەلایەن كۆمپانیای نەوتی باكوور سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراقەوە بەڕێوەدەبرێن.

ئەم پڕۆژەیە دابینکردنی دەستی کاری جۆراوجۆر بە پسپۆڕییە جیاوازەکان و کارپێکردنی کۆمپانیا ناوخۆییەکان و جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی سوودە کۆمەڵایەتییەکان و گەشەپێدانی شارەزایی سەرچاوە ئەندازیاری و هونەرییەکان دەڕەخسێنێت، کە پشتیوانی لە کارمەندانی کۆمپانیای نەوتی باکوور و کۆمپانیای گازی باکوور دەکات، لە چوارچێوەی دیدگای حکومەتە بۆ بەرنامەکانی راهێنان و بەرزکردنەوەی ئاستی لێهاتوویی کە بریتش پەترۆلیەم بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوت دابینی دەکات.

ئێوارەی سێشەممە، 14-01-2025، رێوڕەسمێک بەڕێوەچوو بۆ واژۆکردنی رێککەوتننامەی لێکتگەیشتن بۆ جێبەجێکردنی هەڵسەنگاندنی توانای دووبارە پەرەپێدانی تەواوەتی هەر چوار کێڵگەکەی نەوتی کەرکووک.

بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کە 15-01-2025 بڵاویکردەوە، شیاندنەوە و پەرەپێدانی هەر چوار کێڵگە نەوتییەکەی کۆمپانیای نەوتی باکوور دەدرێتە کۆمپانیای بریتش پیترۆڵیەم، "ئەوەش بۆ زیادکردنی بەرهەم و گەیشتن بە باشترین تێکڕای بەرهەمی نەوت و گاز."

لە رێوڕەسمەکەدا، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق ئامادە بوو. عامر خەلیل ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوتی باکوور لە عێراق و زەید یاسری، بەڕێوەبەری لقی کۆمپانیای عێراقی بریتیش پیترۆڵیەم واژۆیان لەسەر رێککەوتنەکە کرد.

بەگوتەی حەیان عەبدولغەنی، "ئەم رێککەوتنە لە رێککەوتنەکەی ساڵی 2023ـی کۆمپانیای تۆتەڵ ئینێرجی گەورەترە." رێککەوتنەکەی کۆمپانیای تۆتەڵ لە بەسرە کرا و بەهاکەی 27 ملیار دۆلار بوو.

رۆژی سێشەممە 14-01-2025، سەرۆکوەزیرانی عێراق و شاندێکی یاوەری گەیشتە لەندەن و لەلایەن کیەر ستامەر، هاوتا بەریتانییەکەی پێشوازی لێکرا.

رۆژی 1ـی ئابی 2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتیی رێوڕەسمی واژۆکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی نەوتی گشتگیری لەنێوان وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای نەوتی بی پی کرد بۆ پەرەپێدانی کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی نەوت و گازی کەرکووک.

یاداشتەکە لەلایەن حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت بە نوێنەرایەتیی عێراق و مورای ئۆشینکڵۆس، سەرۆکی جێبەجێکار و نوێنەری کۆمپانیاکە واژۆکرا.

کۆمپانیای بی پی لە 1920ـەوە لە کەرکووک کاری کردووە و دەڵێت، کەرکووک و دەورووبەری "نزیکەی 9 ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگی هەیە."

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif