یەکێتیی ئەورووپا پێشوازی لە رێککەوتنەکەی نێوان فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر دەکات و دەڵێت: "رێگە خۆش دەکات بۆ زیادبوونی سەقامگیری و داهاتوویەکی باشتر بۆ سووریاییەکان."
چوارشەممە، 12ـی ئادار یەکێتیی ئەورووپا لە راگەیێندراوێکدا پێشوازی لە رێککەوتنەکەی دوێنێی نێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر دەکات.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە یەکێتیی ئەورووپا ئاماژەی بەوە داوە کە هانی لایەنەکان دەدەن بۆ کارکردن لەسەر جێبەجێکردن و پشتیوانیکردنی.
رێککەوتننامەی 10ـی ئازار
رۆژی دووشەممە 10ـی ئازاری 2025، ڕێککەوتننامەیەکی ٨ خاڵی لە نێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە، و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا واژۆ کرا.
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، شەڕ لە تەواوی سووریا دەوەستێت و هەسەدە دەبێتە بەشێک لە دامەزراوەی بەرگریی دەوڵەتی سووریا.
لە کۆتایی مانگی شوبات ـی ئەم ساڵ دیالۆگی نیشتمانی سوریا بەبێ بەشداری لایەنە سیاسییەکانی کورد بەڕێوەچوو؛ یەکێتیی ئەورووپا لەوبارەیەوە رایگەیاندووە، دەبێت دیالۆگەکە ویستی هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریا بەدیبهێنێت.
بەشێکی دیکەی پەیامەکەی یەکێتیی ئەورووپا تایبەتە بەو گرژییانەی لە چەند رۆژ رابردوو لە ناوچە کەناراوییەکان سووریا روویدا و بە تووندی سەرکۆنەی دەکەن و دەڵێن: "ژمارەیەک قوربانی لێکەوتووەتەوە لەنێویاندا خەڵکی سڤیل."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە یەکێتیی ئەورووپا سەرکۆنەی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئەسەد دەکات بۆ سەر هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێستای سووریا.
هەروەها یەکێتیی ئەورووپا "بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو تاوانە ترسناکانە" دەکەن کە دژی خەڵکی سڤیل ئەنجامدراون.
لەدوای ئەو گرژییانە ئەحمەد شەرع، سەرککۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر پەیامێکی بڵاوکردەوە و داوای لە هێزەکان کرد پێشێلکارییەکان کۆنترۆڵ بکەن. یەکێتیی ئەورووپا ئاماژە بەوە دەکات، کە پێشوازی دەکەن لە دەسەڵاتدارانی کاتیی [سووریا] بۆ دروستکردنی لیژنەی لێکۆڵینەوە لەو رووداوانە.
یەکێتیی ئەورووپا هاوکات داوای "لێکۆڵینەوەیەکی خێرا، روون و بێلایەن" دەکات و دڵنیایی بدرێ کە ئەنجامدەرانی دەدرێنە دادگە.
"داوا لە دەسەڵاتدارانی کاتی دەکەین کۆمیسیۆنی سەربەخۆی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە کۆماری عەرەبیی سووریا بدرێت، تاوەکو لێکۆڵینەوە لە هەموو پێشلکارییەکان بکرێت." لە راگەیێندراوەکەی یەکێتیی ئەورووپا دا هاتووە.
یەکێتیی ئەورووپا "بەردەوامە لە داواکانی بۆ کۆتاییهێنانن بە تووندوتیژی لە تەواوی سووریا" و لە پەیامەکەیاندا دەڵێن، هانی لایەنەکان دەدەن سووریاییەکان لە هەموو ئایین و نەتەوەکان بەبێ جیاوازی بپارێزن.
لە بەشێک دیکەی راگەیێندراوەکەی یەکێتیی ئەورووپا هۆشداری دەدەن لە "دەستکاریکردنی زانیاری لەلایەن لایەنە بیانییەکانەوە بۆ ورووژاندنی زیاتری تووندتیژی و ناسەقامگیری."
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق