گوتەبێژێک بە ناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، پێدانی پاسپۆرتیان بەو کەسانە راگرتووە کە خۆیان وەکو رەگەزی "ئێکس" یاخود رەگەزی سێیەم تۆمارکردووە.
رۆژی 20ی ئەم مانگە و دوای رێوڕەسمی سوێندخواردنی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا فەرمانێکی سەرۆکایەتی واژۆکرد کە ئاماژە بەوە دەکات تەنیا دوو رەگەز هەن و گۆڕینی رەگەزیش رێگەپێدراو نییە.
گوتەبێژێک بە ناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، "لەسەر بنەمای ئەو بڕیارە، بەشی دەرکردنی پاسپۆرتی وەزارەتی دەرەوە بەو جۆرە مامەڵە لەگەڵ رەگەزەکان دەکات". دەشڵێت، بەهۆیەوە چی دیکە پاسپۆرت بە رەگەزی ئێکس (رەگەزی سێیەم) نادەن.
رەگەزی سێیەم ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە خۆیان نە بە مێ و نە بە نێر دەزانن و رەگەزی خۆیان یەکلاناکەنەوە.
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کرد، لە داهاتوودا رێنماییان سەبارەت بەو کەسانە پێدەدرێت کە پێشتر پاسپۆرتی ئێکسیان دەرهێناوە.
نیسانی 2022، جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بە بڕیارێک رێگەی بە ئەمریکییەکان دا داوای پاسپۆرتی رەگەزی سێیەم بکەن. بەم بڕیارە ترەمپ بڕیارەکەی سەرۆکی پێشووی ئەمریکای راگرت.
بەرپرسێکی دیکە لە ئیدارەی ترەمپ بە هەمان میدیای راگەیاند، ئەو فەرمانەی ترەمپ لە هەموو دامودەزگەکانی دیکەش کاری پێدەکرێت.
لە کاتی کەمپەینی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا، ترەمپ بەڵێنی بە لایەنگرانی دا کە داوا لە کۆنگرێس بکات پارەدارکردنی ئەو پرۆژانە رابگرێت کە هاوکاری خەڵک دەکەن بۆ ئەوەی رەگەزی خۆیان دیاری بکەن چونکە دوو رەگەزی دیاریکراو هەن.
بە گوێرەی ئاماری فەرمی، لە ئەمریکا نزیکەی سێ ملیۆن کەس خۆیان بە رەگەزی سێیەم داناوە کە 1.14٪ی خەڵکی وڵاتەکە دەکات.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق