ناکۆکیی نێوان پەرلەمان و حکومەتی عێراق هەموارى بودجە پەکدەخات

ليست هناك تعليقات


پێشنیازى گۆڕانکاری لە هەموارى یاساى بودجەدا جیاوازى لەنێوان لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق و حکومەتی عێراق دروست دەکات؛ بەو هۆیەوە دەنگدان لەسەر ئەو هەموارە پەکدەخات، کە تایبەتە بە شایستەى دارایی کۆمپانیاکانى نەوتى هەرێمى کوردستان.

لیژنەى دارایی پێشنیازى کردووە دواى جیاکردنەوەى شایستەى دارایی کۆمپانیاکان، ئەوەى لە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان دەمێنێتەوە، وەکو داهات هەژمار بکرێت و ئەو پرسە ببەسترێتەوە بە پاکتاوکردنى شایستەى دارایی 18 ساڵى نێوان هەولێر و بەغدا.

حکومەت بە نووسراو تێبینی لەسەر گۆڕانکارییەکانى لیژنەى دارایی دەدات و دەڵێت، ئەوە پێچەوانەى کارى کۆمپانیاى سۆمۆیە و دەبێت سەرجەم داهاتى نەوتی بچێتە گەنجینەى دەوڵەت، دواتر شایستەى دارایی بدرێت و ئەگەر رێککەوتن لەسەر ئەو گۆڕانکارییانەى هەموارى یاسای بودجە نەکرا، داڕشتەکەى بگۆڕێت بەو شێوەیەى هەموو گاز و نەوتى هەرێمى کوردستان رادەست بکرێت.

مشتومڕى دەنگدان لەسەر سێ پڕۆژەیاسای تایبەت بە کورد، شیعە، سوننە لە کۆبوونەوەى 21ى کانوونى دووەمى 2025ى پەرلەمانى عێراق، یەکەم بڕگەى خشتەى کارى کۆبوونەوەکەى تێپەڕاند، بێ ئەوەى یەکلایى بکاتەوە کە دەنگدان بوو بە هەموارى یاسای بودجەى گشتى.

هەموارەکە لە مادەی 12ـی تایبەت بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بوو، کە 16 دۆلاری وەکو تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى بەرمیلێک نەوت دیاری کردووە، تاوەکو ئەو کاتەى لایەنێکى نێودەوڵەتیی راوێژکاری نرخێکى خەمڵێندراو دیاری دەکات، دەبێت هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات.

دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق گوتی، "دەنگدان لەسەر ئەو هەموارە بەهۆى ئەوەوە نەکرا کە حکومەت داڕشتەیەکى دیکەى بۆ هەموارەکە هێنابوو بۆ پەرلەمان، تاوەکو دەنگى لەسەر بدرێت و ئێمەش وەکو پەرلەمانتارانى کورد پێى رازى نەبووین."

ئەو داڕشتە نوێیە لەلایەن ئەحمەد فەتلاوى، سەرۆکى دەستەى هاوئاهەنگى نێوان پارێزگاکان وەک نوێنەرى حکومەت بە نووسراو درابووە سەرۆکایەتیى پەرلەمانى عێراق. بەشێکى نووسراوەکە تێبینى بوو لەسەر ئەو گۆڕانکارییەى لیژنەى دارایی بۆ پڕۆژەیاساى هەموارەکە پێشنیازى کردبوو.

"شایستەى دارایی 18 ساڵ پاکتاو بکرێت"

بەگوێرەى پێشنیازى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق کە دەست تۆڕى میدیایی رووداو کەوتووە و بۆ پڕۆژەى هەموارەکە زیاد کراوە، جیاوازیى تێچووى بەرهەمهێنان و گواستنەوە لەگەڵ نرخى فرۆشتنى نەوت بە داهاتى فیدراڵى هەژمار بکرێت، بەو مەرجەى بڕگەى ئەلیف لە مادەى 12ى یاساى بودجەى گشتى لەبەرچاو بگیرێت.

ئەو مەرجە لەو داڕشتەیەى ئەو پڕۆژەیاسایەى هەموارى بودجە نەبووە کە ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراقەوە نێردراوە بۆ پەرلەمان.

بڕگەى ئەلیف لە مادەى 12ى یاساى بودجەى گشتى عێراق ئاماژە بەوەدەکات کە دەبێت شایستەى دارایی ساڵانى 2004 تاوەکو2022 لەنێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى پاکتاو بکرێت، دواى وردبینیکردنى لەلایەن دیوانى چاودێریى دارایی فیدراڵى بە هاوئاهەنگى دیوانى چاودێریى دارایی هەرێمى کوردستان لەسەر بنەماى ئەو ماف و پابەندییانەى لە یاسای بودجەى ئەو ساڵانەدا هاتووە.

بە گوێرەى پێشنیازەکەى لیژنەى دارایی، تەواوى داهاتى فرۆشتنى نەوتى هەرێمى کوردستان ناچێتە سەر گەنجینەى گشتى، بەڵکو ئەو بەشەى کە لە دواى دەرکردنى شایستەى دارایی کۆمپانیاکانى نەوتى هەرێمى کوردستان دەمێنێتەوە، بە بەشێک لە داهاتى گشتى هەژمار دەکرێت.

حکومەت: رێکبکەون یان هەموو نەوت و گاز رادەست بکەن

بەگوێرەى ئەو نووسراوەى حکومەت کە دەست تۆڕى میدیایی رووداو کەوتووە، تێبینى لەسەر ئەو پێشنیازى گۆڕانکارییە هەبووە کە لیژنەى دارایی لە پڕۆژەیاساکە کردوویەتى.

لە نووسراوەکەدا هاتووە، "حکومەت ئەو هەموارانە پاڵپشتى ناکات کە پێشنیاز کراون، چونکە داهات کەم دەکەنەوە بەراورد بەو داڕشتەیەى حکومەت ناردوویەتى، ئەوەش جگە لەوەى ناگونجێت لەگەڵ ئەوەى لە ناوچەکانى دیکەى عێراق بەگوێرەى یاساى کارگێڕى و دارایی پەیڕەو دەکرێت؛ هەروەها ئەو گۆڕانکارییە ناگونجێت لەگەڵ میکانیزمى فرۆشتنى نەوت لەلایەن کۆمپانیای بەبازاڕکردنى نەوت (سۆمۆ)، کە تەواوى داهاتى فرۆشتنى نەوت وەردەگرێت و دەخرێتە سەر هەژمارى بانکیى داهاتى نەوت و گاز لە وەزارەتى دارایی فیدراڵ."

وەزارەتى نەوتى عێراق کار بە گرێبەستى خزمەتگوزارى دەکات لە وەبەرهێنانى کەرتى نەوت و گاز، لەبرى پشک بڕێک پارە دەکاتە کۆمپانیاکان، لەکاتێکدا گرێبەستەکانى هەرێمى کوردستان لە جۆرى هاوبەشین لە داهاتى ئەو نەوتەى دەفرۆشرێت.

حکومەت دەڵێت، بەگوێرەى هەموارەکەى خۆیان، هەناردەى نەوت لە رێگەى کۆمپانیاى سۆمۆوە دەکرێت بە هەمان ئەو نرخ و میکانیزمەى کۆمپانیاکە لە هەموو ناوچەکانى دیکەى عێراق پەیڕەوى دەکات و، هەموو داهاتى نەوت بەبێ لێبڕین وەکو داهاتى کۆتایی دەچێتە گەنجینەى گشتى، قەرەبووى بەرهەمهێنانى نەوت بە شێوەیەکى جیاواز لە داهات و بەگوێرەى میکانیزمێکى دیکە دەدرێت لەنێوان هەردوو وەزارەتى دارایی فیدراڵ و حکومەتى هەرێمى کوردستان.

تێبینییەکى دیکەى حکومەت ئەوە بووە، بەگوێرەى گۆڕانکارییەکەى لیژنەى دارایی، تەواوى داهاتى نەوت رادەست ناکرێت و بەر لە رادەستکردنى تێچووى بەرهەمهێنانى نەوتى هەرێمى کوردستانى لێ دەردەکرێت، ئەوەى بە "نەگونجاو" لەگەڵ چوارچێوەى کارى کۆمپانیاى سۆمۆ هەژمار کردووە.

لە نووسراوەکەى حکومەتدا هاتووە، "گەیشتنى داهات بە لێبڕینەوە لە چوارچێوەى کارى سۆمۆدا نییە، کە بەگوێرەى خەمڵاندنى بەرهەمهێنانى نەوت بێت کە لەگەڵ حکومەتى فیدراڵى رێککەوتنى لەبارەوە نەکراوە، ئەوەش جگە لەوەى ئەو پێشنیازە دژ بە لقى ئەلیفى بڕگەى یەکەمى مادەى 13ى یاسای بودجەى گشتییە. ئەوەش جگە لەوەى لقى ئەلیف لە بڕگەى یەکەمى مادەى 12ى یاسای بودجە کۆت و بەند دەکات، لە کاتێکدا ئەو بڕگە و مادانە گرنگن و حکومەت رژدە لەسەر ئەوەى وەکو خۆى بمێننەوە."

لقى ئەلیفى بڕگەى یەکەمى مادەى 13ى یاسای بودجە ئاماژە بەوە دەکات، تەواوى داهاتى فرۆشتنى نەوتى رادەستکراوى هەرێمى کوردستان دەخرێتە هەژمارێکى بانکى وەزارەتى دارایی فیدراڵ، کە بانکى ناوەندى دەیکاتەوە؛ هەرچى لقى ئەلیف لە بڕگەى یەکەمى مادەى 12ى بودجەیە، تایبەتە بە رادەستکردنى رۆژانەى 400 هەزار بەرمیل نەوتى هەرێمى کوردستان بە کۆمپانیاى سۆمۆ و فرۆشتنى لەلایەن ئەو کۆمپانیایەوە.

لە کۆتایی نووسراوەکەیدا حکومەت جەختى لەوە کردووەتەوە، لەگەڵ پێشنیازى هەموارەکەى لیژنەى دارایی نین لەبەر ئەوەى پشکى گەنجینەی گشتى کەمتر دەکاتەوە، کاریگەریى نەرێنیى لەسەر داهاتى حکومەتى فیدڕاڵى دەبێت و لەگەڵ میکانیزمەکانى کۆمپانیاى سۆمۆ و ئەو رێکارانە ناگونجێت کە لە ناوچەکانى دیکە جێبەجێ دەکرێت.

هەموارى یاساى بودجەى گشتیى قۆناخى خوێندنەوەى یەکەم و دووەمى تێپەڕاندووە و تەنیا دەنگدانى ماوە.

هەر لە نووسراوەکەیدا حکومەت ئاماژە بەوەش داوە، ئەگەر پەرلەمان نەیتوانى ئەو هەموارە یەکلایی بکاتەوە، باشترە داڕشتەکە بە شێوەیەک بێت هەموو داهاتى نێوخۆیی، دەرەکى، نەوت و بەرهەمەکانى و گازى هەرێمى کوردستان رادەست بکرێت، وەکو داهاتى کۆتایی گەنجینەى گشتى بەبێ هیچ لێبڕینێک بەگوێرەى رێکارە پەیڕەوکراوەکان لە ناوچەکانى دیکەى عێراق و بەگوێرەى یاساى کارگێڕیى دارایی ساڵى 2019، تاوەکو دواتر تێچوویەکى "خەمڵێندراوى دادوەرانە" بۆ شایستەى دارایی کۆمپانیاکانى نەوتى هەرێمى کوردستان دیاری بکرێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif