هەرچەندە هاتووچۆیەکی دیپلۆماسیی زۆر و پتەو لەنێوان بەغدا و ئەنقەرەدا هەیە، بەڵام نێوانی ئەو دوو وڵاتە دراوسێیە بێ گرفت نییە. سەرەکیترین گرفتەکان ئاو، پەکەکە، نەوت و دەستوەردانی سەربازییە کە هەرچەند هەردوولا جەخت لەسەر چارەسەر دەکەنەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا لە کەتواردا هێشتا ماون.
دۆسیەی ئاو
ئێستا، جیهان لە گەرمەى دۆخى گۆڕانى کەشوهەوادایە، عێراقیش یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆر کاریگەر بووە بەو گۆڕانە، دیارترینیان دابەزینى ئاستى ئاوى هەردوو رووبارى دیجلە و فوراتە لە چەند ساڵى رابردوودا.
خالید شەماڵ، گوتەبێژى وەزارەتى سەرچاوەکانى ئاوى عێراق رایگەیاند، "لە چەندین بۆنەدا سەرۆکوەزیران رایگەیاندووە، دۆسیەى ئاو لە پێشینەى کارەکانى حکومەتە و تاوتوێى هیچ دۆسیەیەک ناکرێت تاوەکو گەرەنتیکردنى ئاوى عێراقى تێدا نەبێت. هەر دۆسیەیەک بخرێتەڕوو، ئاو ئامادەیی دەبێت."
عێراق داوای ئاوی زیاتر لە تورکیا دەکات
عێراق کە بە وڵاتی دوو رووبار ناسراوە، سەرچاوەی هەردوو رووبارەکەی تورکیایە، بۆیە بۆ سەرچاوەی ئاو، هەمیشە چاوی لەو وڵاتەیە.
بەنداوی حەدیسە کە کەوتووەتە سەر رووباری فورات، ساڵی 1986 دروستکراوە و توانای گلدانەوەی 8.28 ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە، جگە لە ئاودێری، 1050 مێگاوات کارەبا لە رێگەی ئەو بەنداوەوە بەرهەمدێت. بەڵام ئەگەر ئاوی پێویستی لە تورکیاوە بۆ بەرنەدرێتەوە، ئەو توانایەی جارانی نامێنێت.
لە مانگی تەممووزی پار، بەڕێوەبەری ناوەندی نیشتمانیی ئاوی عێراق، راپۆرتێکی پێشکێشی حکومەتی تورکیا کرد. تێیدا دۆخی ئاوی کۆگەکراوی بەنداوی حەدیسەی روونکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، "ئاستی ئاوی کۆگەکراوی بەنداوەکەمان زۆر کەمە و داوامانکرد لە هەر سێ مانگی تەممووز، ئاب و ئەیلوول، ئاوی زیاتر بەربدرێتەوە لەپێناو پڕبوونی ئاستی ئاوەکە".
هاوکات عۆن زیاب، وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق رایگەیاند، داوایەکیان پێشکێشی حکومەتی تورکیا کردووە بۆ ئەوەی ئاوی زیاتریان بۆ بەربداتەوە بەمەبەستی پڕکردنەوەی ئاستی کۆگەکراوی بەنداوی حەدیسە.
تورکیا لە خاکی خۆی، چەندین بەنداوی لەسەر دیجلە و فورات دروستکردووە، ئەمەش کاریگەریی لەسەر ئاوی سەرزەوی، سامانی ماسی، کشتوکاڵ، ئاوی خواردنەوە و ژینگەی عێراق دروستکردووە.
پرسی پەکەکە؛ بوونی بارەگای تورکیا لە باشووری کوردستان
تورکیا بەردەوام سکاڵای لە بوونی گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە باشووری کوردستان هەیە و چەندین جار، هێرشی کردووەتە سەر ئەم ناوچانە بۆ لێدان لە بنکەکانی پەکەکە.
تورکیا لە هەندێ شوێن دا تاوەکو نزیکەی 30 کیلۆمەتر هاتووەتە قووڵایی هەرێمی کوردستان و لە سنووری عێراقیش دەگاتە زیاتر لە 100 کیلۆمەتر.
بەپێی بەدواداچوونەکانی رێکخراوی CPTـی ئەمریکی کە ئەنجامەکەی بە رووداو داوە، تورکیا 75 بارەگا و بنکەی سەربازی لە باشووری کوردستان هەیە؛ 66ـیان بارەگا و 9ـیان بنکەی سەربازین.
52 لەوانە دەکەونە سنووری پارێزگای دهۆک. 23 بارەگا لە ئامێدی، شێلادزێ، کانێ ماسی، بامەڕنێ و دێرەلووک. 18 بارەگا لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ. هەروەها 9 بنکەی سەربازی هەن، کە شەشیان لە حەفتەنین و سێیان لە سیدەکانن.
بەپێی راپۆرتێکی ساڵی 2022ـی وەزارەتی بەرگریی عێراق، زیاتر لە چوار هەزار سەربازی تورکیا لە خاکی عێراقدان و بە قووڵایی 105 کیلۆمەتر هاتوونەتە نێو خاکی عێراقەوە کە دوورترینیان بنکەی سەربازیی زێلکانە لە دەشتی نەینەوا.
تورکیا داوا لە عێراق دەکات پەکەکە بە رێکخراوی تیرۆریستی بناسێنێت
هەرچەندە عێراق، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ـی وەکو رێکخراوی قەدەخەکراو ناساندووە، بەڵام تورکیا دڵی بەمە ئاو ناخواتەوە و داوا دەکات وەکو رێکخراوێکی تیرۆریستی بیناسێنێت.
دوێنێ (یەکشەممە، 26-1-2025) هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە بەغدا کۆبوونەوە.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند: "عێراق دراوسێیەکی زۆر گرنگە بۆ ئێمە. سەروەری، ئاسایش و سەقامگیریی عێراق بەلای ئێمەوە زۆر گرنگە".
بە بڕوای هاکان فیدان، پەکەکە زیان بە سەروەریی خاکی عێراق دەگەیێنێت و دەڵێت "هەڕەشەی مەترسیداری بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانی دروستکردووە؛ هەروەها تورکیا، عێراق و سووریاشی بە ئامانج گرتووە."
وەزیری دەرەوەی تورکیا داوای کرد 'لەپێناوی داهاتووی ناوچەکە و ئارامیی' گەلەکانیان، هەوڵی هاوبەش بدەن و گوتیشی "دەبێت هەموو تواناکانمان یەکبخەین و داعش و پەکەکە لەنێوببەین."
هاکان فیدان زیاتر لەبارەی پارتی کرێکارانی کوردستان و هەڵوێستی عێراق لەو بارەیەوە قسەی کرد و رایگەیاند، حکومەتی عێراق، پەکەکەی بە رێکخراوی قەدەخەکراو ناساندووە، بەڵام "چاوەڕوانیی کۆتاییمان لە عێراق ئەوەیە؛ وەک رێکخراوی تیرۆریستیش بیناسێنێت.''
یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی عێراق و تورکیا لەبارەی هاوئاهەنگیی سەربازی و ئەمنی
شاندی باڵای ئەمنی عێراق و تورکیا 15ـی 8ـی 2024، لە ئەنقەرە لەسەر ئەو لێکتێگەیشتنە، رێککەوتن کە لەلایەن سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق و یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا واژۆکرا.
بەپێی لێکتێگەیشتنەکە، عێراق و تورکیا ناوەندی هاوئاهەنگیی ئەمنی هاوبەش لە بەغدا دادەمەزرێنن، کە سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان دەبێت و بەهاوبەشی لەنێوان کۆماری عێراق و کۆماری تورکیا بەڕێوەدەبردرێت.
ئەرکی ناوەندە هاوبەشەکە ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگریی مەیدانییە لەسەر سنووری هاوبەش و گەیاندنی هەر زانیارییەک کە رەهەندی ئۆپەراسیۆنی و ستراتیژییەتی بۆ بارەگای باڵای هەردوو لایەن هەبێت.
یاداشتنامەکە لە 10 مادە و چەندین خاڵ پێکهاتووە، تێیدا بە وردی باسی شێوازی کارکردنی هەردوولا (عێراق و تورکیا) کراوە بۆ هاوئاهەنگیکردن بۆ "پاراستنی بەرژەوەندییە ئەمنی و نیشتمانییەکانیان و برەودان بە هاوئاهەنگیی ئەمنی و سەربازی و هەواڵگری لە رێگەی ئاڵوگۆڕکردنی زانیارییەکان سەبارەت بە رێکخراوە تیرۆرستییەکان."
بەپێی لێکتێگەیشتنەکە، ناوەندی راهێنان و هاوئاهەنگیی هاوبەشی نێوان هەردوولا لە سەربازگەی باشیک دەبێت.
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو لیژنە هاوبەشە ئەندام دەبێت کە بە سەرۆکایەتیی سوپاسالاری هەردوو وڵاتی عێراق و تورکیا پێکدەهێنرێت و سەرپەرشتیی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکە دەکەن.
لە مادەی پێنجەمی لێکتێگەیشتنەکەدا هاتووە "لیژنەیەکی هاوبەش بە سەرۆکایەتیی سوپاسالاری هەردوو وڵات پێکدەهێندرێت. ئەندامانی لیژنەکەش لە لایەنی عێراقی هەریەک لە بریکارانی وەزارەتی دەرەوە، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، دەزگای هەواڵگری، دەستەی حەشدی شەعبی و وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکدێت. لەلایەنی تورکیاش هەریەک لە بریکاری وەزارەتی ناوخۆ، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی، دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی و (سێ دامەزراوەی دیکەش کە دواتر دەستنیشان دەکرێن) پێکدێن. کاری ئەم لیژنەیە سەرپەرشتیکردنی ئەم یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنە دەبێت."
پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و ناکۆکییەکان
لەسەر هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بۆری نەوتی جەیهانەوە، بەغدا و ئەنقەرە ناکۆکن.
لە 25ـی ئادارى 2023ـەوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە راگیراوە، ئەوەش دوای بڕیارێکی دەستەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس لەسەر سکاڵایەکی عێراق دژی تورکیا.
پێش راگرتنی هەناردەکردنی نەوت، رۆژانە 450 هەزار بەرمیل نەوت لەڕێگەی بۆڕیی نەوتی عێراق - تورکیا رەوانەی بازاڕەکانی جیهان دەکرا.
هەرچەندە رۆژی 23-11-2023، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی "چاوەڕێ دەکەین لەم نزیکانەدا بۆریی نەوت کارا بکرێت. ئەمە بەگوێرەی ئەوەی لایەنی عێراقی بە ئێمەیان گوتووە." بەڵام تاوەکو ئێستا هەناردەی نەوت دەستی پێنەکردووەتەوە.
عەلی مەشکوور، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر دۆسیەی نەوت رێککەوتوون، بەڵام تاوەکو ئێستا پرۆسەی جێبەجێکردنی ناڕوونە و نازانرێت چۆنە".
بەگوتەی ئەندامەکەی لیژنە و گاز، "وەزارەتی نەوتی عێراق هەموو میکانیزمەکانی وەرگرتنی ئەو نەوتەی هەرێمی کوردستانی گرتووەتە بەر. بە روونی لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەر ئەوە رێککەتووە، بەڵام نازانین کەی جێبەجێ دەکرێت. لیژنەکەمان پشتیوانی لە بژارەی چارەسەرکردنی دەکات".
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق