بۆ زەویی جووتیارانی کورد و تورکمان شاندێک سەردانی بەغدا دەکات

ليست هناك تعليقات


شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پرسی زەویی جووتیارانی کورد و تورکمان سەردانی بەغدا دەکات. شاندەکە لەگەڵ بەرپرسانی دوو وەزارەت و سەرۆکایەتیی پەرلەمان کۆدەبێتەوە.

فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کە سەرۆکایەتی شاندەکە دەکات، گوتی: "بڕیارە ئەمڕۆ بۆ تاتوێکردنی پرسی کێشەی زەویی جووتیاران لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کە زۆربەیان زەویی جووتیارانی کوردن، سەردانی بەغدا بکەین و سبەی کۆبوونەوەکانمان دەستپێدەکەن."

روونیشیکردەوە: "هەوڵدەدەین بۆ چارەسەرکردنی هەمیشەیی ئەو کێشەیە. بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی کشتوکاڵ، وەزارەتی داد، سەرۆکایەتی پەرلەمان و نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا کۆببینەوە."

شاندەکە بە ئەندامێتی سامی جەلال حوسێن، راوێژکار لە وەزارەتی ناوخۆ و تاهیر عبدولڵا عوسمان، راوێژکار لە فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون بۆ پرسی کێشەی زەوی و زاری کشتوکاڵی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانە.

سەرۆکی شاندەکە دەڵێت: سەردانەکەیان بە بڕیاری سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانە. ئامانجیان تاوتوێکردنی جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە 29ـی ساڵی 2012ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە؛ "ئەگەر کێشەی جووتیارانی کورد و تورکمان چارەسەر نەکرێ، لە داهاتوودا کێشەی گەورەتری لێدەکەوێتەوە کە رەنگە بەرگرتن لێی زەحمەت بێت."

ئاماژەی بەوە کرد، بە سەدان دۆنم زەویی کورد لە سەردەمی رژێمی بەعس لە کورد و تورکمان سەندراوە؛ "تەنیا بە بڕیار ژمارە 369، زیاتر لە 125 هەزار دۆنم زەویی لە کورد وەرگیراونەتەوە."

لە ساڵی 2012 پڕۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی بەعس دەرچوو و بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی لیژنەی کاروباری باکووریش ژمارە 29ی ساڵی 2012 دەرچوو، بەهۆکاری سیاسیی جێبەجێ نەکران.

لەدوای ساڵی 1975ـەوە زیاتر لە 400 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵیی کورد و تورکمان لە کەرکووک دەستیان بەسەردا گیراوە داگیرکراوە و کراون بە ناوی وەزارەتەکانی عێراقەوە، وەکو وەزارەتەکانی نەوت و بەرگری و دارایی و کشتوکاڵ.

لە کۆبوونەوەی رۆژی 24-1-2012یدا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری ژمارە 29ـی دەرکرد کە بریتییە لە:

- هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم بڕیارەکانی لیژنەی کاروباری باکووری هەڵوەشاوە کە پەیوەندییان بە سڕینەوەی مافی مامەڵەکردن بە زەوییە کشتوکاڵییەکانی ئەو کەسانەوە هەیە کە عەرەب نین، لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەو گرێبەستانەی لەگەڵیان کراوە کە لە راسپاردەکانی لیژنەی جێبەجێکردنی مادەی 140ـی دەستووری عێراق هاتووە.

- قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی لە هەڵوەشاندنەوەی بڕگەی یەکەم زەرەمەند دەبن.


رۆژی 19-06-2023 هادى عامرى، سەرۆکى لیژنەى باڵاى جێبەجێکردنى مادەى 140 نووسراوێکى ئاراستەى وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق کرد و، تێیدا جەخت لەسەر جێبەجێکردنى بڕیارى ژمارە 29ـی ساڵى 2012 دەکاتەوە، کە لەلایەن ئەنجوومەنى وەزیرانى ئەو کاتەی عێراقەوە دەرکراوە بۆ هەڵوەشاندنەوەى سەرجەم بڕیارەکانى کاروبارى باکوورى سەردەمى دەسەڵاتی بەعس.

بەپێی نووسراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی کەرکووک کە رۆژی 11ـی ئەیلوولی 2023 بە ژمارە 21081 دەرچووە و ئاراستەی هۆبە و یەکە کشتوکاڵییەکانی "پردێ، یایجی، مولتەقا، تازە، لەیلان، سەرگەڕان، شوان و قەرەهەنجیر" بە ناونیشانی "جێبەجێکردنی راسپاردەکانی کۆبوونەوەی ژمارە 76ـی لیژنە" کراوە، بەڕێوەبەری کشتوکاڵ فەرمانی کردووە بە جێبەجێکردنی وردەکارییەکانی بڕیاری ژمارە 29ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی 2012 کە تایبەتە بە زەویی کورد و تورکمان.
 

 


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif