بۆچی هاوبەشیی ستراتیژیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و عێراق گرنگە بۆ خەڵکی عێراق

ليست هناك تعليقات

ئەلینا ڕۆمانۆوسکی
-
رەمەزانتان پیرۆزبێت. هیوادارم ئەم وتارە هەندێک بیرۆکە بخاتەڕوو بۆ رەچاوکردن لە ماوەی ئەم مانگەی تێڕامان لەگەڵ خێزان و هاوڕێیان. پاش راگەیاندنی لیژنەی باڵای سەربازیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و عێراق، سەرکردەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و عێراق دانوستاندن لەسەر گۆڕانکاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکەن و، بەدیاریکراوی بوونی سەربازیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کە ماوەیەکی درێژە پاڵپشتی هاوبەشە عێراقییەکان دەکەن لە تێکشکاندنی داعش. لەکاتێکدا کە عێراقییەکان بە هەموو پێکهاتە فرە چەشنەکانیانەوە لەنزیکەوە چاودێریی ئەم گۆڕانکارییە گرنگە دەکەن، چەندین کەس دەپرسن ئەمە واتای چییە بۆ پەیوەندی ستراتیژیی فراوانی 360 پلەییمان. تەنانەت هەندێک دەپرسن بۆچی گرنگە ئەم هاوبەشییەمان بمێنێتەوە.

من تێدەگەم کە هەموو عێراقییەکان بەهەمان شێوە سەیری پەیوەندییەکەمان ناکەن، هەروەها هەبوونی رای جیاواز لەسەر ئاراستەی وڵاتەکەتان شتێکی سرووشتییە – بگرە ئاماژەیە بۆ دیموکراسییەکی پێگەیشتوو. لەبەرئەوە، دۆخی ئێستا دەرفەتێکی زێڕینە بۆ رەچاوکردنی ئەوەی ئێوە دەتانەوێت چ جۆرە پەیوەندییەکی ستراتیژی درێژخایەن لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بنیادبنێن. تێچووەکانی وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە زۆر بەرزن – نەک تەنیا بۆ پەیوەندییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و عێراق، بەڵکو بۆ پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ جیهان.


وەک باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق، من شکۆمەندم بە کارکردنی رۆژانە لەگەڵ خەڵکی عێراق و نوێنەرەکانیان بۆ خستنەڕووی روانگەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەبارەت بە هاوبەشیی ستراتیژیی. لەنێو چوارچێوەی رێککەوتنی مێژوویی ستراتیژیی ساڵی 2008 لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و عێراق، کە رێنوێنی پەیوەندییەکەمان دەکات. من ئەوە دەبینم کە عێراق چەند بەدەست دەهێنێت لە هاوبەشییە ستراتیژییە بەردەوامەکەمان، چونکە دەستکەوتەکانی ئەو پەیوەندییە بەهێزەمانە بۆ عێراقییەکان. ئەمانە ئەو شتانەن کە من دەیانبیم.

ئێمە پابەندین بە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەریی عێراق و، شان بەشان وەستاین لەگەڵ هاوبەشە عێراقییەکانمان بۆ رزگارکردنی عێراق لە بەڵای داعش. پاش تێپەڕبوونی 10 ساڵ بەسەر دەرکەوتنی داعش و پێنج ساڵ بەسەر شکستی مەیدانی بەسەر داعش دا، پێویستە بەرچاو روون بین سەبارەت بەوەی هەڕەشەی داعش هێشتا لەسەر عێراق ماوە – لەنێو عێراق و لە سووریاوە. ئێمە دەخوازین هێزەکانی ئاسایشی عێراق توانای پێویستیان هەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی ئایندە، لەبەرئەوە لە ساڵی 2012ـەوە، کۆنگرێسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زیاتر لە 3.5 ملیار دۆلاری تەرخانکردووە بۆ بونیاتنانەوەی هێزەکانی ئاسایشی عێراق. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێداویستییە گرنگەکانی وەکو چەکی پێشکەوتووی فڕۆکەی ئێف 16 و زرێپۆشی جەنگی ئەبرامز و هەروەها راهێنانی پیشەیی بۆ بەهێزکردنی هێزەکانی ئاسایشی عێراق پێشکێش دەکات بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی کۆمەڵگەی فرەچەشنی عێراق بکەن و وەڵامدەرەوەی حکومەتی خاوەن سەروەریی عێراق بن و بتوانن بەرگری بکەن لە عێراق و رۆڵی عێراق لە بەدیهێنانی سەقامگیری لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا.

بەڵام پێویستیمان بە پەیوەندیی زیاترە نەک تەنیا پەیوەندی ئاسایش. پێویستیمان بە پەیوەندیی ئابووری، کولتوری، پەروەردەیی و پەیوەندی خەڵک بۆ خەڵک هەیە کە عێراقی نوێ بنیاددەنێن کە بریتییە لە عێراقێکی مۆدێرن، سەقامگیر، ئارام، خاوەن سەروەری، گەشەسەندوو و بەستراو بە جیهانەوە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێشتا گەورەترین کۆمەکبەخش و پاڵپشتی عێراقە. لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا، ئاژانسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ هاوکاری نێودەوڵەتی USAID زیاتر لە 11 ملیار دۆلاری ئەمریکی وەک کۆمەکی گەشەپێدان بۆ باشترکردنی کۆمەڵگەکان پێشکێشکردووە. ئەمە هاوکاریکردنی عێراقییەکان بووە بۆ دامەزراندنی سەدان بزنس و دروستکردنی هەزاران هەلی کار و بونیاتنانی 150 قوتابخانەی نوێ و 25 بنکەی خزمەتگوزاری تەندروستی و 130 پڕۆژەی ئاو. لە ساڵی 2014ـەوە زیاتر لە 3.6 ملیار دۆلاری ئەمریکیمان دابینکردووە بۆ پاڵپشتیکردنی ئاوارە عێراقییەکان و پەنابەرانی کەمدەرامەت لە بوارەکانی چاودێری تەندروستی و دەرمان و ئاوی پاکی خواردنەوە و ئاوەڕۆی باشتر. لەساڵی 2017ـەوە وەبەرهێنانمان بە بڕی157 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی لە پڕۆژەکان کردووە بە سەرپەشتی عێراقییەکان بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ زیاتر لە 12 ملیۆن عێراقی.

هەزاران عێراقی سوودمەندن لە پرۆگرامە ئاڵوگۆڕییە پەروەردەیی و کولتورییەکانمان. لەوکاتەوەی پرۆگرامە ئاڵوگۆڕییەکانمان بۆ قوتابیانی ئامادەیی و زانکۆ 17 ساڵ لەمەوبەر دەستی پێکردووە، زیاتر لە 5000 گەنجی عێراقی گەشتیان بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە و گەڕاونەتەوە بۆ ئەنجامدانی کاری گەورە لە عێراق. لە ساڵی 2024دا 400 گەنجی دیکەی عێراقی سەردانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکەن لە رێگەی پرۆگرامە ئاڵوگۆڕەکانمان، لەوانەش پرۆگرامی ناوازەی فوڵبرایت و پرۆگرامی ئاڵوگۆڕیی سەرکردە گەنجەکانی عێراق و پرۆگرامی نێودەوڵەتی سەرکردەی سەردانکەر. هاوکات لەنێو عێراق پرۆگراممان هەیە، لەوانە وانەکانی زمانی ئینگلیزی و راهێنانی مامۆستا و دەرفەتەکانی تواناسازی بۆ کارخوازان و کارسازان و چالاکڤانانی ژینگە. پرۆگرامەکانمان دەرفەتی بونیاتنانی توانا هەمەجۆرەکان دابین دەکەن بۆ ئافرەتان و کچان، لەوانەش بەدەستهێنانی بڕوانامەی کەرتی تەکنەلۆژیا لەلایەن کۆمپانیاکانی مایکرۆسۆفت و گوگڵەوە. باڵیۆزخانەکەمان لە بەغدا و کۆنسووڵخانە گشتییەکەمان لە هەولێر ساڵانە هەزاران ڤیزا دەدەن بۆ کارئاسانی گەشتی عێراقییەکان بە مەبەستی بەیەکگەیشتنەوەی خێزان و خۆتۆمارکردن لە زانکۆ و ئەنجامدانی توێژینەوە و دروستکردنی پەیوەندیی کار و وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی یان تەنیا بۆ چێژوەرگرتن لە گەشت بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. هەبوونی ئێمە وایکردووە ئەم پەیوەندییانە دروست ببێت.

بازرگانی لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و عێراق، واتا جووتیارە ئەمریکییەکان خۆراکی پێویست بەرهەمدەهێنن بۆ خێزانە عێراقییەکان. کۆمپانیا ئەمریکییەکانی وزە پێشکەوتووترین تەکنەلۆژیای تۆڕی کارەبا پێشکێش دەکەن بۆ دەستنیشانکردن و تەنانەت دوورکەوتنەوە لە پچڕانی کارەبا و نوێکردنەوەی تۆرباینی کارەبا و دانانی توانای بەرهەمهێنانی نوێ و بەکارهێنانی گازی سرووشتیی دەرچوو بۆ بەرهەمهێنانی کارەبای خۆماڵی. کۆمپانیا ئەمریکییەکانی دەرمان و پێکوتەی کواڵیتی بەرز دەهێنن بۆ عێراقییەکان بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشییەکان، هاوکات کۆمپانیاکانی دیکە وەبەرهێنان دەکەن لە نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکانی عێراق لە رێگەی کەرەستەی پزیشکی ژیانپارێز و تەکنەلۆژیای نوێی تەندروستیی منداڵی ساوا بەمەبەستی بایەخدان بە منداڵانی عێراق. ئێمە پاڵپشتی بانکی ناوەندییمان کردووە لە فراوانکردنی ژمارەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بانکە نێوەندەکان، کە دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ عێراق لەبواری ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی بازرگانی نێودەوڵەتی و ئەنجامدانی بازرگانی بەشێوەیەکی پارێزراو بە دۆلاری ئەمریکی. لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا کۆی پارەی هەڵگیراو لە بانکە بازرگانییەکانی عێراق بەڕێژەی 40 لەسەد بەرزبووەتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ متمانەی بەکاربەر بە دامەزراوە بانکییەکانی عێراق، لەکاتێکدا کە پێکەوە کاردەکەین بۆ زیادکردنی شەفافییەت و بنبڕکردنی گەندەڵی و دزی و بەستنەوەی کەرتی بانکی عێراق بە ئابووری کێبڕکێکاری جیهانی.


بە دڵنیاییەوە وڵاتانی دیکە لە دەرگای عێراق دەدەن و بانگەشەی جێگرەوە دەخەنەڕوو بۆ ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوبەشانمان پێشکێشی دەکەن، بەڵام وەک باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق، من نابینم هیچ یەکێکیان ئەوەندەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەموو رۆژێک پێشکێشی خەڵکی عێراق دەکات ئەوان پێشکێشی بکەن. هەروەها هیچ یەکێکیان ناتوانن هاوبەشییەکی هاوتای راستەقینە و یەکسان پێشکێش بکەن کە عێراق ببەستێتەوە بە جیهان و گەشەسەندنی عێراق بەهێز بکات. ئێمە پردی پەیوەندی لەنێوان خەڵکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و خەڵکی عێراق دروست دەکەین کە بۆ چەندین نەوە بەردەوام دەبێت.

کاتێك لەگەڵ گەنجانی عێراقی قسە دەکەم کە نوێنەرایەتی بەدیهێنانی گۆڕانکاری لە ئایندەی ئەم وڵاتەدا دەکەن، پێم دەڵێن خزمەتگوزاری پشتپێبەستراوتر و پەروەردەی باشتر و کاری زیاتر و کواڵێتی بەرزتری ژیان و دەرفەتی زیاتریان دەوێت. لەبەرئەوەی دەزانین کە پێکەوە دەتوانین هەموو شتێک لەڕێگەی هاوبەشییەکی بەهێزی ستراتیژیی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و عێراق بەدەستبێنین، دەتوانین خەونەکانیان بکەینە راستی.


* ئەم وتارەی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق ئەلینا رۆمانۆوسکی، لەلایەن کۆنسووڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر بۆ رووداو نێردراوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif