هاووڵاتییانی غەززە بەدەست نەبوونی ئاردەوە دەناڵێنن

ليست هناك تعليقات



هاووڵاتییانی فەلەستین لە کەرتی غەززە بەرەو ئەو شوێنانە دەڕۆن کە بارهەڵگرەکانی رێکخراوە مرۆییەکان ئارد بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش دەکەن.

وەک خۆیان باسی دەکەن، هەندێکجار دەبێت چەند کاژێرێک چاوەڕێ بکەن تاوەکو بڕێک ئارد لە رێکخراوەکان وەردەگرن.

هاووڵاتییەکی فەلەستینی دەڵێت، "ئێمە شەو تا بەیانی چاوەڕێ دەکەین ئەو ئاردە وەربگرین؛ لەسەر شەقامەکان دەخەوین، بە سەرما و لەسەر لم دەمێنینەوە و بەرگەی هەموو هەموو سەختییەکان دەگرین بۆ ئەوەی خۆراک بۆ خێزانەکانمان دابین بکەین، بەتایبەتی بۆ منداڵەکانمان."

بەهۆی جەنگی غەززەوە بەشێکی زۆری نانەواخانەکانی کەرتەکە داخراون و ئەوانەشی کە کار دەکەن بە نرخێکی زۆر نان بە هاووڵاتییان دەفرۆشن کە خەڵک توانای کڕینیانی نییە، بۆیە هاووڵاتییان خۆیان نان دروست دەکەن.

نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری داوە لەوەی زیاتر لە 600 هەزار هاووڵاتی لە کەرتی غەززە رووبەڕووی برسێتیی کوشندە بوونەتەوە و لە هەر شەش منداڵێکیش یەکێکییان تووشی بەدخۆراکی بووە.

هاووڵاتییەکی دیکەی فەلەستینی دەڵێت، "ئێمە چووین ئارد وەربگرین، بەڵام لە خاڵی پشکنین دوو رۆژ ماینەوە. ئەو ئاردەی هەیە، درەنگ دەگاتە دەستمان و بەشی هەمووشمان ناکات. کێشەکە تەنیا ئارد نییە، کێشەی کەمی میوە، گۆشت و پێداویستییەکانی دیکەمان هەیە".

لە ساڵی 2024دا، نەتەوە یەکگرتووەکان تەنیا 11 کاروان خۆراکی گەیاندووەتەوە کەرتی غەززە. لە کاتێکدا رێکخراوەکە دەڵێت، نزیکەی ملیۆنێک و 450 هەزار کەس لە دانیشتووانی ئەو ناوچەیەی فەلەستین پێویستیان بە هاوکاریی مرۆییە.

 

 

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif