ئیسرائیل کەناڵی جەزیرە قەدەخە دەکات

ليست هناك تعليقات


سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کەناڵی جەزیرەی قەتەری بە کەناڵێکی "تیرۆریستی" ناودەبات و بەڵێنیش دەدات کە کەناڵەکە لەنێو ئیسرائیل قەدەخە دەکات.

رۆژی دووشەممە، 1ـی نیسانی 2024، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس گوتی: "کەناڵی جەزیرەی قەتەری چیدیکە لە ئیسرائیل پەخشی نابێت".

رۆژی دووشەممە، 1-4-2024 پەرلەمانی ئیسرائیل ناسراو بە 'کنێست' پڕۆژەیاسایەکی پەسند کرد کە تێیدا رێگە بە حکومەتی وڵاتەکە دەدات ئەو دەزگا میدیایانەی قەدەخە بکات کە وەکو هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل سەیر دەکرێن.

پڕۆژەیاساکە بە دەنگی 70 دەنگی بەڵی و 10 دەنگی نەخێر پەسند کرا.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی: "دەمەوێت دەستەجێ بەگوێرەی یاسا نوێیەکە چالاکییەکانی کەناڵەکە بوەستێنم."

بڕیارەکەی پەرلەمانی ئیسرائیل کاردانەوەی ئەمریکای لێکەوتەوە؛ کارین ژان پیێر، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا ئاماژەی بەوە کرد، بڕیارەکە "جێگەی نیگەرانییە".

ئەوە لەکاتێکدایە، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە قەتەر بەردەوام رۆلی نێوەنکاری لە جەنگەکەدا بینیوە و هەوڵیداوە کە ئاگربەست لە نێوان حەماس و ئیسرائیل بکرێت.

پێشتر، چەندین جار شلۆمۆ کەراهی، وەزیری گواستنەوەی ئیسرائیل "کەناڵی جەزیرەی بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناراست" و "بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە بۆ حەماس" تۆمەتبار کردووە.

بەرپرسانی کەناڵەکەش چەندین جار تۆمەتەکانی حەماسیان رەتکردووەتەوە و رایانگەیاندووە، "ئیسرائیل بە سیستەماتیکی کارمەندانی کەناڵەکە" لە کەرتی غەززە دەکاتە ئامانج.

لە کانوونی یەکەمی رابردوو، وێنەگری سامر ئەبو دەقە، وێنەگری کەناڵی جەزیرە لە هێرشێکی ئیسرائیلدا لە غەززە کوژرا و وائیل دەحدوح، بەرپرسی کەناڵی جەزیرە لە کەرتەکە چەند ئەندامێکی خێزانەکەی بە بۆردوومانی ئیسرائیل کوژران و خۆیشی بریندار بوو.

بەگوێرەی دەستەی پاراستنی رۆژنامەڤانان، لەوەتەی جەنگی غەززە دەستیپێکردووە، تاوەکو ئێستا 90 رۆژنامەڤانی فەلەستینی کوژراون و 16ـی دیکەش دەستگیر کراون.

جەنگی غەززە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە لە 7ی تشرینی یەکەمی پار، چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس هێرشیانکردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە. لەو رۆژەدا، بە گوتەی سوپای ئیسرائیل، هەزار و 160 کەس کوژران.

لە بەرامبەردا ئیسرائیل وەڵامی هێرشەکەی بە بۆردوومانکردن و هێرشکردنەسەر کەرتی غەززە دایەوە. بە گوێرەی تەندروستیی کەرتی غەززە، بەهۆی هێرش و بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە 32 هەزار و 845 کەس کوژراون و زیاتر لە 75 هەزار و 392 کەسی دیکەش برینداربوون.

سوپای ئیسرائیل رۆژی دووشەممە، 1ـی نیسانی 2024 رایگەیاند، لە سەرەتای جەنگەکەوە 600 سەربازیان کوژراون.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif