عەبدوڵڵا زەیدان بە فەرمیی بووە سەرۆکی گەورەشارەوانیی وان

ليست هناك تعليقات


دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە بڕیاری پێنەدانی فەرمانی دەستبەکاربوونی عەبدوڵڵا زەیدان، بەربژێری سەرکەوتووی دەم پارتی بۆ گەورەشارەوانیی وان پاشگەز بووەوە و، بە فەرمی زەیدان بووە سەرۆکی گەورەشارەوانیی وان.

لە هەڵبژاردنی رۆژی 31ـی ئاداردا، عەبدوڵڵا زەیدان، بەربژێری دەم پارتی 55.48٪ـی دەنگەکانی پارێزگای وانی بەدەستهێنا. لە بەرامبەردا عەبدولئەحەد ئارڤاس، بەربژێری ئاکپارتی 27.15٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێنابوو.

هەرچەندە بڕیاربوو، رۆژی 2ـی نیسانی 2024، فەرمانی دەستبەکاربوونی عەبدوڵڵا زەیدان وەک سەرۆکی هەڵبژێردراوی گەورەشارەوانیی وان بدرێت، بەڵام بەگوێرەی بڕیارێکی دادگە، زەیدان و بڕیاردرا پۆستی سەرۆکی گەورەشارەوانیی بە براوەی دووەم بدرێت، کە بەربژێری ئاکپارتی بوو.

بەهۆی گوشارەکان و تانەکانی تیمی پارێزەرانی دەم پارتی، ئێوارەی ئەمڕۆ (چوارشەممە 3ـی نیسانی 2024) دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە بڕیارەکەی پاشگەز بووەوە و بڕیاری دا عەبدوڵڵا زەیدان، بکرێتە سەرۆکی گەورەشارەوانیی وان و بە فەرمی فەرمانی دەستبەکاربوونی پێبدات.

بۆ داکۆکیکردن لە مافی عەبدوڵڵا زەیدان، بەربژێری براوەی دەم پارتی، بەشێکی زۆری خەڵکی وان، ئەندام و لایەنگرانی دەم پارتی و چەندین لایەنی سیاسیی دیکە، ناڕەزایەتییان دەربڕی و خۆپیشاندان لە وان و چەند پارێزگایەکی باکووری کوردستان و تورکیا کرا. بەهۆیەوە 89 خۆپێشاندەر لە وان و شەش پارێزگای دیکە بە تۆمەتی نانەوەی ئاژاوە و تووندوتیژی، دەستگیرکران. هەروەها بۆ بەرگرتن لە ناڕەزایەتییەکان، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا 15 رۆژ قەدەخەی چالاکیی لە وان و بەدلیس راگەیاند.

لەلایەکی دیکەشەوە، تیمی پارێزەرانی دەم پارتی تانەیان لە بڕیارەکە دا و هۆشدارییان دا ئەگەر لە بڕیارەکەدا پاشگەز نەبنەوە، پەنا بۆ دادگەی دەستوور دەبەن.

دوای گرژییەکان، ئەمڕۆ ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ دوای پێدانی فەرمانی دەستبەکاربوونی، گوتارێکی پێشکێشکرد و تێیدا پشتیوانی خۆی بۆ عەبدوڵڵا زەیدان دەربڕی و رایگەیاند "ئەوەی لە وان روویدا کارێکی زۆر نامۆیە، لە نزیکەوە زۆر بە هەستیاریی بەدواداچوون بۆ سەرجەم رووداوەکە و پێشهاتەکانی دەکەم. ئەو برایەتان هەرگیز بەرامبەر کارێکی ناڕەوا و نایاسایی بێدەنگ نابێت. لە دژی هەر پرۆسەیەکی نایاساییدا دەبم و هەڵوێستم دەبێت."

رۆژی 31ـی ئاداری 2024، هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە تورکیا و باکووری کوردستان بەڕێوەچوو. جەهەپە لەسەر ئاستی تورکیادا 17 ملیۆن و 391 هەزار و 548 دەنگی بەدەستهێنا و 35 شارەوانیی بردەوە. ئاکپارتی بە بەدەستهێنانی 16 ملیۆن و 339 هەزار و 771 دەنگ، 24 شارەوانی بردەوە. دەم پارتی بە دوو ملیۆن و 625 هەزار و 588 دەنگ، سەرۆکایەتیی 10 شارەوانیی شارەکانی بەدەستهێنا. مەهەپە بە دوو ملیۆن و 297 هەزار و 662 دەنگ سەرۆکایەتیی هەشت شارەوانیی شارەکانی بردەوە. پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ بە دوو ملیۆن و 851 هەزار و 784 دەنگ، تەنیا دوو شارەوانیی بردەوە.

راستەوخۆ دوای بڕیارەکە، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی ئێکس پەیامێکی بە زمانی کوردی و تورکی بڵاوکردەوە و تێیدا نوسیوویەتی "بژی گەلی مە، بژی تێکۆشانی وان... ئامانجەکەمان پێکا و ئیرادەی خەڵکی وان سەرکەوتوو بوو، پیرۆزە."

 

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif