ژمارەی کوژراوانی هێرشەکەی دیمەشق گەیشتە 13 کەس

ليست هناك تعليقات


میدیای فەرمیی ئێران دەڵێت، ژمارەی کوژراوانی هێرشەکەی سەر باڵەخانەی کۆنسوڵخانەی وڵاتەکەیان لە دیمەشق گەیشتە 13 کەس، لەنێویاندا حەوت بەرپرس و ئەندامی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران هەن.

رۆژی سێشەممە، 2ـی نیسانی 2024، میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، "لە ئەنجامی هێرشەکە کە لەلایەن رژێمی زایۆنییەوە کرایە سەر باڵەخانەیەکی تەنیشت باڵیۆزخانەی ئێران لە پایتەختی سووریا، حەوت ئێرانی و شەش سووری کوژران".

رۆژی دووشەممە، 1ـی نیسانی 2024، کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشقی پایتەختی سووریا کرایە ئامانج و بە تەواوی خاپوور بوو.

دوای هێرشەکە، سوپای پاسداران لە راگەیێندراوێکدا کوژرانی حەوت کەس لە فەرماندەی باڵا و راوێژکارانی سەربازیی خۆی لە سووریا پشتڕاستکردەوە.

بە گوێرەی راگەیێندراوی سوپای پاسداران، لە هێرشەکەدا دوو فەرماندەی باڵایان بە ناوەکانی محەممەدڕەزا زاهیدی و محەممەدهادی حاجی رەحیمی و پێنج ئەفسەری دیکە کە وەک راوێژکاری باڵای سەربازیی لە سووریا بوون، کوژراون.

رۆژی سێشەممە، 2ـی نیسانی 2024، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران هەڕەشەی لە ئیسرائیل کرد و گوتی، "هێرشە تیرۆریستییەکە"ـی ئیسرائیل بۆ سەر کۆنسوڵخانەی وڵاتەکەی لە دیمەشقی پایتەختی سووریا "بێ وەڵام نابێت".

رۆژی هەینی، 29ـی ئاداری 2024ش هێرشێکی ئاسمانیی کرایە سەر پارێزگای حەلەب و سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا رایانگەیاند، هێرشەکە بووەتە هۆی کوژرانی 36 چەکداری سوپای سووریا و هێزە نزیکەکانی.

ئیسرائیل بەدرێژایی شەڕی ناوخۆی سوریا، سەدان هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سووریا.

بەرپرسانی ئیسرائیل چەندینجار رایانگەیاندووە، رێگە نادەن ئێران و گرووپە نزیکەکانی پێگەی خۆیان لە سووریا بەهێز بکەن، بە تایبەتی لەو ناوچەیەی نزیکە لە بەرزاییەکانی جۆلانەوە.

ئیسرائیل لە دوای 7ی ئۆکتۆبەری پارەوە هێرشەکانی چڕ کردوونەتەوە و لانیکەم 50 هێرشی کردووەتە سەر سووریا.

 

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif