مامۆستایانی ناڕازی هۆشداری دەدەنە بەرپرسانی پەروەردەیی

ليست هناك تعليقات


مامۆستایانی ناڕازی لە ڕوونکردنەوەیەکدا هۆشداریدەدەن سەبارەت بە هەڵنەوەشاندنەوەی فەرمانەکانی سزاکان و ٢٥ی٤ی٢٠٢٤یان وەك دواوادە داناوە بۆ ڕوونکردنەوەی ‌هەڵوێستی بەرپرسانی پەروەردەیی سەبارەت بە فەرمانی سزایی مامۆستایان، لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتوە (ئێمە لێرەوە وێڕای جەختکردنەوە لە ڕەدکردنەوەی سزاکان، هەر کردارێکی ناپەروەردەییانەی حیزبیانە ڕەد دەکەینەوە کە بەرامبەر مامۆستایان ئەنجامدراون و دەدرێت، وە پێشمانوایە وەزارەتی پەروەردە خراپ مامەڵەیان لەگەڵ هەڵوێستی بەرپرسانەی مامۆستایانکرد بۆ تێپەڕاندنی ساڵی خوێندنی ٢٠٢٣ بۆ ٢٠٢٤)

دەقی ڕوونکردنەوەکە

هاوڵاتیانی ستەم لێکراو
مامۆستایان و فەرمانبەرانی خاوەن هەڵوێست

لەسەروبەندی ناڕەزایی و بایکۆتی ڕەوای مامۆستایاندا بەڕێوبەرایەتیەکانی پەروەردە لە بری ئەوەی لە خەمی مامۆستایاندابن و پشتیوانیمان بکەن، بە پێچەوانەوە بە فەرمانی حیزبیانە دەستیانبرد بۆ سزادانی مامۆستایان و ژمارەیەکی زۆر مامۆستای بەهەڵوێست لەسەرجەم پەروەردەکان سزادران و نایاساییانە و نا پەروەردەییانە مامەڵەیان لەگەڵ کرا.


لە ڕابردوودا لە رێگەی تیمی پارێزەرانی خۆبەخش و دیدارە جیاوازەکانەوە هەوڵماندا بۆ سڕینەوەی سزاکان، بەڵام بەداخەوە تا ئێستاکە وێڕای هەندێك بەڵێنی زارەکی بەڵام هێشتا فەرمانەکانی سزادانی بەکۆمەڵ لە شوێنی خۆیان ماون و هەرکات بیانەوێت دەتوانن بیانخەنە نێو مەلەفی مامۆستاو فەرمانبەرانەوە، ئەوە وێڕای گواستنەوەی زۆرەملێی ژمارەیەك لە مامۆستایان لە قوتابخانەیەکەوە بۆ قوتابخانەیەکیتر و بانگهێشتکردنی مامۆستایان بۆ لێپرسینەوە لەدەرەوەی بنەما یاساییەکان.


ئێمە لێرەوە وێڕای جەختکردنەوە لە ڕەدکردنەوەی سزاکان، هەر کردارێکی ناپەروەردەییانەی حیزبیانە ڕەد دەکەینەوە کە بەرامبەر مامۆستایان ئەنجامدراون و دەدرێت، وە پێشمانوایە وەزارەتی پەروەردە خراپ مامەڵەیان لەگەڵ هەڵوێستی بەرپرسانەی مامۆستایانکرد بۆ تێپەڕاندنی ساڵی خوێندنی ٢٠٢٣ بۆ ٢٠٢٤


لە کۆتایدا هیوادارین بەرپرسانی پەروەردە تەنها یەك جار بە ئەرکی پەروەردەییانەی خۆیان هەستن و تەواوی فەرمانەکان هەڵوەشێننەوە و لەوە تێبگەن کە مامۆستایەك داوای مافی خۆی بکات چۆن سزادەدرێت؟ کە تەنها لە هەردوو پەروەردەی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی سلێمانی زیاتر لە ٣٠٠٠ سێ هەزار مامۆستا بە (غیاب) سزادراوە، وێڕای گواستنەوەی زۆرەملێ کە ڕوویەکی دیکتاتۆریانەی پەروەردەی نیشانداین و لە زۆربەی پەروەردەکان بڕیاری سزادان جێبەجێ کراوە


بۆیە هیوادارین تا ٢٥/٤/٢٠٢٤ بڕیار لە هەڵوەشانەوەی سزاکان بدرێت و ئەو ڕێگا هەڵانە ڕاستبکرێنەوە کە بەرامبەر مامۆستایان گیرانەبەر، بۆ ئەوەی ناچار نەبین فشارەکانمان دەستپێبکەینەوە و ئەو ماوە کەمەی کەماوە بێ گرفت تێپەڕ ببێت، چونکە دڵنیابن پرسی سزادانی مامۆستایان بە ساڵی داهاتوو ناسپێرین و پێویستە لەم ساڵدا نیگەرانیەکانی مامۆستایان کۆتاییان بێت
مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی سلێمانی
٤/٤/٢٠٢٤

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif