هێرشەکەی مۆسکۆ چۆن کرا و کێ ئەنجامدەرییەتی؟

ليست هناك تعليقات



شەوی رابردوو چوار چەکدار خۆیان کرد بە هۆڵێکی کۆنسێرتدا لە باکووری مۆسکۆی پایتەختی رووسیا و لانیکەم 83 کەسیان کوشت و 130 کەسی دیکەشیان بریندار کرد. سەرەتا گومانەکان خرانە سەر ئۆکراینا، بەڵام دواتر رێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی ‌هێرشەکە راگەیاند.

هێرشەکە چۆن روویدا؟

هێرشەکە بۆسەر هۆڵی کرۆکۆس سیتی بوو لە باکووری مۆسکۆ کە شوێنی چەند هەزار کەسێکی تێدا دەبێتەوە و زیاتر بۆ کۆنسێرتی هونەرمەندە بەناوبانگە جیهانییەکان بەکاردەهێندرێت.

وەک میدیای رووسیا بڵاویکردوەتەوە، هێرشکارەکان سەرەتا بە نارنجۆک هێرشیان کردووە و دواتر بە هەڕەمەکی تەقەیان لە ئامادەبووانی کۆنسێرتەکە کردووە.
بەگوێرەی میدیای رووسیا، دوای تەقەکردنەکە، هۆڵەکە ئاگری گرتووە و بەشێک لە بنمیچی هاتووەتە خوارەوە.

تاوەکو ئێستا چارەنووسی هێرشکارەکان بە روونی دیار نییە و بەرپرسانی رووسیاش هیچ زانیارییەکییان لەبارەی هێرشکارەکان ئاشکرا نەکردووە.


وەزارەتی تەندروستیی رووسیا بڵاویکردەوە، لانیکەم 115 کەس لە بریندارەکان لە نەخۆشخانە خەوێندراون و لەو ژمارەیەش پێنجیان منداڵن و برینی 60 کەسیشیان سەختە.

دوای رووداوەکە، رێوشوێنی ئەمنی لە هەموو فڕۆکەخانە و وێستگەکانی شەمەندەفەری مۆسکۆ تووندکرا. سەرۆکشارەوانیی مۆسکۆش رایگەیاند، هەموو ئاهەنگ و چالاکییەکانی پشووی هەفتە هەڵدەوەشێندرێنەوە.

کێ بەرپرسیارە لە ئەنجامدانی هێرشەکە؟

لە کاژێرەکانی سەرەتای رووداوەکەدا گومانەکان خرانە سەر ئۆکراینا و گومان کرا کە ئۆکراینا هێرشەکەی ئەنجام دابێت، بەهۆی ئەوەی رووسیا و ئۆکراینا ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە لە جەنگدان.

دیمیتری مێدڤیدێڤ، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاساییشی رووسیا هەڕەشەی کرد کە ئەگەر هێرشەکە پەیوەندی بە ئۆکرایناوە هەبێت، ئەوا رووسیا کیێڤ لەنێودەبات.

مێدڤیدێڤ لە تێلیگرام رایگەیاند، "ئەگەر بسەلمێندرێت کە ئەم تیرۆریستانە سەر بە رژێمی کیێڤن، ئەوا هەموویان دەدۆزرێنەوە و بێبەزەییانە وەک تیرۆریست لەنێویان دەبەین"؛ هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، "بەرپرسانی ئەو ئەو وڵاتەی کە ئەم تاوانەی کردووە" سزا دەدرێن.

میخایلۆ پۆدۆلیاک، راوێژکاری نووسینگەی ڤۆلۆدێمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە گرتە ڤیدیۆییەکدا رەتیکردەوە ئۆکراینا دەستی لە هێرشەکەدا هەبێت.
دواتر داعشی خۆراسان لە لە تێلێگرام بەرپرسیارێتی لە ئەنجامدانی هێرشەکە راگەیاند.

داعشی خۆراسان دەڵێت، چەکدارەکانیان دوای ئەوەی هێرشەکەیان کردووە، بێ ئەوەی هیچ زیانێکیان پێبگات گەڕاونەتەوە شوێنەکانی خۆیان.

داعشی خۆراسان چییە؟

گرووپێکی چەکداریی سەر بە داعشە و ساڵی 2015 لە لایەن ژمارەیەک ئەندامی پێشووی تاڵیبانی پاکستانەوە دامەزرا.

داعشی خۆراسان رێز لە سنوورەکان ناگرێت، بەڵام سەرنجەکەی زیاتر لەسەر ئەفغانستان و پاکستانە و جموجووڵەکانیشی لەو دوو وڵاتەدان.

وشەی "خۆراسان" بە واتەی "زەویی خۆر" دێت و ئاماژەیە بۆ ناوچەیەک کە چەندین سەدە پێش ئێستا بۆ قسەکردن لەبارەی هەندێک ناوچەی ئێران، ئەفغانستان و پاکستان بەکارهێندراوە.

کاردانەوەکانی جیهان بەرامبەر بە هێرشەکە

هێرشەکە هەر زوو کاردانەوەی بەشێک لە وڵاتانی جیهانی لێکەوتەوە و هێرشەکەیان سەرکۆنە و شەرمەزار کرد.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی کەسوکاری قوربانیانی رووداوەکە کرد. ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانیش هێرشەکەی بە "تیرۆریستی و ترسنۆکانە" ناوبرد.

یەکێتیی ئەوروپا هێرشەکەی بە "ترسناک" ناوبرد و دەڵێت، "تووشی شۆکی کردین"؛ هاوکات فەرەنساش سەرکۆنەی کرد.

ئەمریکا هاوسۆزیی خۆی بۆ رووسیا راگەیاند و هێرشەکەی بە "تۆقێنەر" ناوبرد.

جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاساییشی نیشتمانیی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "بیرمان لای قوربانیانی ئەم هێرشە تۆقێنەرەیە. وێنەکان تۆقێنەرن و سەختن بۆ بینین."

کێربی گوتیشی، هیچ "ئاماژەیەک نییە" ئۆکراینا دەستی لە هێرشەکەدا هەبووبێت. دواتر سەرۆکایەتیی ئۆکراینا رەتیکردەوە کیێڤ "هیچ پەیوەندییەکی" بە هێرشەکەی مۆسکۆوە هەبێت.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا نیگەرانی وڵاتەکەی لە بەرامبەر هێرشە چەکدارییەکەی سەر هۆڵی کۆنسێرتی کرۆکۆس سیتی لە مۆسکۆ دەربڕی.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "بە داخەوە، هەواڵی هێرشکردنە سەر هۆڵێکی کۆنسێرتمان لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا کە بووە هۆی کوژران و برینداربوونی ژمارەیەکی زۆر کەس، پێگەیشت. بە تووندی سەرکۆنەی هێرشە تیرۆریستییە قێزەونەکە دەکەین کە خەڵکی سڤیلی بێتاوانی کردووەتە ئامانج. پرسە و نیگەرانی قووڵمان بە حکومەت و گەلی رووسیا رادەگەیێنین".

هاوکات هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا بە تەلەفۆن قسەی کرد و وێڕای سەرکۆنەکردنی هێرشەکە، بەناوی سەرۆک، حکومەت و خەڵکی تورکیاوە سەرەخۆشی لە حکومەت و گەلی رووسیا کرد.

هەواڵگریی وەزارەتی بەرگریی ئۆکرایناش لە نامەیەکی تەلەگرامدا، هەواڵگریی رووسیای بە رێکخستنی هێرشەکە تۆمەتبار کرد.

هەواڵگریی ئۆکراینا دەڵێت، "هێرشە تیرۆریستییەکەی مۆسکۆ دنەدانێکی نەخشەبۆدانراو و بەمەبەستی هەواڵگریی رووسیا بوو لەسەر فەرمانی پووتین" و ئامانج لێی "تەشەنەسەندن و فراوانترکردنی جەنگە" لەگەڵ ئۆکراینا.

ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە رووسیا چەند رۆژێک پێش ئەوەی هێرشەکەی سەر هۆڵەکەی مۆسکۆ رووبدات،

رۆژی 7ـی ئەم مانگە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە رووسیا لە راگەیێندراوێکدا هۆشداری لەبارەی بەئامانجگرتنی شوێنە گشتییەکانی مۆسکۆ دا و گوتی، "باڵیۆزخانە چاودێری ئەو راپۆرتانە دەکات کە باس لەوەکەن پەڕگیرەکان پلانێکی نزیکی هێرشکردنیان هەیە".

لەبارەی ئەو شوێنانەی کە باڵیۆزخانەی ئەمریکا هۆشداری دابوو رەنگە بکرێنە ئامانجی گرووپە پەڕگیرەکان، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە رووسیا رایگەیاندبوو، "پەڕگیرەکان پلانیان هەیە کە کۆبوونەوە گەورەکانی مۆسکۆ، لەنێویاندا کۆنسێرتەکان بکەنە ئامانج".

رۆژی 19ـی ئەم مانگەش ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا ئەو راگەیێندراوەکەی ئەمریکا لەبارەی هۆشداری لە رووداوی هێرشکردن لەنێو رووسیادا بە "دنەدان" ناوبرد.

پووتین لەبارەی هۆشدارییەکەی ئەمریکا گوتی، "ئەو دنەدانەی کە بەم دواییانە لەلایەن بەشێک لە پێکهاتە رۆژئاواییەکانەوە بڵاوکراوەتەوە دەربارەی هێرشی تیرۆریستی لەنێو رووسیادا زیان بە کۆمەڵگەی رووسیا دەگەیێنێت".

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif