داوا لە بایدن دەکرێت پشکنین بۆ 'یادگەی' بکات

ليست هناك تعليقات


رۆژنامەنووسان تووشی شۆک نەبوون کاتێک جۆ بایدن لە ئۆڤڵ ئۆفیس لەکاتی پێشوازیکردنی لە سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، غەززە و ئۆکراینای تێکەڵ کرد؛ بەڵام ئەمە زیاتر جەختی لەو کۆمێنتەی دۆناڵد ترەمپی رکابەری کردەوە کە دەڵێت، دەبێت بایدن پشکنین بۆ 'توانای بیرکردنەوە'ی بکات.

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "پێویستە کاری زیاتر بکەین، هەروەها ئەمریکا کاری زیاتر دەکات. لە رۆژانی داهاتوودا هاوشانی دۆستانمان لە ئوردن و ئەوانی دی، هاوکاریی مرۆیی زیاتر لە خۆراک و شتی دیکە بۆ ئۆکراینا فڕێدەدەینە خوارەوە."

بایدن قسەی خۆی بردەسەر و 350 هەزار ژەمە خۆراکی بۆ غەززە بەردایەوە و لەوانەیە هەڵەکەی خۆیشی بیرچووبێتەوە، بەڵام خەڵكی بابەتی 'بیرچوونەوەیان' بۆ سەرۆکێک بیرناچێتەوە کە هەستیارترین جومگەکانی دەسەڵاتی لەژێر دەستە، لەنێویاندا کۆدی چەکی ئەتۆم. ئەم بابەتە کارتێکی بەهێزی دەستی دۆناڵد ترەمپیشە لە بانگەشەکاندا لە دژی بایدن بەکاری دەهێنێت.

دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری سەرۆکایەتیی ئەمریکا رایگەیاند، "کەسێکمان هەیە کە گەندەڵێکی تەواوە و خراپترین سەرۆکیشە لە مێژووی وڵاتەکەمان کە زەین کوێریشە، بە هیچ شێوەیەک نابێت سەرۆکایەتی بکات و ئێستا بەرپرسیارە لە بەرەنگاربوونەوەی رووسیا و ئەگەری هەڵگیرساندنی جەنگی ئەتۆمیشی لێدەکرێت، کە دەبێتە جەنگی سێیەمی جیهانی و زۆر وێرانکەرتر دەبێت لە جەنگەکانی پێشتر بەهۆی ئەو چەکانەی کە کەس نایەوێت تەنانەت بیری لێبکاتەوە، یان قسەی لەسەر بکات."

بایدن تەمەنی 81 ساڵە و بەتەمەنترین سەرۆکی ئەمریکایە لە دەسەڵات، 28ی شوبات بایدن سەردانی سەنتەری پزیشکیی سەربازی 'واڵتەر رید'ی کرد لە واشنتن بۆ پشکنینی جەستەیی، بەڵام رۆژنامەڤانان پرسیاریان لەسەر جەستەی نییە هێندەی پرسیاریان لەسەر هزری هەیە.

کۆشكی سپی ئامادە نییە پشکنینی 'یادگە' بۆ بایدن بکات. کارین جین پیەر، سکرتێری رۆژنامەڤانیی کۆشكی سپی رایگەیاند، "پزیشکەکەی باوەڕی وانییە پێویستی پێی بێت، تەنانەت پزیشکانی دەماریش باوەڕیان وانییە پێویستی پێی بێت."

توانای بیرکردنەوەی بایدن جێگەی نیگەرانیی دەنگدەرانیشە، بەتایبەتی لەکاتێکدا ئەگەر بایدن هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بباتەوە و قەدەر رێگە بدات، لەو چوار ساڵەدا تەمەنی دەبێتە 85 ساڵ.

بەگوێرەی راپرسییەک، کە بە هاوبەشی لەلایەن هەردوو سەنتەری نیوز نەیشن و دیسیژن دێسک کراوە، 52%ی دەنگدەران گومانیان لە توانای بیرکردنەوەی بایدن هەیە، 38%یشیان بۆ ترەمپ هەمان گومانیان هەیە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif