ئیسرائیل رازی بووە شەش هەفتە ئاگربەست لە غەززە رابگەیێنێت

ليست هناك تعليقات


بەرپرسێکی ئەمریکی دەڵێت، ئیسرائیل "بە جۆرێک لە جۆرەکان" رازیبووە بۆ ماوەی شەش هەفتە جەنگی سەر غەززە بوەستێنێت و ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی حەماسە بۆ ئەوەی بارمتەکان ئازاد بکات تاوەکو ئاگربەستەکە بچێتە واری جێبەجێکردنەوە.

بەرپرسەکە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە رۆژنامەڤانانی گوت: "چوارچێوەیەک بۆ رێککەوتن هەیە. ئیسرائیلییەکان بە جۆرێک لە جۆرەکان پێی رازیبوون."

بەرپرسەکە هەروەها دەڵێت: "ئیسرائیلییەکان خاڵەکانی رێککەوتنەکەیان واژۆکردوون و ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی حەماسدایە."

بڕیاربوو ئەمڕۆ شەممە، بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر ئاگربەستەکە، شاندێکی حەماس سەردانی قاهیرە بکات.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بزووتنەوە فەلەستینییەکە گوتی، شاندەکە "وەڵامی فەرمیی" ئەو پێشنیازە دەداتەوە کە مانگی رابردوو لە پاریس لەگەڵ ئیسرائیلییەکان تاوتوێ کرابوو.

نێوەندگیرە میسری، قەتەری و ئەمریکییەکان ماوەی چەندین هەفتەیە هەوڵدەدەن حەماس و ئیسرائیل بگەیێننە رێککەوتنێک، بۆ ئەوەی پێش مانگی پیرۆزی رەمەزان شەڕ بوەستێت.

میدیای میسری باس لەوە دەکات، نێوندگیرەکان "رۆژی یەکشەممە، لە قاهیرە بەردەوام دەبن لە دانوستاندن لەسەر ئاگربەستێک بۆ غەززە."

واشنتن و دەوحە گەشبینیی خۆی پێشانداوە لەوەی لە چەند رۆژی داهاتووەوە ئاگربەست بچێتە واری جێبەجێکردنەوە.

بەڵام رۆژی پێنجشەممە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا گوتی، نابێت چیدیکە ئاگربەست دوابکەوێت، دوای ئەوەی کە زیاتر لە 100 هاووڵاتیی سڤیلی فەلەستینی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە لە کاتی وەرگرتنی خۆراک و یارمەتیی مرۆیی کوژران.

بەرپرسێکی حەماس هەفتەی رابردوو رایگەیاندبوو، ئاگربەستەکە شەش هەفتە دەبێت؛ حەماس 42 بارمتەی ئیسرائیلی لە بەرامبەر ژمارەیەک بەندکراوی فەلەستینیدا ئازاد دەکات.

رۆژی پێنجشەممە، کۆشکی سپی گوتی، ئازادکردنی بارمتەکان "ئاگربەستێکی دەستبەجێ و خۆڕاگری شەش هەفتەیی لە غەززە لێدەکەوێتەوە."

تەندروستیی غەززە دەڵێت، ئیسرائیل تاوەکو ئێستا 30 هەزار و 320 کەسی سڤیلی لە کەرتی غەززە کوشتووە، کە بە گوتەی لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، زیاتر لە 25 هەزاریان ژن و منداڵن.

جەنگی غەززە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە لە 7ی ئۆکتۆبەری پار، چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس هێرشیان کردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە. لەو رۆژەدا، بە گوتەی سوپای ئیسرائیل، هەزار و 160 کەس کوژران، "کە زۆربەیان سڤیل بوون."

 

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif