پێنتاگۆن: 60 رۆژمان پێویستە بۆ دروستکردنی بەندەری غەززە

ليست هناك تعليقات



وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دەڵێت، 1000 سەربازی ئەمریکی بەندەرێکی کاتی لە غەززە دروستدەکەن، کە 60 رۆژی پێدەچێت و بۆ گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بەکاردێت.

رۆژی هەینی 08-03-2024 پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا – پێنتاگۆن رایگەیاند، "ئەمریکا بەندەرێکی ئاویی کاتی لە غەززە دروستدەکات بۆئەوەی کەشتییەکانی هاوکاری بتوانن کەلوپەل بگەیێننە کەشتی و بەلەمەکانی کەناراوی غەززە."

پات رایدەر زیاتر روونیکردەوە، "پێشبینی دەکەین 1000 سەربازی ئەمریکی لە دروستکردنی بەندەرەکە بەشداربن، کە 60 رۆژی پێدەچێت."

هەروەک گوتەبێژەکەی پێنتاگۆن باسیکردووە، لەگەڵ تەواوبوونی بەندەرەکە رۆژانە "دوو ملیۆن ژەمە خواردن دەگاتە دەستی خەڵکی غەززە و هیچ سەربازێکی ئەمریکی لەسەر خاکی غەززە نابن."

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئیسرائیل گەمارۆی غەززەی داوە و نایەڵێت بە ئاسانی هاوکاریی مرۆیی بە دانیشتووانی کەرتەکە بگات.

ئەو هاوکارییەی ئێستا بە خەڵکی سڤیلی غەززە دەگات، زۆربەی لە رێگەی فڕۆکەوە بە پەڕەشووت لە کەناراوەکان بەردەدرێتەوە.

ئەم هەنگاوەی ئەمریکا دوای ئەوە هات کە ئیدارەی بایدن شکستی هێنا لەوەی ئیسرائیل قایل بکات رێگە بۆ گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی خەڵکی غەززە خۆش بکات.

دوێنێ (هەینی) فەرماندەیی ‌ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا – سێنتکۆم رایگەیاند، "فڕۆکەی ئەمریکی C-130 بە هاوئاهەنگیی ئوردن زیاتر لە 11 هەزار و 500 ژەمە خواردنی بە پەڕەشووت بەرداوە نێو غەززە."

بەردانەوەی هاوکاری لە رێگەی پەڕەشووتەوە گیانلەدەستدانی پێنج کەسی لێکەوتەوە کاتێک یەکێک لە پاکێجەکان پێش ئەوەی بەر زەوی بکەوێت بەسەر ئەو پێنج کەسەدا کەوت.

بەرپرسێکی بەرگریی ئەمریکا دەڵێت، "ئەمریکا هۆکاری گیانلەدەستدانی ئەو پێنج کەسە نییە."

لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی بەرگریی ئوردن رایگەیاند، "هیچ کام لە چوار فڕۆکە ئوردنییەکە بەشێک نەبوون لە رووداوی گیانلەدەستدانی ئەو پێنج کەسە."

یەکەم هاوکاریی ئەمریکا لەڕێگەی پەڕەشووتەوە لە 02-03-2024 بوو، کە 38 هەزار ژەمە خواردنیان بەرداوە. دوای سێ رۆژ لە کاروانی دووەمدا 36 هەزار ژەم و لە کاروانی سێیەمیش کە رۆژی پێنجشەممە بوو 38 هەزار ژەمە خۆراکیان فڕێدا نێو خاکی غەززە.

جەنگی غەززە لە 07-10-2023 دەستیپێکرد کاتێک چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل و ئیسرائیلیش بە تووندی دەستی بە وەڵامدانەوە کرد.

دوای پێنج مانگ، ئامارە فەرمییەکانی هەردوولا دەڵێن، "هەزار و 140 کەس لە ئیسرائیل و 30 هەزار و 878 کەسیش لە غەززە گیانیان لەدەستداوە."

بەگوێرەی ئامارەکانی تەندروستیی غەززە، لە 2.3 ملیۆن دانیشتووی ئەو ناوچەیەی فەلەستین 1.8یان ئاوارە بوون.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif