"کەشتییە بۆگەنەکە" بە نزیکەی 19 هەزار مانگاوە دێتە عێراق

ليست هناك تعليقات



کەشتییەکی پڕ لە مانگا و مەڕ، کە بەهۆی بۆنە ناخۆشەکەیەوە، شاری کەیپتاونی ئەفریقای باشووری بێزار کردبوو، چاوەڕێ دەکرێت ئەو وڵاتە بەجێبهێڵێت و روو لە عێراق بکات.

ئەو کەشتییە کە بە "کەشتیی مردن" ناسراوە، لە بەرازیلەوە بەڕێکەوتووە و لانیکەم 19 هەزار مانگای تێدایە، رۆژی یەکشەممە لە بەندەری شاری کەیپ تاونی ئەفریقای باشوور راگیرا بەمەبەستی پشوویەک، بەڵام بەهۆی بۆنەکەی خەڵکی شارەکەی بێزار کردووە و داوایان لە بەرپرسانی کەشتییەکە کردووە زوو بەندەرەکە بەجێبهێڵن.

کەشتییەکە کوێتییە و ناوە فەرمییەکەشی "کوێت"ـە. رێکخراوێکی ئاژەڵپارێزیی ئەفریقای باشووریش لەکاتی پشکنینی کەشتییەکە بۆی دەرکەوتووە زیاتر لە دوو هەفتەیە ئەو کەشتییە بە رێگاوەیە و ژمارەیەکی زۆر لە مانگا لە دۆخێکی خراپدان، هەر لە نێو ریخی خۆیاندا جموجۆڵ دەکەن و شوێنەکەیان تەسکە و ژمارەیەکیشیان مرداربوونەتەوە یان نەخۆش کەوتوون و پێویستیان بە چارەسەری بەپەلە هەیە.

کۆمەڵەی نیشتمانی بۆ پاراستنی ئاژەڵان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت "ئەو رووداوە وەبیرهێنانەوەیەکی زەقی ئەو راستییە تاڵەیە کە هەناردەکردنی ئاژەڵان لەڕێگەی دەریاوە، دیاردەیەکی بەسەرچوو و قێزەونە، کە ئەو ئاژەڵە بەستەزمانانەش رووبەڕووی دۆخێکی خراپ دەکاتەوە". رێکخراوەکە داوا دەکات هەناردەکردنی ئاژەڵان لەڕێگەی دەریاوە قەدەخە بکرێت.

بەگوێرەی میدیای ئەفریقای باشوور، لەدوای بڵاوبوونەوەی بۆنە ناخۆشەکە، دانیشتووانی شارەکە وایانزانیوە بۆنی ئاوەڕۆ و زێراب بووە، دواتر دەسەڵاتدارانی شارەکە لێکۆڵینەوەیان کردووە و بۆیان دەرکەوتووە، بۆگەنەکە بەهۆی ئەو کەشتییەوە بووە.

لەسەرەتای ئەم مانگەش، کەشتییەکی ئوستراڵی کە 16 هەزار سەر مەڕ و مانگای تێدا بوو، بڕیار بوو بگاتە یەکێک لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەهۆی هێرشەکانی چەکدارانی حووسییەکانەوە، زیاتر لە یەک مانگ لەنێو دەریا مایەوە و دواتر ناچار بوو بگەڕێتەوە ئوستراڵیا.

بەهەمان شێوەی کەشتییە کوێتییەکە، ئەو کەشتییە ئوسترالییەش رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەوە بەهۆی ئەوەی مەڕوماڵاتەکەی لە کەشتییەکەدا بوون لە دۆخێکی خراپدا بوون.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif