وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا داوا دەکەن دەستبەجێ جەنگی غەززە بوەستێندرێت

ليست هناك تعليقات


به‌رپرسى باڵاى كاروبارى ده‌ره‌وه‌ و سياسه‌تى ئه‌منيى كۆمیسيۆنى يه‌كێتيى ئه‌وروپا رایگەیاند، سەرجەم وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکە جگە لە هەنگاریا، داوایان کردووە دەستبەجێ ئاگربەستێکی مرۆیی لە غەززە رابگەیێندرێت.

جۆزێپ بۆرێل، جێگرى سه‌رۆک و به‌رپرسى باڵاى كاروبارى ده‌ره‌وه‌ و سياسه‌تى ئه‌منيى كۆمیسيۆنى يه‌كێتيى ئه‌وروپا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە برۆکسل رایگەیاند: "وەزیرانی دەرەوەی 26 وڵاتی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا داوایان کردووە ئاگربەستێکی مرۆیی کە سەربنێتە ئاگربەستێکی هەمیشەیی لە غەززە رابگەیێندرێت".

بۆرێل ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکان داواشیان لە ئیسرائیل کردووە، کە هێرش نەکاتە سەر شاری رەفەح لە باشووری غەززە، چونکە دەبێتە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتییانی سڤیل ببنە قوربانی.

هەنگاریا تاکە وڵاتی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپایە کە بەشداری لە راگەیێندراوەکە نەکردووە و بە یەکێک لە دۆستە نزیکەکانی ئیسرائیل دادەندرێت.

شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە حەوتی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە بەردەوامە. تاوەکو ئێستا زیاتر لە 29 هەزار کەس، کە زۆربەیان ژن و منداڵن، لە غەززە کوژراون و لە ئیسرائیلیش هەزار و 200 کەس کوژراون.

بێنی گانتز، ئەندامی کابینەی جەنگی حکومەتی ئیسرائیل ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند، کە ئیسرائیل لە مانگی رەمەزانیش لە ئۆپەراسیۆنەکانی لە غەززە بەردەوام دەبێت، ئەگەر حەماس بارمتەکان ئازاد نەکات.

رۆژی 24-11-2023 ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە بە نێوەندگیریی قەتەر و میسر بۆ چوار رۆژ راگەیێندرا؛ دواتر دوو جار درێژکرایەوە، جاری یەکەم 48 کاژێر و جاری دووەمیش 24 کاژێر.

لە ماوەی ئاگربەستە حەوت رۆژییەکەی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسدا 105 بارمتەی ئیسرائیلی و بیانی ئازادکران و لە بەرامبەریشدا 240 زیندانیی فەلەستینی ئازادکران. بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، حەماس هێشتا 137 بارمتەی دیکەی لایە.

لە چەند هەفتەی رابردوو، بە نێوەندگیری میسر و قەتەر گفتوگۆی راگەیاندنی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل بەردەوام بوو، بەڵام رۆژی چوارشەممەی رابردوو، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل مەرجەکانی حەماسی بۆ ئاگربەست رەتکردەوە و داوای لە سوپا کرد ئامادەکاری بکەن بۆ هێرشکردنە سەر رەفەح لە باشووری کەرتی غەززە.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پێیوایە ملکەچبوون بۆ داواکاریی حەماس دەبێتە هۆی "کۆمەڵکوژییەکی دیکە".

بزووتنەوەی حەماس داوایدەکرد، ئاگربەستێک بۆ ماوەی چوار مانگ و نیو رابگەیێندرێت؛ هەروەها داواشی کردبوو ئیسرائیل سەرجەم هێزەکانی لە غەززە بکشێنێتەوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif