ژنی ئەبوبەکر بەغدادى: لە درۆن دەترسا و زیاتر لە 10 ئافرەتی ئێزدیی کردبووە کەنیزەک

ليست هناك تعليقات


ئەسما محەممەد، ژنى یەکەمى ئەبوبەکر بەغدادى، ئەمیرى پێشووى رێکخراوى داعش، ئاماژە بەوەدەکات کە ئەبوبەکر بەغدادی زیاتر لە 10 کەنیزەکى ئێزدى هەبووە و لە دواى راگەیاندنى خەلافەتى داعش، ژنێکى 14 ساڵانى عێراقى و ژنێکى دیکەى چیچانى هێناوە.

ئەسما کە بە "ئوم حوزەیفە" ناسراوە، دەڵێت، "بەغدادى پەرۆشى ئاسایشى ژیانى خۆى بووە و لە درۆنى ئەمریکى ترساوە". ئەو ژنەى ئەبوبەکر بەغدادى لە چاوپێکەوتنێکى کەناڵى عەرەبیە چیرۆکى پەیوەندیکردنى هاوژینەى بە رێکخراوى قاعیدە و چۆنییەتى دەرچوونیان لە عێراق دەگێڕێتەوە.

یەکەمجارە لە دواى کوژرانى ئەبوبەکر بەغدادى لە 27ى تشرینى یەکەمى 2019، کەسێکى ماڵباتەکەی خەلیفەى پێشووی داعش، زانیارى لەبارەى ژیانى بەغدادی، یەک لە سەرەکیترین داواکراوەکانى ئەمریکا بدرکێنێت.

ژیانى بەغدادى لە عێراق

ئەبوبەکر بەغدادى لە ساڵى 1999 هاوسەرگیریی لەگەڵ ئەسما محەممەد کردووە کە ژنى یەکەمى بووە، ئەوکات بەغدادى خوێندکارى ماستەر بووە لە کۆلێژی زانستە سیاسییەکان.

ئەسما ئاماژە بەوەدەکات، ئەو کاتە کەسێکى ئاسایی بوو، بیرى تووندڕۆیى نەبوو، بەڵام لەدواى دەستگیرکردنى لەلایەن هێزەکانى ئەمریکاوە لەساڵى 2004 و ساڵێک بەندکردنی، کەسایەتی گۆڕاوە.

ئەو دەڵێت، "جار بەجار لە ماڵ ون دەبوو، ئاڵۆزى لە کەسێتیدا دەرکەوت، ئەو کەسە نەبوو کە پێشتر دەمناسی، لەدواى 2010 زانیم کە پەیوەندی بە رێکخراوى قاعیدەوە کردووە."

بەر لە دروستبوونى رێکخراوى داعش، باڵى عێراقى رێکخراوى قاعیدە لەدواى ساڵى 2003، نوێنەرایەتیی رەوتى رادیکاڵى ئیسلامى دەکرد، لەیەک کاتدا لەشەڕدا بوو لەگەڵ هێزەکانى ئەمریکا و هاوپەیمانەکانى و هێزە ئەمنییەکانى عێراق.

ژنەکەى ئەبوبەکر بەغدادى دەڵێت: "ساڵى 2008 زانیم کە هێزەکانى ئەمریکا بەدوایدا دەگەڕێن، کاتێک بۆ یەکەمجار لە شارى سامەڕا بووین لە ماڵى کەسوکارى؛ هێزەکانى ئەمریکا هاتن، ئەو لەوێ نەبوو، برا گەورەکەیان برد و پێیان گوتین کە ئەو داواکراوە، لەوە تێگەیشتین کە موفتى فەرماندارى کوشتن بووە، بەڵام خۆى نکۆڵى دەکرد کە ئەندامى رێکخراوى قاعیدەیە."

بەگوێرەى گێڕانەوەى ئەسما محەممەد، "ساڵى2010 ئەبوبەکر بەغدادى لە ناحیەى تاجیى سەر بە پارێزگاى سەڵاحەدین بووە، ئەوان وەک خێزانەکەى جار جار سەردانیان کردووە و بە بەردەوامى لەگەڵیدا نەبوون.

چیرۆکى چوونی بۆ سووریا

بەپێى گێڕانەوەى ژنى یەکەمى بەغدادى، لە ساڵى 2012دا، لەعێراقەوە چوونەتە سووریا، سەرەتاى ئەو گەشتەیان لە ناوچەى تاڕمیەى باکوورى بەغداوە دەستپێکردووە کە خۆی و منداڵەکانى لێى ژیاون.

ئەسما دەڵێت، "کەسێک هات لە رێگەى ژنەکەیەوە پێى گوتین کە بمانبات، بەڵام پێى نەگوتین بۆ کوێ دەمانبات، لەرێگەى هێماکانى هاتوچۆوە زانیم کە بەرەو شارى موسڵ دەچین".

بۆ ماوەیەک ژنەکەى بەغدادى لە موسڵ ماوەتەوە تاوەکو بەرەبەیانێک بەرەو سووریا بەڕێکەوتووە و چووەتە شارى رەققە.

رێکخراوى داعش لە ساڵى 2014 شارى موسڵى کۆنتڕۆڵکرد و تاوەکو ساڵى 2017 بەدەست ئەو گرووپەوە بوو.

یاوەرەکانى بەغدادی کێ بوون؟

لە ساڵی 2010 تاوەکو 2012 کە ئەبوبەکر بەغدادى لە عێراق بووە، سێ کەس بە بەردەوامى یاوەرییان کردووە؛ ئەبو حەسەن موهاجیر، ئەبو سیاف توونسى و ئەبو محەممەد عەدنانى بوون و بەگوتەى ژنەکەى، هەرسێکیان زگورت بوون.

ئەسما محەممەد ئاماژەى بەوەدا کە لە شارى رەققە بەردەوام کەسێکى 23 ساڵان یاوەریی بەغدادیی کردووە کە ناوى مەنسووڕ بووە و پاسەوانى تایبەتى بووە.

لە ماڵەوە دەمانچەى پێبووە و لە درۆن ترساوە

ئەسما محەممەد رایگەیاند، ئەبوبەکر بەغدادى لە ماڵەوە پشتێنى بۆمبڕێژکراوى نەدەبەست لەبەر منداڵەکانى و تەنها دەمانچەیەکى پێبوو.

ئەمریکا لە ساڵى 2016 بڕى 25 ملیۆن دۆلارى دیاریکرد وەک پاداشت بۆ هەر کەسێک کە زانیارییان لە سەر ئەبوبەکر بەغدادى پێبدات کە ببێتە هۆى دەستگیرکردن یان کوشتنى.

ژنەکەى بەغدادى ئاماژە بەوەدەکات، بە بریندارى نەیبینوە، بەڵام "زۆر لە درۆنەکانى ئەمریکا دەترسا، زۆر پەرۆشى ئاسایشى خۆى بوو".

چیرۆکى ژنەکانى

ژنەکەى ئەبوبەکر بەغدادى ئاماژە بەوەدەکات کە ژنى دووەمى ناوى سەجا دلێمى بووە و کچێکیان هەبووە، بەڵام لێی جیابووەتەوە، دەڵێت: "پێى گوتووم کە ئەو کچەکەى هێناوە و لێى جیابووەتەوە، نەمزانى کەى هێناویەتى و کەى لێی جیابووەتەوە."

لەدواى چوون بۆ سووریا، چیرۆکى ژنهێنانەکانى ئەبوبەکر بەغدادى دەستیپێکردووە.

ئەسما محەممەد ئاماژە بەوەدەکات کە بەر لە راگەیاندنى "خەلافەتى داعش" بەغدادى ژنێکى سووریایی خەڵکى شارى حەلەبی هێنا کە بێهاوژین بوو، پێنج منداڵى هەبوو، پێشتر ژنى سەرۆکى یەکێک لە گرووپە چەکدارەکانى سووریا بووە.

لە 29ى حوزەيرانى 2014، رێکخراوى داعش "خەلافەتى" لەو ناوچانەى سووریا و عێراق راگەیاند کە لەژێر دەستى بوون، ئەبوبەکر بەغدادی وەک "خەلیفەى ئەو خەلافتە" ناسێندرا.

ئەسما محەممەد رایگەیاند، لەدواى راگەیاندنى "خەلافەتى" داعش ئەبوبەکر بەغدادى ژنێکى 14 ساڵانى عێراقى هێناوە کە کچى عەبدوڵڵا زەوبەعى بوو کە کەسێکى نزیکى خۆى بووە، لەساڵى 2015 ژنێکى دیکەى چیچانى هێناوە.

بەغدادی "10 ئافرەتی ئێزدیی کردبووە کەنیزەک"

ئەسما محەممەد دان بەوەدا دەنێت کە بەغدادى 9 بۆ 10 ئافرەتی کوردى ئێزدى وەک کە نیزەک گرتبوو، بەڵام دەڵێت، هەموویانى نەبینیوە.

لەدواى کۆنتڕۆڵکردنى قەزاى شنگال لە ساڵى 2014 لەلایەن داعشەوە سەتان کچى کوردى ئێزدى لەلایەن ئەو رێکحراوەوە رفێندران و وەک کەنیزەک لەلایەن بەرپرسانى داعش بەکارهێندران.

ژنەکەى بەغدادى ئاماژە بەوە دەدات کە دوو مانگ کچێکى ئێزدى لەگەڵیدا ژیاوە کە ناوى ریهام بووە، بەڵام نەیزانیوە کچەکانى دیکە چیان بەسەر هاتووە "دۆخەکە لە دەوڵەتى ئیسلامییەوە بوو بە دەوڵەتى ژنان."
 
 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif