بنیاتنانەوەی ئۆکراینا پێویستی بە 486 ملیار دۆلارە

ليست هناك تعليقات


بەپێی راپۆرتێکی هاوبەش، بنیاتنانەوەی ئۆکراینا پێویستی بە 486 ملیار دۆلارە. سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەش دەڵێت، "دەبێت پارە سڕکراوەکانی رووسیا لە ئاوەدانکردنەوەی ئۆکراینا خەرج بکرێن."

رۆژی پێنجشەممە، 15.2.2024، هەریەک لە بانکی جیهانی، یەکێتی ئەوروپا، نەتەوە یەکگرتووەکان و حکومەتی ئۆکراینا لە راپۆرتێکی هاوبەشدا رایانگەیاند، بنیاتنانەوەی ئۆکراینا پێویستی بە 486 ملیار دۆلارە.

ئەمە لەکاتێکدایە، پێشتر تێچووی بنیاتنانەوەی ئۆکراینا بە 411 ملیار دۆلار خەمڵێندرابوو.

راپۆرتەکە باس لەوە دەکات، تەنیا لە ساڵی 2024ـدا ئۆکراینا پێویستی بە 15 ملیار دۆلار هەیە بۆ سەرەکیترین و پەلەترین پێویستییەکانی ئاوەدانکردنەوە، لەنێویاندا بنیاتنانەوەی خانووە رووخاوەکان و رێگە سەرەکییەکانی گواستنەوە.

بەهۆی هێرشی سەر ئۆکرایناوە، نزیکەی 300 ملیار دۆلاری رووسیا لە بانکەکانی رۆژئاوا سڕکراوە؛ ئۆکراینا داوا دەکات ئەو پارەیە لە بنیاتنانەوەی ژێرخانەکەی بەکاربهێنرێت.

دێنیس شمیگال، سەرۆکوەزیرانی ئۆکراینا دەڵێت، "تێچووی بنیاتنانەوە[ـی ئۆکراینا] لە ساڵی رابردوودا بەردەوام زیادبووە". دەشڵێت، "سەرچاوەی سەرەکیی ئاوەدانکردنەوەی ئۆکرانیا دەبێت دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانی رووسیا بێت کە لە رۆژئاوا سڕکراون".

کیێڤ هەوڵدەدات لە رێگەی کۆکردنەوەی هاوکاری لە وڵاتانی رۆژئاواوە، شارەکان، رێگەوبانەکان و دامەزراوەکانی وزەی بنیات بنێتەوە کە بەهۆی هێرشی دوو ساڵەی رووسیاوە بۆ سەر وڵاتەکە وێران بوون یان زیانیان پێگەیشتووە.

هەر بەپێی راپۆرتە هاوبەشەکە، 10٪ـی کەرتی خانووبەرەی ئۆکراینا بەهۆی شەڕەوە وێران بووە یان زیانی پێگەیشتووە.

راپۆرتەکە باس لەوەشدەکات، هێرشەکە زیانی گەورەی بە ژینگە و کەرتی کشتوکاڵی ئۆکرایناش گەیاندووە، بەتایبەتیش بەهۆی تەقاندنەوەی بەنداوی کاخۆڤکا لە حوزەیرانی ساڵی رابردوودا.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif