هیچ بەنداوێک مەترسیی لەسەر نییە و بچووکەکانیش زۆربەیان سەرڕێژ بوون

ليست هناك تعليقات


بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، زۆربەی بەنداوە بچووکەکانی هەرێمی کوردستان سەرڕێژبوون. دڵنیاییش دەدات لەوەی هیچ بەنداوێک مەترسیی داڕمانی لەسەر نییە.

چەند رۆژێکە شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و لە چەند شوێنێک لافاو دروستبووە و بووەتە بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی کۆگەکراو.

رەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداو و کۆگەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "زۆرینەی بەنداوە بچووکەکانی هەرێمی کوردستان بەهۆی بارانی زۆرەوە سەرڕێژ بوون".

لەبارەی دۆخی بەنداوە گەورەکان و دەنگۆی مەترسی لەسەر چەند بەنداوێک، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکان گوتی: "بەنداوەکانی دووکان و دەربەندیخان ئاویان زیادی کردووە، ئەو بەنداوانە و هەموو بەنداوەکانی دیکەش هیچ مەترسییەکیان لەسەر نییە".

بەشێکی زۆری ئەو ئاوی باران لە هەرێمی کوردستان بەهۆی نەبوونی بەنداو لەسەر رێڕەوە ئاوییەکان دەڕوات بۆ شارەکانی عێراق.

سەعبان ساری، بەڕێوەبەری بەنداوی حەمرین لە پارێزگای دیالە رایگەیاند: "بەنداوی حەمرین چاوەڕێی گەیشتنی ئاوە لە کاژێرەکانی داهاتوودا." گوتیشی: "لە چرکەیەکدا 450 مەتر سێجا ئاو رژاوەتە نێو بەنداوی دەربەندیخان."

لە هەرێمی کوردستان سێ بەنداوی گەورە هەن، ئەوانیش بەنداوەکانی دووکان، دەربەندیخان و دهۆک. هەروەها 20 بەنداوی بچووک هەن.

سێ رۆژە شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، بەهۆی زۆری بارانەوە دوێنێ لە چەند شارێکی هەرێمی کوردستان لافاو دروستبوو و زیانی مادی بە هاونیشتمانیان گەیاند.

بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.

محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، بارانبارین تاوەکو رۆژی یەکشەممە بەردەوام دەبێت و شەوی یەکشەممە کۆتایی دێت.
 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif