وەزیری دەرەوەی ئێران: نەتەنیاهوو بەبێ پشتیوانیی ئەمریکا ناتوانێت درێژە بە شەڕ بدات

ليست هناك تعليقات


  
وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی هێرشی حووسییەکانی یەمەن بۆ سەر کەشتییەکان لە دەریای سوور دەڵێت، ''ئێمە هیچ چەکێکمان پێ نەداون''. دەشڵێت، ئەگەر ئەمریکا پاڵپشتیی ئیسرائیل نەکات، ئەوە ئیسرائیل ناتوانێت درێژە بە شەڕ لە دژی غەززە بدات.

حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ (ABC news)ی ئەمریکی لەبارەی شەڕی نێوان گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ''ئەگەر ئەمریکا پاڵپشتیی لۆجیستی، سیاسی و سەربازیی رژێمی زایۆنی نەکات، نەتەنیاهوو [سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل] ناتوانێت 10 خولەکیش درێژە بە شەڕ دژی فەلەستینییەکان بدات.''

حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان ناڕاستەوخۆ پاڵپشتیی لە هێرشی حووسییەکانی یەمەن بۆ سەر کەشتییەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و وڵاتانی ئەوروپی لە دەریای سووردا کرد، کە بە پاساوی پاڵپشتیی حەماس و هاووڵاتییانی کەرتی غەززە دەیکەن، بەڵام رەتیکردەوە هیچ چەکێک لەلایەن ئێرانەوە بە حووسییەکان درابێت و گوتی، ''پێویستە لە یەمەنییەکان بپرسن کە چی لە یەمەن روودەدات. بەڵام ئەو بڕیارەی کە داویانە لە پشتیوانیکردنی فەلەستینییەکان، پێموایە بڕیارێکی زۆر ئازایانەیە.''

وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەوە کردەوە، ''ئەگەر دەستبەجێ جینۆسایدی دژی غەززە رابگیرێت، ئاسایش دەگەڕێتەوە بۆ دەریای سوور، ئەمەش یەمەنییەکان پێیان راگەیاندووین کە ئاسایش و ئەمنییەتی کەشتییەکان لە دەریاکەدا بۆ حووسییەکانیش گرنگییەکی تایبەتی هەیە.''

بەرەبەیانی 7-10-2023، چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس بەناوی ئۆپەراسیۆنی"تۆفانی ئەقسا" هێرشیانکردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی ئیسرائیل و فێستیڤاڵێکی میوزیکی. بەگوێرەی حکومەتی ئیسرائیل، حەماس ئەو رۆژە 250 کەسی بە بارمتە گرت و زیاتر لە هەزار و 140 کەسی ئیسرائیلی و بیانی کوشت. 24 کاژێر دواتر ئیسرائیل بە ئۆپەراسیۆنی "شمشێری پۆڵایین" وەڵامی حەماسی دایەوە و لە ئاسمان و زەمینەوە هێرشی کردە سەر غەززە.

لەو کاتەوە ناوە بە ناوە لەلایەن حووسییەکانی یەمەنەوە، وەک پاڵپشتیی لە حەماس و دژایەتی لەگەڵ ئیسرائیل، هێرش کراوەتە سەر کەشتییەکانی رێڕەوی نێودەوڵەتی لە دەریای سووردا و هێزەکانی هاوپەیمانیش بۆ بەرگری لە کەشتییەکان و بەرژەوەندیی ئەمریکا، ئیسرائیل و وڵاتانی ئەوروپی، بە مەبەستی وەستاندنی حووسییەکان هێرش دەکەنە سەر بنکە سەربازی و سەکۆ مووشەکییەکانیان لە یەمەن.

بەگوتەی وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا، لە دوو مانگی رابردوودا حووسییەکان زیاتر لە 30 هێرشیان بە درۆن، مووشەک و بەلەمی خێرا کردووەتە سەر کەشتییەکان لە دەریای سوور. لە وەڵامی ئەوەیشدا ئەمریکا و بەریتانیا 8 جار هێرشیان کردووەتە سەر حووسییەکان.

ئەمیر عەبدوڵڵاهییان ئاماژەی بەوە کرد، هۆکاری سەرەکیی ئۆپەراسیۆنی تۆفانی ئەقسا کە حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو کردی ''ستەم و خراپەکاریـی رژێمی زایۆنی دژ بە هاووڵاتییانی فەلەستینی بووە و هەر وەک لە رۆژانی سەرەتای شەڕی دژی غەززە، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، '7ـی ئۆکتۆبەر لە بۆشاییدا رووی نەداوە' و رەگی ململانێکانی فەلەستین بە هیچ شێوەیەک 7ـی ئۆکتۆبەر نەبووە.''

''تاوانبارانی تیرۆری شەهید قاسم سولەیمانی دەبێ بدرێنە دادگە''

بەرەبەیانی 3ی کانوونی دووەمی 2020، بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکی بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرککۆماری ئەو کاتی ئەمریکا، هەریەکە لە قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کرانە ئامانج و هەردووکیان کوژران.

ئەمیر عەبدوڵڵاهیان باسی لە کوژرانی قاسم سولەیمانی کرد و گوتی، ''ئەم تیرۆرە هەڵەیەکی گەورە بوو کە ترەمپ کردوویەتی و شتێک نییە لەبیر بکرێت، ئێمە بەدوای ئەوەداین کە هەموو تاوانباران و سەرکردەکانی ئەم کردەوە تیرۆریستییەی دژی شەهید قاسم سولەیمانی کرا، بدرێنە دادگە.''

''لەگەڵ فراوانبوونەوەی شەڕ نین''

لەبارەی ئەگەری پەلکێشانی شەڕەکەی کەرتی غەززە بۆ وڵاتانی دیکەی ناوچەکە و فراوانبوونەوەی، وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی، ''لە ماوەی 110 رۆژی رابردوودا دەسەڵاتدارانی ئەمریکا چەندین جار پەیامیان بۆ ئێمە ناردووە کە نایانەوێت شەڕەکە فراوانتر ببێتەوە، ئێمەش چاومان لە فراوانکردنی بازنەی شەڕەکە نییە، بەڵکو بە روونی بە ئەمریکییەکان دەڵێین، کە ئێوە ناتوانن لەلایەکەوە پەرە بە شەڕ لە غەززە بدەن و لەگەڵ یەمەن لە دەریای سووردا شەڕ دروست بکەن، لەلایەکیشەوە باس لە رێگریکردن لە فراوانبوونەوەی شەڕەکە بکەن، دۆخی ناوچەکە زۆر هەستیارە و پێویستە بە وردییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.''

وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەوە کردەوە، ''ئەمریکا خودا و سەرکردەی بێ ئەملا و ئەولای جیهان نییە. ئەمریکاش وەکو وڵاتانی دیکە لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئەندامە. پێویستە بزانێت ئاسایش لە ناوچەکەدا بە شەڕ و هێزی سەربازی دەستەبەر نابێت، ئێمەش لە ناوچەکەدا بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە''.

ئەوە لەکاتێکدایە دوای ئۆپەراسیۆنی تۆفانی ئەقسا، لە سووریا، عێراق، رۆژئاوای کوردستان و هەرێمی کوردستان زیاتر لە 100 جار لەلایەن گروپە چەکدارە شیعەکانی نزیک لە ئێران کە خۆیان بە مقاوەمەی ئیسلامی دەناسێنن هێرشکراوەتە سەر بنکە و بارەگاکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا کە ئەوانیش چەندین جار وەڵامی هێرشەکانیان بە مووشەک و درۆن داوەتەوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif