ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکات و داوا لە عێراقیش دەکات، ئەوانەی بەرپرسیارن رووبەڕووی یاسایان بکاتەوە.
ئەمڕۆ هەینی، ئەو گوتەبێژەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "ویلایەتە یەکگرتووەکان سەرکۆنەی هێرشەکەی دوێنێ [ـی سەر کۆرمۆر] دەکات کە لەلایەن گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ئێران کرا و زیانی بە ژێرخانی سڤیل گەیاند، هەروەها گرفتی بۆ کارەبا لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان دروستکرد".
شەوی 25-01-2024 سەرچاوەیەکی باڵا لە قەزای چەمچەماڵ لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نزیک کاژێر 10:45ـی شەو هێرشکرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە سنووری قەزاکە و بەهۆی هێرشەکەوە کۆگایەکی هەڵگرتنی سووتەمەنی گڕیگرت.
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "لەپێناو سەلامەتیی کارمەندان و كێڵگەكە هەناردەكردنی گاز بۆ سەرجەم وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا راگیرا و ئەو هێرشە بووە هۆی كەمبوونەوەی زیاتر لە 2800 مێگاوات كارەبا".
ماتیو میلەر لەبارەی هەڵوێستی وڵاتەکەیەوە دەشڵێت، "جارێکی دیکە، ئێمە، لە دژی ئەم کارە سەرەڕۆ و ناپەسەندانە، شانبەشانی هاوبەشەکانمان لە عێراق، لە نێویدا لە هەرێمی کوردستانی عێراق، دەوەستینەوە. هەروەها داوا لە دامودەزگە عێراقییەکان دەکەین لێکۆڵینەوە بکەن و لێپرسینەوە لەگەڵ ئەوانەدا بکەن کە بەرپرسن. ویلایەتە یەکگرتووەکان بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پشتیوانی کردنی سەروەری و ئاساییشی عێراق".
هەر لەبارەی ئەم هێرشانەوە، ئەمڕۆ هەینی، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سوپاسی هاوخەمی و هەڵوێستی "وڵاتانی دۆست" دەکەن، کە بەردەوام ئەو هێرشانەیان شەرمەزار کردووە، بەڵام بە لێدوان و شەرمەزارکردن، کۆتایی بە هێرشەکان نایەت، داواش دەکەن هەنگاوی کرداری لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بنرێت بۆ کۆتاییهێنان بەم کردەوانە.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا لەبارەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان گوتی، "ئەو هێرش و پەلامارە هەمەجۆرانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، هەوڵی دوژمن و نەیار و خائینانە بۆ نەهێشتنی قەوارەی هەرێم [ـی کوردستان] و پێیان وایە بەم هێرش و فشارە بەردەوامانە، کوردستان هەرەس دەهێنێت."
لە کاردانەوەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆردا لە سنووری قەزای چەمچەماڵ ئەمڕۆ (26-01-2024) ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، لە بڵاوکراوەیەکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، رایگەیاند، "سەرکۆنەی ئەو هێرشەی دوێنیی سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستان دەکەم، هێرشەکە بووە هۆی تێکدانی ژێرخان و پچڕانی وزەی کارەبا لە ملیۆنەها کەس لە نێوەڕاستی وەرزی زستاندا."
هەروەها پشتیوانی وڵاتەکەشی بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق دەردەبڕێت و دەڵێت، "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەگەڵ هاوبەشەکانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ پشتیوانیکردنی سەروەریی عێراق دەمێنێتەوە."
هاوکات، باڵیۆزخانەی کەنەدا لە عێراق رایگەیاند، "بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکەین لە هەرێمی کوردستانی عێراق. ئەم هێرشە بۆ سەر خەڵک و ژێرخان لە هەرێمی کوردستانی عێراق قبووڵکراو نییە. دڵمان لەگەڵ هەموو ئەو خێزانانەدایە کە لە چلەی زستاندا بەبێ کارەبا ماونەتەوە."
باڵیۆزخانەی فەرەنساش لە عێراق سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و رایگەیاند، فەرەنسا "زۆر بە توندی" ئیدانەی هێرشی دوێنێ شەوی دژی کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکات، کە بووە هۆی کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە و راگرتنی بەرهەمهێنانی کارەبا.
باڵیۆزخانەکە هێرشەکەی بە "دەستدرێژیی بۆ سەر سەقامگیریی" ناوبرد وگوتی، "هێرشی هاوشێوە لە دژی ژێرخانێکی مەدەنی، کە سوود بە هەموو عێراقییەکان دەگەیێنێت، دەستدرێژییەکی دیکەیە بۆ سەر سەقامگیری عێراق، بەتایبەتی بۆ سەر سەقامگیری هەرێمی کوردستان".
کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکەوێتە گوندی کۆرمۆر لە شارۆچکەی قادر کەرەم لە قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی، کۆمپانیای دانەگاز و نەوتی هیلالی ئیماراتی وەبەرهێنان لە کێڵگەکەدا دەکەن.
پڕۆژەی گازی کوردستان لە ساڵی 2007 دامەزرا، کاتێک دانەگاز و نەوتی هیلال گرێبەستێکیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرد بۆ بەدەستهێنانی مافی تایبەت بە قەبڵاندن و پەرەپێدان و بەرهەمهێنان و بەبازاڕکردن و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان لە هەردوو وێستگەی کۆرمۆر و چەمچەماڵ لە هەرێمی کوردستان.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق