بەرپرسێکى کۆمیسیۆن: داواى خەرجیى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانمان کردووە و خەرج نەکراوە

ليست هناك تعليقات



بەرپرسێکى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق دەڵێت، داواى 60 ملیار دیناریان کردووە وەکو خەرجیى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، بەڵام پارەکە خەرج نەکراوە و ئەوەش کێشەى بۆ رێوشوێنەکانیان و خشتەى کارکردنیان دروستکردووە.

داوود سەلمان، بەرپرسی رێوشوێنەکانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان رۆژی دووشەممە 04-12-2023 راگەیاند، وەزارەتى دارایی عێراق بودجەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانى خەرج نەکردووە، ئەوەش کێشەى بۆ پلان و خشتەى کارى کۆمیسیۆن دروستکردووە.

بڕیارە لە 25ى شوباتی 2024 هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بکرێت، کە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق سەرپەرشتیى دەکات.

بەگوێرەى هەموارى یاساى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق کە لە 22ى تشرینى دووەمى 2023 لە پەرلەمانى عێراق پەسند کرا، لەگەڵ درێژکردنەوەى تەمەنى کارکردنى ئەندامانى ئەنجوومەنى کۆمیسیۆن، حکومەتى عێراق پابەندکرا بەوەى خەرجى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بگرێتە ئەستۆ.

داوود سەلمان گوتى، "کۆمیسیۆن پارەى خەمڵێندراوى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان ئاڕاستەى ئەنجوومەنی وەزیرانى عێراق کردووە، کە دەگاتە 60 ملیار دینار و خەرجکردنى ئەو پارەیە گرنگە بۆ بەڕێوەچوونى رێوشوێنەکانى کۆمیسیۆن. بەبێ خەرجکردنی ئەو پارەیە ناتوانرێت گرێبەستى کارکردن لەگەڵ کۆمپانیاکان بکەین."

بەگوێرەى ئەو زانیاریەکان لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراقەوە دەستى کەوتوون، یەکێک لە هۆکارەکانى خەرجنەکردنى بودجەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان ئەوەیە، حکومەتى عێراق چاوەڕێى ئەنجامى ئەو سکاڵایە دەکات کە لە دادگەى باڵاى فیدراڵییە دژى چەند مادەیەکى یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، تاوەکو دەست بە خەرجکردنى بودجەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بکات.

3ى کانوونى یەکەمى 2023 دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق دانیشتنێکى دیکەی لەبارەى ئەو سکاڵایە کرد کە لەسەر پێنج مادەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کراون. دادگە بڕیاریدا دانیشتنەکە بۆ رۆژی 27ی ئەم مانگە دوابخات.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif