نەتەوە یەکگرتووەکان: 114 ملیۆن کەس لە جیهاندا ئاوارەن

ليست هناك تعليقات



بەپێی نوێترین راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێستا 114 ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهاندا ئاوارەن؛ تەنیا لە ماوەی سێ مانگی ئەمساڵدا چوار ملیۆن کەس ئاوارە بوون.

رۆژی چوارشەممە 25-10-2023 ئاژانسی کاروباری پەنابەران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ناسراو بە (UNHCR) بڵاویکردەوە کە 114 ملیۆن ئاوارە لە هەموو جیهاندا هەن.

ئاژانسەکە دەڵێت، "تاوەکو نیوەی یەکەمی ساڵی 2023 شەڕی ئۆکراینا؛ گرژییەکانی سوودان، کۆنگۆ و میانمار؛ وشکەساڵی، لافاو و نەبوونی ئاسایش لە سۆماڵ و قەیرانە مرۆییەکانی ئەفغانستان، باوترین هۆکارەکانی ئاوارەبوون بوون."

فیلیپۆ گراندی، کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران گوتی، "ئێستا هەموو جیهان تیشکی خستووەتە سەر کارەساتە مرۆییەکەی غەززە، بەڵام لە هەموو جیهاندا گرژی و ئاڵۆزییەکان لە پەرەسەندندان و خەڵکی بێتاوان دەبنە قوربانی."

گراندی گوتیشی، "بێتوانایی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە چارەسەرکردنی ململانێکان یان رێگری لە کێشە نوێیەکان، ئاوارەبوون و نەهامەتی دەباتە پێشەوە. پێویستە سەرنجیان بخەینە سەر، پێکەوە کاربکەین بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان بۆ ئەوەی پەنابەران و ئاوارەکانی دیکە بگەڕێنەوە ماڵ و حاڵی خۆیان و ژیانیان دەستپێبکەنەوە."

بەپێی راپۆرتەکە تاوەکو مانگی 6ی 2023 لانیکەم 110 ملیۆن کەس ئاوارە بوونە، نیوەی ئەوانەش نەیانتوانیوە سنووری وڵاتەکەیان ببڕن. تەنیا لە سێ مانگ، لە حوزەیران تاوەکو ئەیلوولی 2023 زیاتر لە 4 ملیۆن لەو ژمارەیە زیادی کردووە. ژمارەی ئەوانەی لە غەززە ئاوارە بوون نزیکەی یەک ملیۆن کەسە، بەڵام چونکە ئەو راپۆرتە تاوەکو مانگی ئەیلوولە، ئەو ژمارەیە بۆ 114 ملیۆنەکە زیاد نەکراوە.

گراندی لە بەشێکی دیکەی قسەکانی گوتی: "کە سەیری غەززە و کێشەکانی سوودان دەکەین، هەست دەکەین کە ئاشتی و سەقامگیریی لێمان دوورن. ئێمە نابێت خۆبەدەستەوە بدەین، پێویستە لەگەڵ هەموو هاوبەشەکانمان کاربکەین بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ پەنابەران و خەڵکی ئاوارە."

لە راپۆرتەکە هاتووە، کە ئەو وڵاتانەی هەژار و مامناوەندن، رێژەی ٪75 لەو ژمارەیە پێکدەهێنن. هەروەها تەنیا لە شەش مانگی یەکەمی 2022 لانیکەم ملیۆنێک و 600 هەزار کەس داوای مافی پەنابەرێتییان کردووە، تائێستا ئەو ژمارە زۆرە لە هیچ ساڵێک تۆمار نەکراوە. جگە لەوە، تەنیا 404 هەزار کەس لە ساڵی 2022 گەڕاونەتەوە وڵاتی خۆیان.

نەتەوە یەکگرتووەکان هەموو چوار ساڵ جارێک "کۆڕبەندی جیهانیی پەنابەران" لە جنێڤی سویسرا رێکدەخات، کە گەورەترین کۆڕبەندی نێودەوڵەتییە بۆ پەنابەران لە سەرانسەری جیهاندا، تێیدا حکومەتی وڵاتان، پەنابەران، دەسەڵاتە ناوخۆییەکان، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، کۆمەڵگەی مەدەنی و کەرتی تایبەت بەشداری دەکەن. ئەمساڵ، دووەم وەشانی ئەو کۆڕبەندە لە 13 بۆ 15ی مانگی 12 بەڕێوەدەچێت و ئەو راپۆرتە لەوێ دەخرێتەڕوو. کۆڕبەندی جیهانیی پەنابەران لەلایەن حکومەتی سویسرا و رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەدەچێت.

بۆ ئەمساڵ شەش وڵات بانگهێشتکراون، لەوانەش: کۆڵۆمبیا، فەرەنسا، ژاپۆن، ئوردن، نەیجەر و ئۆگەندا.

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif