پارەی گەنمی جووتیاران دابەشدەکرێت

ليست هناك تعليقات



لە سایلۆی هەولێر، لە کۆی نزیکەی 119 ملیار دینار تائێستا 68 ملیار دیناری گەنمی جووتیاران خەرجکراوە. لە سایلۆی سلێمانی لە کۆی نزیکەی 189 ملیار دینار نزیکەی 112 ملیار دینار خەرجکراوە. لە سایلۆی دهۆک لە کۆی 102 ملیار دینار زیاتر لە 63 ملیار دیناری گەنمی جووتیاران خەرجکراوە.

سەعید عومەر، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر ئەمڕۆ (دووشەممە، 18-09-2023) رایگەیاند، "دوێنێ چەکەکانمان بەدەستگەیشتووە، زۆرجار کە بەدەستیشمان دەگات سێ رۆژ لە بانک دەبێت و دواتر پەیوەندیمان پێوەدەکەن بۆ ئەوەی بڕۆین پارەکە وەربگرین. رەنگە تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە رێکارە کارگێرییەکان تەواو بن، ئەگەر چوارشەممە پارەکە وەربگرین، پێنجشەممە دەست بە دابەشکردنی دەکەین."

پێشتر لە 14-09-2023 نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی کوردستان: بەغدا 107 ملیار دینار بۆ پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان خەرجکردووە، کە 50 ملیار دینار بۆ پارێزگای سلێمانی، 32 ملیار دینار بۆ هەولێر و 25 ملیار دیناریش بۆ پارێزگای دهۆکە.

سایلۆی هەولێر تائێستا 68 ملیار دیناری بۆ خەرجکراوە. بەڕێوەبەری سایلۆکە دەڵێت، "پێشتر 38 ملیار دینار خەرجکرا، کە هەزار و 408 چەک بوو، ئەو 32 ملیار دینارەی ئەم دواییەش خەرجکرا، زیاتر لە هەزار چەکە. جگە لەوانە نزیکەی 51 ملیار دیناری دیکە ماوە کە دەبێت بۆمان خەرجبکرێت. "

لە پارێزگای سلێمانیش ئەو 50 ملیار دینارەی بۆ گەنمی جووتیاران خەرجکراوە هەندێک رێکاری بانکی ماوە. کامەران وریا، بەڕێوەبەری سایلۆی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەم هەفتەیە رێکارەکان تەواو دەبن و هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی دەکەن.

تائێستا لە سایلۆی سلێمانی 112 ملیار دینار پارەی گەنمی جووتیاران خەرجکراوە. بەڕێوەبەری سایلۆکە دەڵێت، "نزیکەی 77 ملیار دیناری دیکەمان پێویستە."

لە سایلۆی دهۆک، هەفتەی داهاتوو پارەی گەنمی جووتیاران دابەشدەکرێت. نازم محەممەد، بەڕێوەبەری بازرگانیی دانەوێڵەی دهۆک: 25 ملیار دینارمان بۆ خەرجکراوە، هەندێک رێکاری بانکی ماون تاوەکو هەفتەی داهاتوو تەواو دەبێت و دەست بە دابەشکردنی دەکەن.

بۆ دابەشکردنی پارەی گەنمی هەموو جووتیارانی، سایلۆی دهۆک 102 ملیار دیناری پێویستە. 

بەڕێوەبەری سایلۆکە دەڵێت، "لە گەڕی پێنجەمدا 38 ملیار و 500 ملیۆن دینارمان بۆ خەرجکراوە کە لە سێ سایلۆ دابەشدەکرا. لە سایلۆی فایدە 885 چەک، شێخان 940 و لە زاخۆ 489 چەک بوو. گەڕی شەشەمیش ئەوەیە کە هەفتەی داهاتوو دابەشدەکرێت و 25 ملیار دینارە. جگە لەوانە نزیکەی 38 ملیار دیناری دیکەمان پێویستە بۆ ئەوەی پارەی هەموو جووتیاران دابەشبکەین. "

پار بەهۆی وشكەساڵی و کەم بارانییەوە بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کەم بوو، بۆیە حکومەتی عێراق بێسنوور گەنمەکەی وەرگرت. ئەمساڵ بەرهەم زۆربوو و بۆ وەرگرتنەکەی، حکومەتی عێراق وەرگرتنی گەنمی سنووردارکرد و تەنیا 500 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگرت.

پار لە پارێزگای هەولێر 117 هەزار و 773 تۆن، لە سلێمانی 136 هەزار و 500 تۆن گەنم و لە دهۆک 52 هەزار و 195 تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیرا.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif