پۆلیسی دوبەی دەست بەسەر 86 ملیۆن حەبی کاپتاگۆندا دەگرێت

ليست هناك تعليقات


 
دامودەزگەکانی دوبەی رایانگەیاند، پۆلیس دەستی بەسەر 86 ملیۆن حەبی کاپتاگۆندا گرتووە کە لەنێو دەرگە و کەلووپەلی بیناسازی و دیکۆردا شاردرابوونەوە و بەهاکەیان سەرووی یەک ملیار دۆلارە. 

ئەمە لە کاتێکدایە کە فرۆشتنی مادە هۆشبەرەکە بووەتە سەرئێشەیەکی گەورە بۆ وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و لە ماوەی شەڕی درێژخایەنی سووریادا سەریهەڵداوە.

ڤیدیۆی کامێرای چاودێری کە وەزارەتی ناوخۆی ئیمارات بڵاویکردووەتەوە، پێشانیدەدات کە گومانلێکراوەکان هەوڵدەدەن حەبی کاپتاگۆن لە رێگەی بەندەری گەورەی جەبەل عەلییەوە لە دوبەی بە قاچاخ بگوازنەوە. دامودەزگاکان دەڵێن، ئەو بڕە مادە قەدەخەکراوە لە نێو پێنج کۆنتەینەر شاردرابووەوە کە دەرگا و کەلووپەلی بیناسازاییان تێدابووە؛ کێشی کاپتاگۆنەکە بە تەنیا زیاتر لە 13 تەن بووە.

شێخ سەیف بن زاید ئال نەهیان، وەزیری ناوخۆی ئیمارات لە راگەیێندراوێکدا گوتی، وڵاتەکەیان "وەک قەڵایەکی نەبەزیو لە بەرامبەر هەر هەڕەشەیەکدا وەستاوە کە ئامانج لێی مەترسی خستنەسەر ئاسایش و خۆشگوزەرانیی کۆمەڵگەی ئیماراتی بێت."

دامودەزگە ئیماراتییەکان ناسنامەی تۆمەتبارە دەستگیرکراوەکانیان ئاشکرا نەکردووە، بەڵام ئەوانیان بە "رێکخراوێکی تاوانکاری نێودەوڵەتی" ناوبردووە، بێئەوەی سەرچاوەی ئەو مادە هۆشبەرانە بزانن. عید محەممەد سانی، بەرپرسێکی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان لە پۆلیسی دوبەی رایگەیاند، بڕیاربووە ئەو مادە هۆشبەرانە بگوازرێنەوە بۆ وڵاتێکی سێیەمی نەزانراو.

بە گوێرەی بەرپرسانی ئیماراتی، بەهای هەر یەک لەو حەبانە، 12 دۆلارە، بەڵام نرخەکە بەگوێرەی وڵات دەگۆڕێت، بۆ نموونە لە سعودیە یەک حەب بە 25 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت. 

سووریا بووەتە پێشەنگی جیهان لە بازرگانیکردن بە کاپتاگۆنەوە کە دەرمانێکی ئەمفیتامینی ئاڵوودەکەرە. سەدان ملیۆن حەب لە ساڵانی رابردوودا بە قاچاخ گوێزراونەتەوە ئوردن، عێراق، سعودیە و وڵاتانی دیکەی عەرەبی لە کەنداو، کە دەرمانەکە بۆ سەرگەرمی هەروەها ئەو کەسانەشی کە ماندووێتی جەستەییان زۆرە بۆئەوەی بەئاگا بمێننەوە، بەکاردەهێنرێت.

ئەمریکا، بەریتانیا و یەکێتیی ئەوروپا هەر یەکە لە بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا و بنەماڵەکەی و هاوپەیمانەکانی، لەنێویاندا گرووپی چەکداری حیزبوڵڵای لوبنان بە ئاسانکاریکردن و قازانجکردن لەو بازرگانییە تۆمەتبار دەکەن. ئەوان دەڵێن ئەوە هێڵی ژیانی دارایی گەورەی بە دەسەڵاتی ئەسەد بەخشیوە لە کاتێکدا ئابووریی سووریا لە داڕماندایە. حکومەتی سووریا و هەسەدە ئەو تۆمەتانە رەتدەکەنەوە.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif