داهاتى عێراق لە شەش مانگدا 17 تریلیۆن دینار لە خەرجى زیاتر بووە

ليست هناك تعليقات

 


لە ماوەى شەش مانگى یەکەمى ساڵى 2023دا داهاتى عێراق زیاتر لە 17 تریلیۆن دینار لە خەرجییەکانى زیاتر بووە و تەنیا ٪12ى خەرجییەکان بۆ کەرتى وەبەرهێنان بووە کە بەگوتەى ئەندامێکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق کاریگەریى لەسەر کەمبوونەوەى پشکى هەرێمى کوردستان دەبێت.

بەگوێرەى ئامارى وەزارەتى دارایی عێراق لە شەش مانگى یەکەمى ساڵى 2023دا داهاتى عێراق 65 تریلیۆن و 195 ملیار و سێ ملیۆن و 735 هەزار و 974 دینار بووە. زیاتر لە 95٪ی ئەو داهاتە کە 62 تریلیۆن و 359 ملیار و 118 ملیۆن دینار بووە، داهاتى فرۆشتنی نەوت بووە.

هەر بەگوێرەى ئامارەکە، لەو شەش مانگەدا خەرجى وەزارەتى داریی 48 تریلیۆن و 71 ملیار و 179 ملیۆن و 377 هەزار دینارە بووە، بەوپێیە 17 تریلیۆن و 123 ملیار و 824 ملیۆن و 358 هەزار دینار لەو داهاتە ماوەتەوە.

رۆژی 29ى ئەیلوولی 2023، جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەو جیاوازییەى نێوان داهات و خەرجى لەو شەش مانگەدا بۆ پڕکردنەوەى کورتهێنان خەرج ناکرێت، بەڵکو دەمێنێتەوە بۆ کۆتایی ساڵ و دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەى دەوڵەت.

جەمال کۆچەر گوتیشى: "کورتهێنان کە لە بودجەدا هاتووە، زیاتر خەمڵێندراوە و لەسەر کاغەزە بۆ ئەو دۆخەى کە داهات لە خەرجى کەمتر بێت، بەڵام لەو شەش مانگەدا داهات لە خەرجى زیاتر بووە."

بەگوێرەى یاساى بودجەى گشتیی عێراق، لە زیاتر لە 198 تریلیۆن دینارى پارەى بودجەکە، نزیکەى 65 تریلیۆن دینارى کورتهێنان دەبێت.

بەگوێرەى ئەو ئامارەى وەزارەتى دارایی عێراق لەو شەش مانگەدا شەش تریلیۆن و 771 ملیار و 195 ملیۆن و 690 هەزار دینارى بودجەى وەبەرهێنان خەرجکراوە، کە دەکاتە 12.5٪ى تێکڕاى بودجەکە.

جەمال کۆچەر دەڵێت، خەرجنەکردنى زۆربەى پارەى پڕۆژەکانى وەبەرهێنان پەیوەندى بە بڕیارێکى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانەوە هەیە بۆ رێگرى لە بەکارهێنانى ئەو پارەیە لە بانگەشەى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگانى عێراق، بۆیە کەمکردنەوەى بڕى پارەى خەرجکراوى بودجەى وەبەرهێنان کاریگەرى لەسەر پشکى هەرێمى کوردستان دەبێت و کەمى دەکاتەوە بەو پێیەى رێژەى 12.67٪ى پشکى هەرێمى کوردستان لە خەرجى کرداریی وەزارەتى دارایی جیادەکرێتەوە.

پشکى هەرێمى کوردستان لە یاساى بودجەى گشتى عێراق بە زیاتر لە 16 تریلیۆن دینار دانراوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif