هەر 10 رۆژ جارێک ئاستی ئاوی رووباری ئەمازۆن زیاتر لە مەترێک دادەبەزێت

ليست هناك تعليقات



کەمبوونەوەی بارانبارین مەترسیی لەسەر رووباری ئەمازۆن دروستکردووە و شارەزا و چاودێرێکی کەشناسیش دەڵێت، مانگانە دەوروبەری سێ مەتر لە ئاوی رووبارەکە دادەبەزێت، ئاستی دابەزینی ئاوەکە رۆژانە، 10 بۆ 15 سانتیمەترە. رێکخراوە ژینگەییەکان لەوبارەیەوە هۆشداریی دەدەن و بەردەوامیی دابەزینی ئاستی ئاوی رووبارەکە بە مەترسی ناودەبەن. 

مارکۆ پاریدێس، بەرپرسی ئاژانسی کەشناسیی سینامهی لۆرینتۆ بۆ چاودێریی کەشناسی و ئاو دەڵێت، "رۆژانە دابەزینی ئاستی ئاوی رووبارەکە 10 بۆ 15 سانتیمەترە، هەموو 10 رۆژێک، مەترێک لە ئاوی رووبارەکە دادەبەزێت، ئەوەش دەکاتە سێ مەتر لە مانگێکدا، ئێمە لە مەترسیداین و لە ماوەی مانگێکدا هەندێک ئاماری مێژووییمان دەستکەوتووە کە کاریگەرییەکی گەورە لەسەر چالاکییە ئاوییەکانی رووبارەکە دروستدەکات."

رووباری ئەمازۆن لە یەکگرتنی رووبارەکانی مارانۆن، مانتارۆ و ئەپوریماک دروستدەبێت کە لە بەرزاییەکانی چیای ئەندێس، لە وڵاتی پیرۆوە سەرچاوەدەگرن. رووبارەکە بە هەریەکە لە وڵاتانی پیرۆ، بۆلیڤیا، ڤەنزوێلا، کۆڵۆمبیا، ئیکوادۆر و بەرازیلدا تێدەپەڕێت، تاوەکو دەڕژێتە زەریای ئەتڵەسییەوە، درێژیی رووبارەکە نزیکەی شەش هەزار و 437 کیلۆمەترە و خێرایی ئاوەکەش شەش بۆ هەشت کیلۆمەترە لە کاژێرێکدا.

بە گوتەی بەرپرسانی زەویناسیی بەرازیل، بەهۆی کەمیی بارانبارین بەتایبەت لە مانگەکانی ئاب و ئەیلوولدا ئاستی رووباری ئەمازۆن بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە. 

رووبارەکە گرنگییەکی زۆری بۆ ئاودارکردنی دارستانی ئەمازۆن هەیە کە یەک لەسەر سێی رووەک و ئاژەڵ و مێرووە دۆزراوەکانی جیهانی تێدا دەژین.

رووبارەکە بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافییەکەی کە بە چەند وڵاتێکدا تێپەڕدەبێت، بەرپرسانی ئەو وڵاتانە لە هەوڵی پاراستنی رووبار و دارستانی ئەمازۆندان و داوای هاوکاریی نێودەوڵەتی دەکەن.

لەبارەی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بۆ رووبارەکە، لویز ئیناسیۆ لولا داسیلڤا، سەرۆکی بەرازیل دەڵێت، "ئەوە بەرازیل نییە کە پێویستی بە پارەیە، ئەوە کۆڵۆمبیا نییە کە پێویستی بە پارەیە و ئەوە ڤەنزوێلاش نییە ئەوە دایکە سرووشتە کە پێویستییەتی."

سەنتەری ئۆپەراسیۆنی قەیرانە لەناکاوەکانی پیرۆ، داوای راگرتنی جووڵانەوەی کەشتییەکان لە رووبارەکەدا دەکات تاوەکو ئەو کاتەی دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif