لە بەسرە بزووتنەوەیەک دامەزرا و داوای بەهەرێمکردنی شارەکە دەکات

ليست هناك تعليقات


ژمارەیەک چالاکڤانی کۆمەڵگەی مەدەنیی پارێزگای بەسرە بزووتنەوەیەکیان بەناوی"ناشطون"ـەوە دامەزراند کە ئامانجی سەرەکییان، دروستکردنی هەرێمی بەسرەیە. ئەندامێکی بزووتنەوەکە دەڵێت، "دەمانەوێت بەسرە بکەینە هەرێمێک، 13 پارێزگای هەبێت، دوای ئەوە لە چەند پارێزگایەکی دیکەش ئەو کارە دەکەین."

رۆژی یەکشەممە، 25-6-2023، عەمار سەرحان، ئەندامی دەستەی سیاسیی بزووتنەوەی "ناشطون" لەبارەی پێکهێنانی هەرێمی بەسرەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێمە دوێنێ شەممە لە بەسرە بزووتنەوەیەکمان بەناوی 'ناشطون' دامەزراند کە ژمارەیەکی زۆر لە چالاکڤانان و کەسانی دیاری بەسرە لەخۆدەگرێت، ئامانجی سەرەکیی ئێمە دروستکردنی هەرێمێکە بە ناوی بەسرە کە پڕۆژەیەکی تەواومان بۆ ئەو مەبەستە ئامادەیە و پارێزگای بەسرە بە سنووری کارگێڕیی ئێستایەوە دەبێت بە 13 پارێزگا و دەستوورمان بۆ نووسیوەتەوە و ئاڵای خۆمان دەبێت."

سەبارەت بە هۆکارەکانی پەنابردن بۆ هەڵکردنی دروشمی بە هەرێمکردنی بەسرە، ئەو ئەندامەی بزووتنەوەکە روونیکردەوە، "ئێمە کێشەی رۆتیناتمان هەیە و دەسەڵاتەکانی پارێزگاکە زۆر کەمە، بۆیە وەبەرهێنان تێیدا کەمە و نەتوانراوە وەکو پێویست سوود لە دەرامەتەکانی پارێزگاکە و توانا مرۆییەکانیشی وەربگیرێت."

ئەندامەکەی دەستی سیاسیی بزووتنەوەی "ناشطون"، لەگەڵ نیگەرانییەکانی دانیشتووانی پارێزگاکە باسی ئەوەی کرد، هێشتا لەلایەن بەغداوە کار بە بڕیارەکانی سەردەمی بەعس و ئەنجوومەنی هەڵوەشاوەی شۆڕش دەکرێت و گوتی، "ئەوە زیانی زۆری بە ئێمە گەیاندووە."

عەمار سەرحان ئەوەشی بۆ رووداو ئاشکراکرد، "لە داهاتوویەکی نزیکدا وەکو حیزبێکی سیاسی بەناوی گردبوونەوەی هەرێمەکانی فیدراڵی، کار دەکەین بۆ ئەوەی چەند پارێزگایەکی دیکەش بکرێن بە هەرێم لە چوارچێوەی عێراقێکی یەکگرتوو."

ئەو ئەندامەی بزووتنەوەکە لە قسەکانیدا چەند جارێک ئاماژەی بۆ رێگەخۆشکەرە یاساییەکان بۆ دامەزراندنی هەرێمی بەسرە کردەوە و گوتیشی، "دەستووری عێراق رێگەی بەوە داوە." باسی لەوەشکرد، جیاوازیی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق لە رووی خزمەتگوزاری و چەند لایەنێکی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ "پەیڕەوکردنی سیستمی هەرێمەکان لە هەرێمی کوردستان کە وایکردووە خزمەتگوزارییەکان و وەبەرهێنانی زیاتر و گەشتیاری زیاتر روو لەو هەرێمە بکەن."

پارێزگای بەسرە یەکێکە لە دیارترین ئەو پارێزگایانەی عێراق کە لە ساڵی 2014ـەوە بەشێکی دانیشتووانەکەی داوای هەرێم دەکەن، لە ساڵی 2019 ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە بە زۆرینەی رەها پڕۆژەی بە هەرێمکردنی پارێزگاکەی پەسەندکرد، کە بە دەوڵەمەندترین پارێزگای عێراق دادەنرێت و 85٪ـی داهاتەکانی عێراق لەرێگەی نەوتەوە دەستدەخات.

دەستووری ساڵی 2005ـی عێراق، لە چەندین بڕگە و مادەدا دانی بە سیستمی فیدراڵیدا ناوە، بەڵام تاوەکو ئێستا عێراق یەک هەرێمی تێدایە کە ئەویش هەرێمی کوردستانە، مادەی 16ـی دەستوور دەڵێت: سیستمی فیدراڵی لە کۆماری عێراق لە پایتەخت و هەرێمەکان و پارێزگا نامەرکەزی و ئیدارە خۆجێییەکان پێکدێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif