وشکەساڵی تەنگی بە دانیشتووانی ناوچەی چبایش لە زیقار هەڵچنیوە

ليست هناك تعليقات


زۆنگاوەکانی چبایش لە پارێزگای زیقار کە لە ساڵی 2016 خرایە لیستی کەلەپووری جیهانییەوە، وشکەساڵی خەریکە وشکی دەکات و تاوەکو چاو بڕ دەکات زەوییەکی وشکهەڵاتووە، گامێشەکانیش بەدوای گۆمێکدا وێڵن و بەشێکی خەڵکی ناوچەکەش کۆچیان کردووە.

مەنسوور عەباس، بەخێوکاری گامێشە و دەڵێت، "مەڕوماڵاتمان مردن، بۆ کوێ بچین؟ هەموو ئەمانە بەهۆی کەمئاوییە، روو لە کوێ بکەین بۆ ئاو؟ پەلەوەر، باڵندە و ماسی هەموو بە ئاو دەژین، ئەو ناوچەیە هەمووی لەسەر ئاو دەژی، ئێستاش ئاو نییە، پێشتر چێژت لە زۆنگاو وەردەگرت، بەڵام ئێستا ئەمە نەماوە، راوکردن نییە و ماڵات هەمووی مردن و نەمان، وشکەساڵییەکی زۆرە".

ساڵانێک زۆنگاوەکانی چبایش لێوان لێوبوو لە ئاو، بەلەمەکان لە خاکێکی وشکدا جێهێڵدراون، پێشتر ئاوی ئەو زۆنگاوانە نزیکەی دوو مەتر قووڵ بوون، بەڵام ئێستا بۆ کەمتر لە 15 سانتیمەتر دابەزیوە.

عەبد عەلی خەلیفە، ماسیگرە و گوتی، "هەموو دوو بۆ سێ ساڵ جارێک ئاومان لەسەر دەگرنەوە، ئەمساڵ ئاومان کەمە، گامێشەکان کۆچیان کردووە بۆ شوێنێک کە ئاوی هەبێت. ئاوەکە پەیتا پەیتا کەمبووەوە، ئەمەش وشکەساڵی لێکەوتەوە کە کاریگەری بەسەر تەواوی ناوچەی چبایش دروستکردووە، نە راو، نە ماسی، نە پەلەوەر و نە گەشتیاری هیچ نەماون".

رەعد ئەسەدی، سەرۆکی رێکخراوی چبایش بۆ گەشتوگوزاری ژینگەیی بە رووداوی راگەیاند، پار بەهۆی وشکەساڵییەوە لە زۆنگاوەکاندا نزیکەی چوار هەزار و 500 گامێش لەنێوچوون و 80٪ دانیشتووانی ناوچەکەش کۆچیان کردووە.

عەلی بێجای، کارمەندی مارشاڵ لاندزی گەشتیاریی باس لەوە دەکات، "یەکەم هۆی کۆچکردنی خەڵک وشکەساڵییە، زۆربەی ئاوانەی گامێش بەخێودەکەن و ژیانیان لەسەر زۆنگاوەکانە وەک راوکردن و بەخێوکردنی ئاژەڵ، کۆچیان کردووە بۆ ئەو ناوچانەی کە ئاوی هەیە، تابتوانن پێویستییەکانی بەخێوکردنی گامێش دابین بکەن، ئەمەش کاریگەریی خراپی بۆ سەر ئەو ناوچانەش دروستکردووە کە رووی تێدەکەن".

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەنداوەکانی عێراق دەڵێت، باران 30٪ـی ئاوی وڵات دابین دەکات و نزیکەی 70٪یش لەسەر رووبارەکانە کە سەرچاوەکەی تورکیا و ئێرانن، ئەوانیش ئاویان گرتووەتەوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif