وانەیەک بۆ میراتگرانی سیاسی

ليست هناك تعليقات


سڵێمان عبدللە یونس
-
عومەری کوڕی عەبدولعەزیز کە بەشێک لە بیریار و مێژونوسانی ئیسلام بە پێنجەمین خەلیفەی ڕاشدینی دادەنێن، کاتێک لەساڵی 99ـی کۆچی بەوەسیەت کرا بە ئەمیری دەوڵەتی ئیسلامی، لە ڕۆژی هەینیدا چوە سەر مینبەر و لە وتارێکدا ڕەتیکردەوە وەک میراتگر ببێت بە خەلیفە، بۆیە داوای لە خەڵکی شام و مسوڵمانان کرد بەئازادی و بە ڕاوێژ لە نێوان خۆیان ئەمیرێک هەڵبژێرن و وتی: ئەوە ماف و ئەرکێکە لە ئەستۆی ئێوەیە، بەڵام خەڵک تێکڕا هاواریان بۆکرد و بەیعەتیان پێدایەوە.
لەدو ساڵی فەرمانڕەوایی ئەودا، ھەرچی ماڵی بە ناڕەوا بردراوی دەوڵەت بو بۆ "بەیتولمال" گەڕێندرایەوە، لە ھاوسەرەکەی خۆیەوە دەستیپێکرد، کاتێک لە نوێژی ھەینی بەیعەتی پێدراو گەڕایەوە ماڵەوە بە ژنەکەی وت: ئێستا من بوم بە پێشەوای دەوڵەتی ئیسلامی دو ڕێگەت لەبەردەمدایە: یەکەمیان تەواوی ئەو پارە و زێڕ و شتەگرانبەھایانەی بە میرات لەماڵی باوکت وەرتگرتون بگێڕیتەوە بۆ بەیتولمال، چونکە من ئامادەنیم سامانێک قبوڵ بکەم کە لە موڵکی گشییەوە بردراوە، وەک ئەوەی باوک و براکانت کردویانە، دوەم ئەگەر بەوە ڕەزامەند نیت، ھەمو ماڵ و سامانەکەت ببە و لە من جیابەرەوە، ھاوسەرەکەشی بێ سێ و دو یەکەمیانی ھەڵبژارد!

کاتێکیش دوای دوساڵ لە فەرمانڕەوایی دادپەروەرانە توشی نەخۆشیەکی کوشندە دێت و لەسەرەمەرگدایە سەیری مناڵەكانی دەكات کە ھیچ سامانێکیان نییە، داوا لە براکەی دەکات تا یارمەتی بدات بۆئەوەی بتوانێت ڕوەو منداڵەکانی دابنیشێت، براکەی دەزانێت کە عومەر لەلایەک نەخۆشیەکەی تەنگی پێهەڵچنیوە و لەلایەكی دیکەشەوە ناسۆر و سۆز و پەرۆشیەکی قوڵی لەدڵدایە بۆ منداڵەکانی، بۆیە پێی دەڵێت: ھەرنەبێت پێش ئەوەی بمری غەدر لە منداڵەکانت مەکە و بڕیاڕ بدە کە قەرەبویان بکەیتەوە و دەسەڵاتەکانت بەکاربھێنە و مانگانەیەکیان بۆ ببڕەوە. عومەر بە براکەی وت: من غەدرم لە مناڵەکانم نەکردوە بەڵام غەدریشم بۆ نەکردون، ھەرچی خۆیان پەیدایان کردوە من لێم وەرنەگرتون و نەمخستوەتە سەر موڵکی دەوڵەت بەڵام لە موڵکی دەوڵەتیش ھیچم نەداوە بەئەوان، چونکە ئەو مافەم نەبوە، ئەگەر مناڵەکانم ڕاست و ژیربن خودا لە شوێنێکەوە سامان و داھاتیان بۆ دەنێرێت کە خۆیان خەیاڵی ناكەن!

کاتێک کۆچی دوایی دەکات سامانەکەی تەنھا 11 دینار بوە و خاوەنی 11 مناڵیش بوە لەو بڕە پارەیە 5 دیناری بۆ بە گۆڕ و 2 دیناری بۆ بە کفن دەدرێت، 4 دینارەکەی دیکە وەک درھەم بەسەر مناڵەکانی دابەشدەکرێت و ھیچکام لە منداڵەکانی دیناریان بەرناکەوێت!

لەڕاستیدا دادپەروەری عومەر کوڕی عەبدولعەزیز ئەوەندە نمونەیی بوە لە خەیاڵ دەچێت ھەتا لەڕاستی، بۆیە ھیچ دەسەڵاتدارێکی کورد نابێت بەئەو، بەڵام خۆزگە پێش ئاشبەتاڵێکی دیکە، یەک لەسەد، پەند و پەیڕەویان لێوەردەگرت!.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif