فەرەنسا مۆزەخانەى شارستانیى موسڵ نۆژەن دەکاتەوە

ليست هناك تعليقات

 


حکومەتى عێراق بە هاوکاریی مۆزەخانەى لۆڤەرى فەرەنسی مۆزەخانەى شارستانیى موسڵ نۆژەن دەکاتەوە کە لەسەردەمى دەسەڵاتى داعشدا زیانى بەرکەوت، بڕیارە ساڵى 2026 بە رووى سەردانیکاراندا بکرێتەوە.

مۆزەخانەکە ماوەی سێ ساڵ لەژێر دەستی داعشدا بوو، لە کاتی کۆنترۆڵکردنەوەی شارەکە زیانی زۆری بەرکەوت.

ئەیوب زەنون، شارەزاى کولتوورە و لە شارەکە نیشتەجێیە، دەڵێت: "پڕۆژەکە لە چەندین قۆناخ پێکدێت، یەکەمیان نۆژەنکردنەوەى ئەو پارچانەیە کە دۆزراونەتەوە، سەرەڕاى ئەوەى کە شکاون، هەوڵێکى زۆر هەیە بۆ لێکدانەوەى ئەو پارچانە و نۆژەنکردنەوەى ئەم مۆزەخانەیە."

لە سەردەمى دەسەڵاتى داعش لەنێوان ساڵانى 2014 بۆ 2017 لە موسڵ بەشێک لە پارچە شوێنەوارەکانى مۆزەخانەکە شکێندران و بەشێکى دیکەیان تاڵان کران.

ئاریان تۆماس، بەڕێوەبەرى شوێنەوارى خۆرهەڵات لە مۆزەخانەى لۆڤەر دەڵێت: "لە نۆژەنکردنەوەى پارچە شوێنەوارەکاندا بەشدارین کە تووشی زیانى زۆر بوون بەتایبەت شوێنەوارە ئاشوورییەکان، بەهۆى بۆردوومانکردن و تەقەلێکردنیان ئەوە جگە لەو پارچانەى کە براون، ئەم پرۆسەى نۆژەنکردنەوەیە زۆر قورسە لەبەر ئەوەى شوێنەوارەکان خاپوورکراون."

زۆربەى پارچە شوێنەوارەکانى مۆزەخانەى شارستانیی موسڵ دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمى بابلی و سۆمەرى و ئاشوورییەکان، بەشێک لە پارچە شوێنەوارەکان بە قاچاخ براونەتە وڵاتانى دیکە.

لە پێنج ساڵى رابردوودا 3,817 پارچە شوێنەواری مێژوویی نەینەوا گەڕێندراونەتەوە کە لە سەردەمى داعش برابوونە دەرەوە.

محەممەد زەکەریا، راوێژکارى رۆژنامەڤانیى وەزیرى رۆشنبیریی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، هەنگاوى جیدی هەیە بۆ گەڕاندنەوەى ئەو پارچە شوێنەوارانە لەو وڵاتانەوە بۆ ئەوەى لە مۆزەخانەى موسڵ دابنرێن، "پشت بەخوا لەدواى نۆژەنکردنەوەى، پارچە شوێنەوارى گرنگ و بەنرخى لێ دەبێت کە بیرەوەری دێرینى موسڵییەکان دەپارێزێت."

بڕیارە لە نیوەى دووەمى ساڵى 2026 کارەکانی مۆزەخانەى شارستانیی موسڵ تەواو بن و دواتر مۆزەخانەکە بەڕووی سەردانیکاراندا بکرێتەوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif