عوسمان گوڵپی
-
وەبەر هێنان بە یەکێك لە پایەکانی گەشەی ئابوری هەر وڵاتێك دادەنرێت، بە تایبەت لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان لە کەرتی نیشتەجێبووندا بە جۆرێك پێشەنگی گرتوە کە کەرتەکانیتری بەتەواوی داپۆشیوە، لە بەرامبەر ئەمەشدا گەندەڵی لە گەشەیەکی بەردەوامدایە لەم کەرتە و لە دوو ڕووەوە بوەتە چەقی گەندەڵی، یەکەمیان وەك وێستگەی سپیکردنەوەی پارەی ڕەش، دوەمیشیان بەهەدەردانی زەوی گشتی بۆ بەرژەوەندی تایبەت
کاتێك دەڵێن وەبەرهێنان ڕاستەوخۆ وابەستەی وەبەرهێنە، کە لە ڕاستیدا هەرێمی کوردستان وەبەرهێنەکانی کەمن، چونە زۆرێك لەوانەی دەستیانداوەتە وەبەرهێنان وەبەرهێن نین بەڵکو دەڵاڵن و چاویان تەنها لەسەر زۆرترین قازانجە، لەم ڕوانگەیەوە دەکرێت بڵێین دوو جۆر وەبەرهێنمان هەن، کە کەێکیان وەربەرهێنن و بەبێ ئەوان گەشەی ئابوری دەوەستێت، لە بەرامبەردا ڕێژەیەك کەس خۆیان خزاندۆتە نێو ئەم کەرتەو ناویان لە خۆیان ناوە وەبەرهێن لە کاتێکدا ئەوان چەقی گەندەڵی و بەهەدەردانن و لە ئێستادا کاریان لەبەر دەڕوات، بەڵام پێویستە ئەمانە بناسرێنەوە و لەگەڵ هەر گۆڕانکاریەکدا و نەمانی دەسەڵاتی پشتەوەیان دادگایی بکرێن و تەواوی ئەو ماڵ و موڵکەی خۆیان و نزیکەکانیان پێکەوەیان ناوە بگەڕێتەوە بۆ موڵکی گشتی و باقی تەمەنیان لە زیندان بەڕێ بکەن.
لە ئەگەری هەر گۆڕانکاریەکدا پێویستە خۆیان و سەرمایەکانیان پارێزراوبن، چونکە دروستبونی بۆشایی وەبەرهێنەرانی لەم جۆرە بە ئاسانی پڕناکرێتەوە
یەکەم/ وەبەرهێنی پارێزراو، ئەو وەبەرهێنانەن کە بۆ خۆیان چەقی سەرمایە و سەرمایەگوزارین و بەشێکن لەو سیستمە ئابوریە دروستەی کە هەیە، دەتوانن لە سود لە عەقڵەکان وەرگرن و هاوشان سەرمایەکانیان بخەنە گەڕ و بیکەنە وەبەرهێنان، ئەمانە زۆر جار زەوییە بێ بەهاکان دەگۆڕن بۆ زەوی بەهادار و ناوچە فەرامۆشکراوەکان دەبوژێننەوە و بە کوالیتیەکی باڵا وەبەرهێنان دەکەن و هەر ئەمەش دەبێتە بەشێك لە پێشخستنی ناوچەکە و جوانی زیاتری ئەو ناوچەیە، ئەم وەبەرهێنانەرانە بەتەنیشت ئەوەی کە چاویان لە قازانجە دەتوانن ببنە بەشێك لەو گەشە ئابوریەی کە دەکرێت ناوچەیەك لە ناوچەیەکیتر جیا بکاتەوە، ئەوە جگە لەوەی هەمیشە پشتیوانی کەرتی حکومی و خەڵکی بژێوی نزمی وڵاتەکەیانن و بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ سەرمایەکانیان دەکەن.
لە ئەگەری هەر فەوزا و گۆڕانکاریەکدا پێویستە ئەم جۆرە وەبەرهێنەرانە خۆیان و سەرمایەکانیان پارێزراوبن و چونکە دروستبونی بۆشایی وەبەرهێنەران و سەرمایەداران بە ئاسانی پڕناکرێتەوە و لێکەوتەکەی پآشەکشەی گەشەی ئابوریە، لەمەشدا هوشیاری خەڵك دەبێتە پارێزەر
دووەم/ وەبەرهێنی دادگایی کراو
چەند قەبارەی گەندەڵی لە وڵاتێکدا زیاتر پەرە بسێنێت، بەو ئەندازەیەش وەبەرهێنی ساختە و بوکەڵەی ئابوری زۆرتر دەبن، بە جۆرێك دەبنە دیاردە، ئەم جۆرە وەبەرهێنە نە سەرمایەی عەقڵی و نەسەرمایەی ئابوریان لە ئاست وەبەرهێناندا نیە، بەڵکو ئەمانە نزیکیان لە بەرپرسانی سەربازی و حکومیەوە وایکردوە دەستیان بگاتە سەرمایەیەکی ڕەش بۆ سپیکردنەوەی، ئەمەش دەبێتە خراپترین جۆری گەندەڵی، چونکە ئەوانەی وەبەرهێنن نین و بەشێکن لە گەندەڵی و چاویان تەنها لە زۆرترین قازانجە، لێکەوتەی ئەمەش زەوتکردن و تاڵانکردنی زەویە گرانبەهاکانە بۆ کردنیان بە یەکەی نیشتەجێکردن و لە ڕێگەی بەرپرسی باڵای سەربازی و حکومی و حیزبیەوە، ڕاستە خودی بەرپرسەکان بۆ خۆیان نابنە واجیهە بەڵام لە ڕێگەی نوسینگەکانیانەوە یان دەڵاڵەکانیانەوە دەبنە سودمەندی یەکەمی زۆرترین قازانج و سپیکردنەوەی پارەی ڕەش و دزراوی خەڵك و ئەم جۆرە وەبەرهێنەرانە هیچ جۆرە سودێکیان نە بۆ خەلکی هەژار هەیە و نە بۆ خزمەتی گشتی،
ڕاپەڕینی جەماوەری بەرلە دادگاو یاسا بوکەڵەکانی وەبەرهێنان و بەرپرسە حیزبی و حکومیەکانی پشتیان سزادەدات و ناگەنە دادگاییکردن
هەربۆیە پێویستە کاتێك گۆڕانکاریەك ڕوو دەدات، ئەم جۆرە وەبەرهێنەرانە دادگایی بکرێن و سزای خۆیان وەرگرن و تەواوی موڵکو ماڵەکانیان بگەڕێتەوە بۆ موڵکی گشتی و لەمەدا خەڵك ڕۆڵی گەورەی هەیە و نابێت بوکەڵەکانی وەبەرهێنان لە سزای خەڵک ڕزگاریان ببێ، هەندێك جاریش ڕاپەڕینی جەماوەری بەرلە دادگاو یاسا بوکەڵەکانی وەبەرهێنان و بەرپرسە حیزبی و حکومیەکانی پشتیان سزادەدات و ناگەنە دادگاییکردن گەر لە باشترین حاڵەتدا ڕایان نەکردبێ، ئەمەش خراپترین ڕێگای سزادانە.
لە کۆتایدا هەرێمی کوردستان پڕە لە دەڵاڵی وەبەرهێنان و تەنها بەتەماشاکردنی پرۆژەکانیان تێدەگەیت چ زیانێکیان لە گیرفانی خەڵك و موڵکی گشتی و گەشەی ئابوری گەیاندوە، بە پرۆژەی پاتاڵ.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق