جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان لەسەر پرسی هەڵبژاردن ئیجابی بووە و تەنیا خاڵی ناکۆک لەسەر کورسیی کۆتاکانە کە ئەوانەش قابیلی چارەسەرکردنن و گەشبینین".
رۆژی یەکشەممە، 07-05-2023، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مارک برایسن ریچاردسن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کۆبووەوە. بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان؛ لەبارەی کێشە نێوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان کردووە کە ئێستا بە ئاراستەی هێوربوونەوە و چارەسەرکردنی کێشەکان هەندێک هەوڵ هەیە و دەڵێت: "هیوامان هەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا بتوانین بەسەر بەشێکی زۆری کێشەکاندا زاڵ ببین."
قوباد تاڵەبانی لەبارەی کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان لەسەر پرسی هەڵبژاردن دەڵێت: "لە ماوەی رابردوودا کۆبوونەوەکان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان لەسەر پرسی هەڵبژاردن ئیجابی بووە و تەنیا هەندێک خاڵی ناکۆک لەسەر کورسیی کۆتاکان ماوە کە ئەوانیش قابیلی چارەسەرکردنن و گەشبینین لە ماوەی نزیکی داهاتوودا رێککەوتنی کۆتایی بکرێت."
دوایین کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی لە ئاستی بەش و دەزگای هەڵبژاردن، رۆژی 5ـی نیسان بەڕێوەچوو و تێیدا شاندی یونامی بەشداریکرد و بڕیاریدا پێشنیازی خۆی لەبارەی شێوازی بەشداریی پێکهاتەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بداتە یەکێتی و پارتی.
رۆژی 9ـی نیسان یوونامی، دوو پێشنیازی ئاراستەی یەکێتی و پارتی کرد، یەکەم، پێکهاتەکان بە یەک بازنە بەشداریی هەڵبژاردن بکەن، دووەم، ئەگەر بە یەک بازنە بەشداری ناکەن، دوو کورسیی پێکهاتەکان بۆ سلێمانی بێت، کە یەکێک بۆ کریستیانەکان و یەکێک بۆ تورکمانەکان بێت.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردسیان داوا دەکات پێكهاتەکان بە فرەبازنەیی بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن و لە 11 کورسییەکەیان چواریان بۆ پارێزگای سلێمانی بێت (دوو بۆ تورکمان و دوو بۆ کریستیانەکان). پارتی دیموکراتی کوردستانیش دەڵێت: "رێز لە رای پێکهاتەکان دەگرین و با خۆیان بڕیار لەبارەی بەشدارییان لە هەڵبژاردن بدەن."
بڕیاربوو رۆژی 01-10-2022 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بکرێت، بەڵام ناکۆکیی سیاسیی نێوان لایەنەکان لەسەر یاسای هەڵبژاردن، پێکهاتەی کۆمیسیۆن و شێوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە لەنێوان یەک بازنەیی و فرەبازنەیی، بوونە هۆکاری دواکەوتنی هەڵبژاردن.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە رۆژی 18-11-2023ـی وەکو وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد، بەڵام بەرلەوەی هەڵبژاردن بکرێت، یاسای هەڵبژاردن پێویستی بە هەموارکردنەوەیە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنیش بە کاراکردنەوەیە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق