فەرەنسا 63 کۆچبەر لە نۆکەندی ئینگلیز لە خنکان رزگار دەکات

ليست هناك تعليقات


تیمەکانی فریاگوزاریی دەریایی فەرەنسا 63 کۆچبەریان لە نۆکەندی ئینگلیز رزگارکرد کە هەوڵیان دەدا لە ناوچەی کالێ ـوە بپەڕنەوە بەریتانیا.

حکومەتی فەرەنسا رایگەیاند، شەوی شەممە ناوەندی فریاگوزاریی نۆکەند لە فەرەنسا دەستیان بە دوو ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی کۆچبەران لە سنوورە ئاوییەکانی ناوچەی کالێ کردووە.

46 کەس لە کۆچبەرەکان لەلایەن کەشتییەکی کۆمەڵگەی نیشتمانیی فریاگوزاری دەریایی فەرەنساوە رزگارکراون کە لە بەلەمێکدا بوون و بزووێنەرەکەی لەکارکەوتووە؛ 17 کۆچبەرەکەی دیکەشیان دوای شکانی بەلەمەکەیان رزگارکردووە.

ئۆپەراسیۆنی گەڕانەکان چەند رۆژێک دێت لە سزادانی 5 ئەفسەری دەریایی فەرەنسا، بە تۆمەتی خەمساردی لە رزگارکردنی 27 کۆچبەر بەهۆی نقومبوونی بەلەمەکەیانەوە لە نۆکەندەکەدا لە ساڵی 2021 کە بووە هۆی خنکانی کۆچبەرەکان.

سێ لە ئەفسەرەکان ژنن و دووانەکەی دیکەش پیاون.

تۆمەتی ئەوە دەدرێتە پاڵ بەرپرسانی ناوەندی فریاگوزاریی ئاویی فەرەنسا، لەو شەوەدا کە ئەو 27 کۆچبەرە خنکاون، زیاتر لە 15 جار لە نوقمبوونی ئەو بەلەمە ئاگادارکراونەتەوە، بەڵام بە دەم کۆچبەرەکانەوە نەچوون.

لە ساڵی 2022ـدا 46 هەزار پەناخواز توانیویانە بەو نۆکەندەدا بگەنە بەریتانیا و داوای مافی پەنابەری بکەن، کە زۆرینەیان هاونیشتمانی رۆژهەڵاتی کوردستان، هاووڵاتی ئێرانی، ئەفغانستانی و ئەلبانی بوون. هەمان ساڵ نزیکەی 8000 کۆچبەر لەو رێڕەوە ئاوییەی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا لە مردن رزگارکراون.

لە ساڵی 2021ـدا 28 هەزار و 526 پەناخواز بە نۆکەندی ئینگلیزدا و بەبەکارهێنانی 1034 بەلەم خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا، هەربۆیە ئاداری ئەمساڵ ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا رێککەوتنێکیان بۆ رێگریکردن لە چوونی کۆچبەران بۆ بەریتانیا بە نۆکەندی ئینگلیزدا کرد.

بەگوێرەی رێککەوتنەکە، فەرەنسا دەبێت رێگە لە پەڕینەوەی کۆچبەران لە فەرەنساوە بۆ بەریتانیا بگرێت. لە بەرامبەریشدا لەندەن بۆ سێ ساڵ 575 ملیۆن دۆلار دەداتە پاریس؛ لەکاتێکدا لە 10 ساڵی رابردوودا تەنیا 361 ملیۆن دۆلاری پەیوەست بە رێگەگرتنی کۆچبەرانی پێ دابوو

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif