وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "لەگەڵ عێراق رێککەوتین بەپێی رێژەی بەرهەم و لە رێگەی فەرمانگەکانی کشتوکاڵ سەرجەم بەرهەمی گەنمی جووتیاران وەربگرین."
درەنگی شەوی 28-05-2023 شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵ کە پێکهاتبوون لە زیدا محهممهد، بهڕێوهبهری گشتیی پلاندانان و رزگار حەمە خدر، راوێژکار لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان گەیشتنە بەغدا بۆ ئەوەی پەیامی وەزارەتی کشتوکاڵ لەبارەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بە بەغدا بگەیێنین و بەشداری لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراقدا بکەن.
دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق؛ بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان گوتی: بڕیاردراوە هەر جووتیارێک چەند بەرهەمی گەنمی هەبوو، لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقەوە وەربگیرێت، واتا هیچ بڕێک دیارینەکراوە و سەرجەم بەرهەمی گەنمی جووتیاران وەردەگیرێت."
وەزارەتی کشتوکاڵی عێڕاق بڕیاریدابوو بۆ ئەمساڵ تەنیا 375 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، کە هەر تۆنێک بە 850 هەزار دینارە، لەکاتێکدا هەموو گەنمی جووتیارانی عێراق وەردەگرێت، ئەوەش ناڕەزایەتیی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە.
یەکێکی دیکە لەو بابەتانەی کە شاندی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لە عێراق گفتوگۆی لەبارەوە کردووە، رێگریکردنە لە هەناردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ نێوەڕاست و خوارووی عێراق بڕیارە لەوبارەوە داوا لە عێراق بکەن سنوورەکان بۆ جووتیاران بکەنەوە بۆ ئەوەی بەرهەمەکانیان ساخ بکەنەوە.
بێگەرد تاڵەبانی گوتی: "رێگاکانی ناوەڕواست و خوارووی عێڕاق بۆ بازاڕەکانی بەرهەمی ناوخۆیی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە و دەتوانن بەرهەمەکانیان لەوێش ساخ بکەنەوە."
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق