ئەردۆغان: مانگی 10 و 11 دەست بە دابەشکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون دەکەین

ليست هناك تعليقات


رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور بۆ هەمان پۆست، بانگەشەی گەڕی دووەمی لە ناوچەی بوومەلەرزەلێدراو دەستپێکرد. 

ئەردۆغان رۆژی یەکشەممە 21-5-2023 لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا لە پارێزگای دیلۆکی باکووری کوردستان گوتاری پێشکێشکرد و باسی لەوە کرد، رۆژی شەممە سەردانی پارێزگای سەمسوور و رۆژی یەکشەممەش هەریەک لە پارێزگاکانی هاتای و دیلۆکی بەسەرکردووەتەوە. 

ئەردۆغان: متمانەم بە گازی عەنتاب هەیە

ئەردۆغان کە خۆی و پارتەکەی لە گەڕی یەکەمدا لە دیلۆک دەنگی زۆرینەیان بردەوە، ئەمجارەش داوای پشتیوانی لە دیلۆکییەکان کرد و گوتی: "من باوەڕ بە گازی عەنتاب دەکەم و متمانەی تەواوم بە گەنجان، ژنان و رێکخستنەکانی ئاکپارتی هەیە. ئێوە دەزانن هەر لە ساتی روودانی بوومەلەرزەکەوە دەوڵەت و گەل بەیەکەوە تەواوی تواناکانمان خستەگەڕ. تیمەکانی گەڕان و رزگارکردنمان ناردە ناوچەکە، هەروەها پۆشاک، خۆراک و هاوکارییەکان و دابینکردنی شوێنی مانەوە بە باشی راپەڕێندرا." 

ئەردۆغان: مانگی 10 و 11 دەست بە دابەشکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون دەکەین

سەرۆککۆماری تورکیا باسی لەوە کرد، وەنەبێ ئەوان تەنیا چارەسەری کاتیی بۆ ناوچەی بوومەلەرزەلێدراو بکەن، بەڵکو شار و شارۆچکەکانیان سەرلەنوێ بنیاتناوەتەوە و ئەو باڵەخانانەیان رووخاندووە کە مەترسییان لەسەر بووە و پرۆسەکەش بەردەوامدەبێت. 

ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد، رۆژانی جەژن بەشێک لەو خانووانەیان رادەستی زیانبەرکەوتووان کردەوە. هەروەها رایگەیاند، لە مانگەکانی تشرینی یەکەم و تشرینی دووەمی ئەمساڵدا دەست بە رادەستکردنی کلیلی خانووە تازە تەواوکراوەکان دەکەن. "ئامانجمان دروستکردنی 650 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونە کە لە ماوەی ساڵێکدا 319 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بە تەواوی ژێرخان و پێویستییە کۆمەڵایەتییەکانییەوە تەواوبکەین و شارەکانمان بە خێرایی دووبارە ئاوەدان بکەینەوە." 

ئەردۆغان: لە وەبەرهێنان، خستنەسەر کار و هەناردە پشتیوانی گازی عەنتاب دەکەین

رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند، سەرەڕای نالەباری کەشوهەوا لە کاتی بوومەلەرزەکەی شوباتی ئەمساڵدا، دیسانەوە دەوڵەت پێداگر بوو لەسەر ئەوەی تەواوی توانای خۆی بۆ هاوکاریکردن و رزگارکردنی خەڵک بخاتەگەڕ. گوتیشی: "ئەمەش مایەی دڵخۆشییە کە غازی عەنتاب یەکێکە لەو شارانەی بە کەمترین ماوە خۆی کۆکردەوە. چونکە بەبێ بوونی وەبەرهێنان، بەرهەمهێنان و هەناردە ناتوانین هاوکاریی زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزە بکەین. هەروەک چۆن تا ئەمڕۆ هەر وامانکردووە، کە لەمەودواش بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی غازی عەنتاب دەکەین لە هەنگاوەکانی تایبەت بە وەبەرهێنان، خستنەسەر کار و هەناردە." 

ئەردۆغان هەروەها بەڵێنی بە خەڵکی دیلۆک دا کە هەوڵی تەواو دەدەن تا هێڵی شەمەندەفەری خێرا بگەیەننە شارەکە. هاوکات باسی لەو نەخۆشخانانەس کرد کە لە شارەکەدا دروستیانکردووە. هەروەها سوپاسی خەڵکی دیلۆکی کرد بۆ ئەو پشتیوانییەیان 

ئەردۆغان گوتی: "بۆ پشتیوانیتان بە رێژەی نزیکەی 60٪ و 9 پەرلەمانتار سوپاستان دەکەم. بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی سەرۆکایەتیی کۆمار وابزانم ئەمجارە 60٪ نا! پەنا بەخوا 70٪ دەبێت. ئەوە هەڵبژاردنەکە کەوتە گەڕی دووەم، پەنا بەخوا چاوەڕێ دەکەم 28ی مانگ بێ هیچ دوودڵییەک بڕۆنە سەر سندووقەکانی دەنگدان. رکابەری راستەقینەی ئێمە سەرۆکی گشتیی جەهەپە نییە، بەڵکو بێ خەمبوون و مەستیی سەرکەوتنە. پەنا بەخوا لە هەڵبژاردنی یەکشەممەدا بێ هیچ شلگیرییەک، هەموومان بەیەکەوە سەرکەوتن دەگرینە باوەش." 

ئەربەکان: گازی عەنتاب جارێکی دیکە پشتیوانی لە ئەردۆغان دەکات 

فاتیح ئەربەکان، سەرۆکی گشتی پارتی یەنیدەن رەفاهـ کە لە نێو هاوپەیمانیی جمهوورە و لە هەڵبژاردنەکەی 14-5-2023 توانی 5 کورسیی پەرلەمان بۆ پارتەکەی مسۆگەر بکات، لە کۆبوونەوە جەماوەرییەکەی دیلۆکدا گوتارێکی پێشکێشکرد و گوتی: "خەڵکی غازی عەنتاب لە هەڵبژاردندا ئەوەی شایستەی بوو ئەنجامیدا؛ پشتیوانیی سەرۆککۆماری کرد و لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیشدا بە هەمان شێوە. غازی عەنتاب رۆژی 14ی ئایار رێگەی بە پشتیوانانی تیرۆر و LGBT و هێزە دەرەکییەکان نەدا." 

فاتیح ئەربەکان هەروەها رایگەیاند، رۆژی 28ی ئایار جارێکی دیکە دیلۆک پشتیوانی لە ئەردۆغان دەکات و سەرکەوتن بۆ هاوپەیمانیی جمهوور دەبێت.

لە گەڕی یەکەمدا رەجەب تەیب ئەردۆغان، 59.7٪ی دەنگەکانی دیلۆکی بردەوە. هەروەها کەمال کڵچدارئۆغڵو، بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت 34.6ی دەنگەکانی بردەوە. هەروەها لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا لە دیلۆک، هاوپەیمانیی جمهوور 9 کورسی، هاوپەیمانیی میللەت 4 کورسی و یەسەپە کورسییەکیان بردەوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif